سەردێڕ:

پڕۆسەی سەرشۆڕکردن

2/17/2020 11:18:53 AM
5642 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+ -

بە بێدەنگی نانی بەیانیم خوارد و بە خاوەخاوییەک خۆمگۆڕی و بە ھێواشی بە قەراغی شۆستەکەدا چوومە سەر شەقامە سەرەکییەکەی بەردەم ماڵمان، دەستم لە تەکسییەک راگرت و رۆژباشم لە شۆفێرەکەی کرد، وتم ئەرک نابێ تا سەھۆڵەکە « شەقامی سالم »م بەری، وتی: فەرموو.

رادیۆکەی بە کزی لەسەر بەرنامەیەکی دینی ئیشیدەکرد، بە کپییەکی سەیرەوە شۆفێری دەکرد و سەری بەسەر سوکانەکەوە متکردبوو. تا گەیشتمەجێ ھیچی نەوت، ئەوە یەکەم جاربوو شۆفێرێکی ئەوھا بێدەنگ ببینم، ھەر گوێی لەسەر بڵندگۆی رادیۆکە بوو وا ھەستم دەکرد کە تەنھابێت!

دابەزیم و لەبەری شەقامەکەوە پەڕیمەوە ئەوبەر دوکانەکان، مێز و عەرەبانەکان خەریکی خواردن ئامادەکردنبوون ھەموویان سەریان شۆڕکردبووە و شتیان ئامادەدەکرد ئاگایان لە ھیچ نەبوو ھەریەکە و بەشتێکەوە سەرقاڵبوون، ھیچیان نەدەبیست.

چاوم دەگێڕا بۆ ھاوڕێیەکم تاک و کۆ بە پیاسە خەڵک بە سەرکزی و مات و کپی ھەنگاوی بێ ئومێدییان دەنا. چاییخانە و قاوەخانەکان پڕبوون لە گەنج سەریان نەویکردبوو چا و قاوەیان بە جگەرە و نێرگەلە و گوڵەبەڕۆژەوە دەخواردەوە. سەیرە کەس سەر ھەڵنابڕێت سڵاوێکی لێبکەیت، بێ پارەیی قورتمی گرتوون.

کافتریاکان پڕن لەوانەی سەریان خستۆتە ناودەستیانەوە، بە مۆبایل و ئایپادەوە سەرقاڵی دوا ھەواڵی ڕزگاربوون و شەڕی پۆپجین و سەریش ھەڵنابڕن. ئەم سەر ھەڵنەبڕین و نەبینینە بێ ئاگاییەکی تەواوی دروستکردووە، بۆتە مۆتەکەی سەرشان و ھەمووانی خستووەتە دۆخی نامۆبوونێکی سەیرەوە، ئەمەش گشت شوێنە گشتی و ماڵەکانیشی گرتووەتەوە و خێزانیش بەرەو لێکترازان و دابڕان دەبات.

ئەمە بەرنامەیەکی ترسناکە بۆ کۆمەڵگا و پڕۆژەیەکی یەکانگیرە لە ھەنگاوی خۆژیرکردنەوە دەگوازرێتەوە بۆ خۆگیرکردن و بە دەستەمۆکردنی خەڵک کۆتایی پێدێت و ھەموو میللەتیش بە پڕۆسەی سەرشۆڕکردن و خۆ بەدەستەوەداندا دەبەنە بەر رۆحکێشان و جەستەی شەکەتی داگیردەکەن، دەستپێکی سڕینەوەی خۆیی بوونی ئێمەش دەستپێدەکات و ناشبینەوە بە خۆمان.