سەردێڕ:

جارێکی تر، بودجەی ھەرێم

1/25/2021 8:48:31 AM
3748 جار خوێندراوەتەوە
سەرکۆ یونس
+ -

لەدوای حەوت ساڵ حکومەتی ھەرێم، لەڕێگەی ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە، لەھەوڵی ئەوەدان بۆ ساڵی دارایی(٢٠٢١) پرۆژەیاسای بودجە، ئامادە بکات.

کۆتا پرۆژە یاسای بودجەی ھەرێم،ساڵی(٢٠١٣)بوو، بڕەکەی بەزیاتر لە (١٥) ترلیۆن دینار خەمڵێنرابوو، لەو ساڵە بەدواوە حکومەتی ھەرێم، نەیتوانیووە خاوەنی بودجەی ساڵانە بێت.

بــێ گومان ئەمەش بەھۆی چەندین کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابوری ودارایی و شەڕی داعش، کۆتا قەیرانیش سەرھەڵدانی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە بووە.

ھەرێم، جگە لە وەستان و راگرتنی بەشە بودجەی وەبەرھێنان، لە خەرجی بەگەڕدا (المێروفات التشغیلیە) نەیتوانیووە بەتەواوی مووچەی مووچەخۆران دابین بکات، لەساڵی (٢٠٢٠)دا تەنھا پێنج مووچەی دابەشکردووە، جگە لە لەیەک مانگ، چوار مووچەکەی تر بە لێبڕینەوە دابەشکراوە.

بودجە،ئاوێنەی رەنگدانەوەی سیاسەتی دارایی ھەر حکومەتێکە، لەماوەی ساڵێکدا، خەرجی و داھاتەکانی بەژمارە دیاری دەکرێن. قەبارەی بودجە، دەرخەری ئاستی پێشکەوتن وگەشەپێدانی ئابوری وڵاتە.

بودجەی گشتی، ئامڕازێکە بەدەست حکومەتەوە، تا لە رێگەیەوە ئامانجە، ئابوری و دارایی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بھێنێتە دی، بێ گومان لەژێر چاودێری پەرلەماندا.

حکومەتی ھەرێم، لەھەوڵدایە چ بەڕێکەوتن بێت لەگەڵ بەغدا، چ بەپشت بەستن بێت بەداھاتی نەوت وداھاتەکانی تری ناوخۆ و خاڵەسنورییەکان و ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان و ئەگەر بتوانێت قەرز بکات، ھەرچۆنێک بێت بۆ ئەم ساڵی دارایی خاوەنی بودجەی یاسایی خۆی بێت.ھەرچەندە کارێکی ھەروا ئاسان نییە و ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە.

لەلایەکی ترەوە، بەرزبونەوەی نرخی نەوت، یارمەتیدەرێکی راستەوخۆیە بۆ داھاتی ھەرێم، ھەرچەندە نرخی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم لەئاستی پێویستدا نییە، داھاتی نەوتی فرۆشراوی ھەرێم، بەڕێژەی کەمتر لە(٣٠%)دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، پێویستە چاکسازی لەم بوارە گرنگ و ستراتیژییەدا بکرێت.

باشترین بــژاردە، بۆ بودجەی ھەرێم، رێکەوتنە لەگەڵ بەغدا بەمەرجی دروست نەبوونی کێشە بۆ ئەوەی بتوانرێت ھەرێم، خاوەنی پرۆژەیاسای بودجە بێت.

 بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی(٢٠٢١)ماوەی مانگێکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانە، تا ئێستا خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بڕیارە لەمانگی شوباتدا پەسەند بکرێت و ببێت بەیاسا.

لەم پڕۆژەدا، پشکی ھەرێم بە(١٢.٦٧%)ی کۆی بودجەی گشتی دانراوە ولەگەڵ بەشەبودجەی پەرەپێدانی ھەرێم و پارێزگاکان بەمەرجی رادەستکردنی(٢٥٠)ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتی ناوخۆ ودەروازە سنورییە بازرگانییەکان.

وەفدی حکومی گەشتوەتە بەغدا، لەسەر پرسی بەشەبودجە و نەوتی ھەرێم گفتوگۆ دەکەن. بڕیاریشە وەفدی سیاسی ھەرێم، سەردانی بەغدا بکەن وکۆبونەوە و رێکەوتن لەگەڵ لایەنەسیاسییەکان بکرێت، تا لەپەرلەمانەوە ئاستەنگ وکێشەی بۆ دروست نەکرێت و پرۆژەکە چۆن ھاتووە ھەر بەوشێوەش ببێت بە یاسا.

گومانی تێدا نی یە، لەھەر حاڵەتێکدا بێت، پرۆژەی بودجەی ھەرێم پڕ کەموکورتی یە، بەپێ ی پێوەرە زانستییەکان ئامادەناکرێت، چ لەڕووی کاتەوە بێت یان لە رووی پێکھێنەرەکانی بودجەوە بێت، لە خەرجی و داھاتەکان.

لەلایەکی ترەوە، بەمەبەستی ئامادەکردنی بودجە، حکومەت بەبڕیار و رێنمایی دەستی کردوە بە سەپاندنی باجەکان و رێکخستنەوەیان، تا لەم رێگەیەوە بتوانرێت باجەکان ببنە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھاتەکان، لەناو بودجەی گشتیدا، کەبەداخەوە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەیە، ئەم سەرچاوە سەرەکییەی داھاتەکان گرنگی پێ نەدراوە.

ھەروەھا لەھەوڵی ئەوەدایە، داھاتی دەروازە سنورییەکان بەتەواوەتی کۆبکاتەوە.
ھەرچۆنێک بێت،ئەگەر توانرا ھەرێم، خاوەنی بودجەی (٢٠٢١) بێت ،ئەوا بودجەکە، سیفەتی کەمکردنەوە و سنوردارکردنی خەرجیەکان و زیادکردنی داھاتەکان لەخۆ دەگرێت، واتە بودجەیەکی تەقەشوفییە!

ئەوەی گرنگ وجێ ی بایەخە بەلای مووچەخۆرانەوە،نەمانی لێبڕین و دابەشکردنی مانگانەیە، بەبێ دواکەوتن.