سەردێڕ:

مافی تۆمەتبار لە ھەبوونی پارێزەر لە داوا سزاییەکان

5/11/2019 9:57:35 PM
2874 جار خوێندراوەتەوە
رێناس عالی مەلا
+ -

پارێزەر لە وڵاتانی دیموکراتی پێگەیەکە لە پێگەکانی دیموکراتی لەبەر ئەوەی بەرگری لە ئازادییە گشتیەکان و مافەگشتیەکان وەبەرگری لە یاسا و سەروەری یاسا دەکات کاتێک لە لایان دەسەلاتەوە پێشل ئەکرێت لە ماددەی ٦ یاسای ئەوروپی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و ئازادییە گشتیەکان ھاتووە (ھەموو تاوانبارێک مافی ئەوەی ھەیە کە خۆی بەرگری لەخۆی بکات یان داوای یارمەتی لە کەسێکی تربکات کە خۆی دەستنیشانی ئەکات وە ئەگەر کەمدرامەت بوو نەیتوانی ماندووبونی پارێزەرەکەی بدات، پێویستە یارمەتی بدرێت لەبەرئەوەی دادپەروەری وائەخوازێت) وە پرەنسیپی (مافی بەرگری مافێکی رەوایە) ھەر لە کۆنەوە کاری پێکراوە و شێوەی جیاجیای لە خۆوە گرتوە، یەکێک لە مافە سەرەکیەکانی تۆمەتبار لە یاسا سزایەکاندا، بریتیە لە مافی داکۆکیکردن لەخۆی(مافی بەرگریکردن) ئەمەش سەرەرای ئازادی تۆمەتبار لە پێشکەشکردنی وتەکانیدا، مافی دابینکردنی پارێزەریشی ھەیە، سەبارەت بەم مافەش بنەرەت ئەوەیە تۆمەتبار بە ئارەزووی خۆی پارێزەر بۆ خۆی دابینبکات بەلام ئەگەر  ھاتوو  تومەتبار توانای دارایی نەبوو یاخود بەھەر ھۆیەکی تر پارێزەری بۆ خۆی دابیننەکرد، ئەوە  پێویستە لەسەر دادگای سزایی پارێزەرێکی بۆ دابنێت.

 وە لە یاساکارپێکراوەکانی ھەرێمی کوردستان باس لەو مافە کراوە وە یاسای تایبەتمەند یاسای بنەماکانی دادگای سزایی ژمارە ٢٣ سالی ١٩٧١ و ھەموارەکانی و یاسای پارێزەریە، وەمافی دابینکردنی پارێزەر لە قۆناغی لێکۆلینەوە دەست پێدەکات تا دوا قۆناغی دادگایکردن و ریگای تانەکان. لەم بارەیەشەوە ماددەی ١٢٣ لە یاسای بنەماکانی دادگای سزایی کە بە یاسای ژمارە (٢٢ی سالی ٢٠٠٣) ھەموار کراوەتەوە و برگەی( ب )و (ج )ی بۆ زیادکراوە و تێیدا  پێویستی کردوە لەسەر دادوەری لێکۆلینەوە و لێکۆلەری دادی، بەر لە وەرگرتنی وتەی تۆمەتبار پرسیاری ئەوەی لێبکەن کە ئایا "ئارەزووی ئەوە دەکات پارێزەر بۆ خۆی دابنرێت؟"، خۆ ئەگەر ویستی ئەوەی نەبێت وتەی وەربگیرێت تا پارێزەر دەگرێت و  ئەگەر نەشی گرت ئەوە بۆ تاوانەکانی جۆری کەتن و گەورە کەتن، پێویستە دادگا پارێزەری بۆدابینبکات، بۆیە پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆلینەوە و لێکۆلەری دادی بەر لە وەرگرتنی وتەی تۆمەتبار تێیبگەیەنێت کە ئایا خۆی توانای بەرگری لە خۆی ھەیەو  راستەوخۆ وتەکانی ئەلێت بە دادگا یان ئەخوازێت پارێزەر بگرێت یان دادگا پارێزەری بۆ  دابینبکات؟.

لێرەدا ئەگەر خۆی پارێزەری نەبوو  یان پارێزەری نەگرت، ئەوە دادگا پارێزەری بۆ دابیندەکات و وە دانانی پارێزەر بە بریاری دادوەر دەبێت بریارەکە لەبری بریکارنامەیەبرگەی ڕ ماددەی ١٤٤.وە بە پێ ی ماددەی ٣٦ لە یاسای پارێزەری  ژمارە ١٧ی سالی ١٩٩٩ ھەموارکراو  کرێی ماندووبونی پارێزەری نابێت لە ٦٠٠٠٠ھەزار کەمتربێت و لە ١٢٠٠٠٠ زیاتربێت ئەمەش لەلایان دادگاوە دیاریدەکرێت لە خزێنەی دەولەت خەرج دەکرێت.

سالی ٢٠١١ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بریاری ژمارە(٢٤ی سالی ٢٠١١) دەرکرد کە لە یەکێک لە برگەکانی باس لە وە دەکات پێویستە پارێزەر بۆ تۆمەتباران دابینبکرێت. بۆ جێ بەجێ کردنی ئەم بریارە ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان رێنمایی ژمارە (٧٠)ی لە(١٣/٩/٢٠١٣) دەرکردو  لە برگەی (٧)ی رێنمایەکەدا ھاتووە ( پێویستە گشت تۆمەتبارێک لە قۆتاغی لێکۆلینەوە دا پارێزەری ھەبێت بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سەندیکای پارێزەران لیستێکی مانگانە پێشکەش بە دادگاکان لێکۆلینەوە بکات بە ناویان و ژمارەی مۆبایلەکانیان).

 لێرەدا دەردەکەوێت کە پێویستە ھەموو تۆمەتباران لە قۆناغەکانی لێکۆلینەوە و دادگایکردن پارێزەریان ھەبێت بەلام بەداخەوە یاساکە وەک خۆی جێ بەجێ ناکرێت بۆیە  ئەگەر دادوەر یاساجێبەجێنەکات و پارێزەران مافی یاسایی نەپارێزن ئیتر کێ دەیکات و یاسامان بۆ چییە؟.