سەردێڕ:

​پشت دەسەڵات؟

11/19/2019 10:02:44 AM
2459 جار خوێندراوەتەوە
نەبەز جەلال
+ -

سیاسەتی بەردەوامی ڕاگیریکردن و بەرەوپێشچوونی ھێزو دەسەڵاتی میری لە بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا، بەپێی یاسا و ڕێسا ڕێکخراوە و بەرکارە، بنەماو دەستپێکی کاری بەڕێوەبردنی سیستمە کارگێڕیەکانە، بە سود و داھێنانی نوێی تەواوکاری و ھزری جیاوازی جۆریی و بەرھەمی پێکھاتەیی کۆمەڵگا کاری لەسەر دەکرێ و پێشدەخرێ بۆ بەرژەوەندی گشتی.

ووڵاتە نیمچە پێشکەوتوەکان یان ئەوانەی نیوە لە یاسای سەپاو و ھزری وابەستە بوونی دین، کلتور، خێڵ کۆکیکردوون و نەشئەی گەشەو ململانێ شوێن دەیانبات بەڕێوە، قەتیس ماوون لە نێوان کۆن و  نوێداو ویستی خۆ ساغکردنەوەیان نییە بۆ بەڕێوەبردن و بەگیرھاتوون و ناتوانن ووڵات بخەنە دۆخی پێشکەوتوو سەروەری تۆمار بکەن وەک ئەوان.!

گەر ئێستا لە بەشی سەرەوەی پایەو پێکھاتەی سەرانی دەسەڵاتی ھەرێمەوە، بڕوانینە ھێزی دەست و ئومێدی کار و کاریگەریەکانی گۆڕانکاری بۆ ووڵات؛ بەدەر لە چنینەوەی شکستی ساتێکی تێپەڕیوی کەمسودو خولاوە، دەبینە ھاوکار لە  پرۆسەی بچوککردنەوەی خەڵک و ھاوبەش لە تۆکمەکردنی کۆڵەکە چەقیوەکانی سەرانی سەپاوو خۆجێکەرەوەی دەسەڵات و ھیچی ترمان بەرھەم نەھێناوە، ھاوپشتی بونێکی ناڕاستەوخۆش بووین لە ئاڕاستەی نەغم و نەرمی نواندنی جوڵاندنەوەی زیاتری سەرە جوقاوەو خشۆکەکانی ئەمڕۆ و سبەینێی ئامادەکراوو ھاوردەی ناو حیزب و بنەماڵە بۆ پایەکانی سەرەوەی باڵاتر لە دەسەڵاتی باڵای حوکومەت.

ھەر بۆیە لەم دیدە وەستاوەوە ناتوانین چیدی خاڵ بخەینە سەر بەرەوپێشچوون و شکۆی دەسەڵات و تێکۆشانی بەرھەمە ئەرێنییەکانی گۆڕانکاری و، گەشبینیشبین بۆ بینین و گەیشتن بە ڕێژەی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی لە پرۆسەی بەڕێوەبردنداو دەستی واڵاو ڕاستەوخۆی میری بۆ ڕوونبێ خەڵک، بە پێچەوانەشەوە ھەموان دەبینە کەرەستەی ڕازیبوون و ھەوڵێکی ترسناک بۆ پرۆسەی دابڕان و بچوکردنەوەی گەل و دوورکەوتنەوەو دابڕان لە یەکتر.

گەر سەرنج بدەی شێوازو جۆری سەرکەوتن و بەرکەوتەی ئەم دواییەی پلەو پایەکانی حیزب و، ئاڵوگۆرییەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حوکومەت کە دۆخێکی نوێی باشتربوو بۆ کارکردن، ئەگەر و بەدگومانی زیاتری دروستبوونی ترسی کۆتا دۆخی پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی سەرانی بڕیار بەدەستی پێشوی حیزبەکانی خستۆتە بیرو خولیای حەزێکی نوێوە بۆ ھەوڵدان و دەستگەیشتن بەدوا کەرەستەو ئامرازەکانی دەستپێوەگرتن و خۆھێشتنەوە لە پلەو پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتداو ڕێگیریکردن لە بەرەوپێشچوون.!

گرفت و گرێ و گۆڵە سیاسی و یاساییەکانی ڕێگر لە بەرەو پێشچوونی ووڵات ھەمیشە دەیانباتەوە بەردەم ھەڵوێستەو تێگەیشتنی بەدو گۆشەگیری و پاشگەزبوونەوە لە دۆخی دڵنیای مانەوەو سەرکەوتن و بەردەوامی بازنە داخراوەکەی نایانەوێ خۆیانی لێدوربخەنەوە تا دەمرن،

گەر وردتر سەرنج بدەین یاسا دروستکراو و داتاشراوە تێپەڕیوەکانی ڕابوردووی بە قۆناغ، لە قۆناغی دەسەڵاتی سیاسی خۆیاندا بە باڵا دوورابوون، لەگەڵ ساتی تێپەڕین و کۆتای دەسەڵاتەکەدا دەبێتەوە بەگرفت و کێشەی ئاڵۆزی کوورت یان درێژ بۆ باڵای جێگرەوەی داھاتوو.!

گەر سەرنجێکی وردی گشت یاسا و پەیڕەوکانی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێمی کوردستان بدەین بە یاسای تیرۆریشەوە دەزانین کە کەموو کوڕیی و کەمتەخەمییەکانیان لە کوێدان و بۆچی وا بەقنجی داڕێژراون؛ لە پێناو ڕاگرتنی باڵانس و دەستکراوەی سەری گەورەی دەسەڵاتدا، تا تەواو پێکەوە کارکردنی جومگەیی بیانبەستێتەوە و دڵنیاببنەوە لە  لەدەست نەچوونی بازنەکانی دەسەڵات و قۆرغکردن و کڵۆمکردنی بازنە داخراوەکە.

قەڵافەتی قەبەو قورس و ناقۆڵای سیاسی بەشێک لەحیزبە چەقبەستوەکانی ھەرێم، بۆ ودووبارە زیندوکردنەوەی پاڵەوان و سیستمی کارایی خێڵ، ھۆکاری گەڕاندنەوەی سەرانی شکست و، دەروون ئاڵۆزبوون بۆ سەر شانۆی سیاسی و دەربازکردنی باری شەکەتی حیزب وپەردەپۆشکردنی بەردەوامی چەوتییەکانی فەرماندە و دەست بەرنەدانیانن لە بازنەکە.

ئەم جۆری دید و تێگەیشتنە گشتیەیی زۆرینەیە، سەرانی شکستخواردو لە خواستی دژ بە پێشکەوتن، بە ئاسانی دەستیان دەگاتەوە بەچاندنی تۆوی ئامانجێکی ئاڕاستەکراو لە نێوان حیزب و ویستدا بۆ خەڵک، پێویستی گەڕاندنەوەی سەرۆکیشیان وەک خواستێکی نیشتیمانی ناساغ بە ئومێد و خەونی تەواوکاری پرۆژەکانی سەرکەوتن و گەیشتن بە دوا قۆناغی باڵا دەردەخەن و، خۆیان لەلوتکەی مێژووی بونی خۆیاندا وەک پێویست و کارا دەبینەوە بۆ دەسەڵات و متمانەی زۆرینەش لە خۆیان دەسەپێنن.!

ئەوەش دوا پلان و ھەڵھێنجانی بیرکردنەوەی ساتەکانی شکستی سیاسی و پەردەپۆشکردنی چەوتییەکانی ڕابوردووی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنن، کەچاو و دڵی زۆرینەی لە گۆشە نیگای جیاوازەوە بۆ گەیشتن بە ویست بەلایخۆیدا ڕاکێشو ڕامکردووە، دەرفەت و ئەگەری بوونی مەرام و چانسێکیشە بۆ کۆتا قۆناغێکی گوازراوە لە گەمەی ملشکاندن و بەدکاری سیاسی لە بەردەوامی کۆڵدان و بردنەوە بۆ دەسپێکی قۆناغە پێشکەوتوەکەی بۆتە ئومێدێک بۆ دەسکەوت.

بەدڵنیایی ناچاری دەستگرتنیشمان بە خراپەی ھەندێک لە خراپەکارانەوە، ڕێگەنەدانی زیاتر و ڕێگریکردنە لە لاساری و سەرکێشی دەسەڵات و بەدکاری کردن و پەل نەکوتانە لە دروستکردنی دۆخی خراپتر لە خراپەکەی ئێستای  بۆتە ڕێگر لە بەردەم نوێبونەوەو پێشکەوتن، کە بە پێچەوانەی دەسەڵاتەوە ئەم دەستگرتن و غەمخۆریەشمان بۆتە چەکی بڕەڕو ھێزی دەستی دەسەڵاتدارانی نێو بازنەکە بەکارھێنانیان بۆ مانەوەو بەرگریکردن لە خۆیان و دەسەڵاتەکانیان تا دواساتی بۆگەنکردن، یان ڕزگارکردنێکی یەکجارەکی خەڵک و دروستکردنی دۆخێکی پێشکەوتووە بە ڕووی دەسەڵاتدا.