سەردێڕ:

گۆڕان و چاوەڕوانی

5/9/2020 11:05:16 PM
4652 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+ -

پاش دانبەخۆداگرتن و پشتیوانییەکی زۆری بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتەوایی و ھێمنی پرۆسەی سیاسی و یەکگرتوویی ھەرێمی کوردستان، وەک ھێزیکی کاریگەری سیاسی ناوچەکە، کەوتۆتە دۆخێکی ئاڵۆز و ھەڵواسراوەوە لە ئاڕاستەی کار و بڕیاری سیاسییدا، بێگومان گۆڕان وەک دەنگ، ڕوونکردنەوەو پەیامی دیار و ئاشکرای ھەیە و ئاڕاستەکانی ڕوونن، بەڵام سستی لە کرداری بەرجەستە و ھەنگاوی مەیدانیدا دەبینرێ، جگە لە پەرچەکرداری بچوک و ناوەندگیر، ھیچی تری بە ئاشکرا و بڕیاردەر لێنابینرێ، وەک جوڵاندنەوەیەکی تایبەت لە ناو خەڵکی کوردستاندا.

لەم سەرنجەوە کە سەرچاوەی تێگەیشتنی زەمەنێکە لە کارکردن، دەبێت میکانیزمی کارکردن و سیستەمی جوڵاندەوە و جۆری داکۆکیەکانی بزوتنەوەکە بگۆڕدرێت، خۆی بکاتەوە بە زەروورەتی کارکردن بۆ گۆڕەپانی سیاسی و حیزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەر وەک چۆن ئەو پێویستییە لە سەرەتادا دروستیکردبوو، نەک وەک شێوە پاشگرێکی ئێستا لە سیمای دەسەڵاتەوە بۆ تەواوکاری ویستی پارسەنگ پێناسە و پیشانی خەڵکی کوردستان بدرێ و کاری لەگەڵ بکرێ.

ئەگەری ھەمە جۆر و چەشنەی دەستی سیناریۆیەکانی ''یەکگرتوویی، ھاوبەشی، ھاوڕێگایی، ھتد..'' کار و پرۆژە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی مەرامی حیزب بۆ حوکومەت و خەڵکەکەی وەڵامبدرێتەوە.

بێگومان سیاسەت و ویستی بەڕێوەبردنی ھەردوو زلپارتی ھەرێمی کوردستان لای ھەمووان ئاشکرا و ناسراوە، کە چی و چۆن خواستێک کاردەکەن، جوڵە و ئامانجەکانیان لای ھەمووان ڕوونە بە تایبەت بەرامبەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمەش پرسێکە لە دەرەوەی بەرنامەیکار و خواستی گۆڕانخوازان و بزووتنەوەی گۆڕان، واتە چاوی قوتدان و پارچەبوونی بزوتنەوەکە لە تێکەڵبوونی ناچاری و ویستەوە نەکەنە کەرەستەی نوقم بوون و توانەوەی گۆڕان و لایەنگیری سیاسی.

بێگومان خۆڕسکی گۆڕانخوازان و بزوتنەوەی گۆڕانە کە بە ھیچ جۆرە تەڵە و فێڵە بادانێک ناتوانرێت ڕووی بپێچرێت لەو جۆرە بەرژەوەندییە تەسکانەوە، بۆ دەستکەوتی مانەوەی جەمسەر و قازانجکاری، ھاوشێوەی کار و پرۆژەکانی ڕابردووی ئەوان، کە ھۆکاری دروستبوونی ئەم دۆخە ناھەموارەن بۆ ھەمووان.

ئەوان بە زەمەنی تێپەڕیوی سیاسی و ململانێی کرداری ئەم دۆخەیان دروستکردووە و کردویانەتە دیوارێکی ھەڵچنیو بە ڕووی خەڵکی کوردستاندا کە ئێستا ئێمەی گۆڕان و زۆرینەی خەڵکی ھەرێمیش ڕەتی دەکەینەوە و بڕواشمان وایە دیوارێکی تۆکمە و بەھێز نییە بۆ خزمەتکردنی خەڵکەکەی.

لێرەدا باشترە بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونتر و جەسوورتر داکۆکی لە مافی گەلی خۆی بکات و نەھێڵێت ئەو نییەتپاکییەی لەوە زیاتر لە شوێنی تردا بەکاربھێنرێت، وەک دژ و نەیار بەکارببرێت و ویستە خزمەتگوزاری و پرۆژەکانی گۆڕان پشتگوێ نەخرێ بۆ مەرامی تایبەتی و سەرکەوتنی سیاسی و دەستکەوتی کەسی.

ڕێککەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکرات بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەم وا نزیکدەبێتەوە لە ساڵێک، ھێشتا گۆڕان لە دەرەوەی پرۆسەی حوکومدارییەکەدا چاوەڕوانە، بێگومان ئەمە جۆرێکە لە نابەجێیەتی و جێبەجێنەکردنی بەرپرسیارێتی ڕێککەوتن و گوێنەگرتن لە خواستی گشتی ئەو تەبایی و پێکەوە کارکردنەیە کە لەسەری کۆک بوون، کە بەداخەوە ئەم جۆرە کردارانە پرسیاری زۆر ھەڵدەگرێ، دەگەینە جۆرێک لە بێ متمانیی و بێ بڕوایی و نزیکبوونەوە، کە تێیدا بە نەرمی ھەڵوێستی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و سەر کزگرتنی بە ڕازیبوون دەشکێتەوە، کە بەدڵنیایی باجەکەشی لەسەرمان وەک گۆڕانخوازان و دەنگدەرانمان قورس و بارگاوی دەبێت.

گۆڕان دەبێت ئەم جۆرە لە بێ متمانیی و بەکارھێنانی ئاوەزی پوچڵکردنەوەی گفت و بڕیاری ڕێککەوتنامە و پەیمانەکانیان ڕوونبکاتەوە و ھەڵبسەنگێنێت و بگات بە یەقین و بڕیاریان لەسەر بدات، ئایا بە ھەموو بەرکەوتەو مافەکانییەوە بەشداری ڕاستەقینەی حوکومەت دەبێت و ڕۆڵی خۆی دەبینێت وەک ھێزێکی کاریگەر یان بە پێچەوانەوە دەبێت بکشێتەوە لەم ڕێککەوتن و نیەتی پرۆژە خزمەتگوزارییە بەناو ھاوبەشەی، کە تێیدا بەس ناومان بۆتە دەنگۆ و دەنگمان وەک بڕیار بزرە وەک ھاوبەشێک کە ناومان دێت.

نزیکبونەوە و ساغبونەوە لە خاڵی کۆتایی و دوا بڕیاری ڕاشکاوانەی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستکراوەیی بەبێ دوو دڵی گۆڕان دەخاتە قۆناغێکی نوێوە و نیەتپاکی و ئارامگیر و دڵسۆزیشی دەداتەوە بە گوێی تەواوی خەڵکی کوردستاندا کە ئەوەی دەبوو بیکەین کردمان، ئیتر ڕێگەکەمان دەگۆڕین.

گەرنا بەم شێوازە گۆڕان و گۆڕانخوازان و بەشێکی زۆر لە ئومێدی خەڵکی کوردستان، دەبنە قوربانی سیاسەتی خۆژیرکردنی دەسەڵاتی سیاسی و بێدەنگبوونی گۆڕان لە خواستەکانیان ، ئەوسا لە ویست و ئامانجی دەستکراوەیی دەسەڵاتی زۆرینەی سەر حوکم و بڕیارەکانی کە بۆمان دەبنە ئەگەر و کاری نەکردە، بەناچاری بێ ویستی یٔێمەی گۆڕانخوازان دەسەپێن و لە ئاستیشیاندا بە ناچاری بێدەنگ دەبین.

ئەوسا بزوتنەوەی گۆڕان ناچار و مەحکوم دەبێت، خەباتی سیاسی خۆی چڕتر بکاتەوە و خۆی بۆ جۆرێکی فراوانتر لە مۆدێلی سیاسی کراوەی نوێ بەگەڕ بخا و دەستی گۆڕانخوازانیش واڵاتر و کراوەتر بکات، تا بەرنامە داڕێژی وردتر بکەن بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم دۆخە ناڕوون و سەپاوە، کە بژاردەکانی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوونتر بونەتەوە بۆ کارکردن.