سەردێڕ:

گیرفانی پڕ و دەستی بەتاڵ !

7/2/2020 9:26:17 PM
10270 جار خوێندراوەتەوە
مەریوان حەسەن
+ -

ھاوینی ڕابردوو مامەڵەیەکم لە یەکێک لە وەزارەتەکانی بەغدا ھەبوو، ئاسایی و یاسایی مامەڵەکەم گرفتێکی نەبوو، بەڵام بەھۆی گەندەڵی و بیرۆکراسیەتی ئیداریی و بەرتیل نەدان ڕایکردنی نەک ھەر گرفتی بۆ دروست بوو بوو، بەڵکو نوسراوەکەشم دووجار ونکرا، تا دواجار بە ھەوڵی چەند ھاوڕێ و دۆستێک مامەڵەکەم تەواوکرد.

من تا ئەوکات نەمئەزانی لە ناو وەزارەت و فەرمانگەکانی بەغدا دەیان کەس بەناوی کوردەوە لە پۆستەکانی بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەمیندار و بەش و شوێنی جۆراجۆردان کە تەنانەت میدیاش ناوی نەبیستوون، بەجۆرێک ناتوانن ھاوکاری ڕایکردنی مامەڵەی تەنھا ھاوڵاتیەکیش بکەن کە بەناوی ئەوەوە بووەتە خاوەنی پۆست و بە حساب نوێنەر، زۆربەشیان ھێندە ناکاران لە ناو فەرمانگە و شوێنی کارەکەشیان ناناسرێن یان کەس وەرەقەیان ناخوێنێتەوە، سەرەڕای پۆست و موچەی باڵا و  ئۆتۆمبێل و پاسەوان، بە بێدەنگی لە سێبەردا لە ناز و نیعمەتی خۆیان دەژین و بێ ئەوەی کەس باسیان بکات، تۆ کاتێک کەس نەتناسێ و نەزانێت کێیت، کێ داوای چالاکی و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانت لێدەکات؟ بۆ من سەیر نیە ئێستاش یەکێتی و پارتی داوای ٤٠٠ پۆست ئەکەن کە پشکی کوردە و ئەبێت پڕبکرێتەوە! چونکە ئەزانم ڕاستەیەکەی دۆزینەوەی ئیش و موچەی باڵایە بۆ ٤٠٠ کادیری حزبی خۆیان بەناوی کورد و نوێنەرایەتی کوردەوە.

ئەوەی ئێستا لە ناو حکومەتی نوێی عێراقیش بەشدارە و بە زمانی کوردی قسە دەکات و پۆستی ھەیە، جیاوازییەکەیان لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی پێشتر باسم کرد تەنھا ئەوەیە کە خەڵک و میدیاکان دەیانناسن، ئەگینا لە ئاستی منێکی ھاوڵاتی ( خەڵکی شیمالی عێراق) ھەمان ئەرک و وەزیفە جێبەجێ دەکەن، با وەزیر و گزیریش بن و پۆستی باڵایان ھەبێت، با وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە یان تەنانەت با سەرۆک کۆماریش بن.

لۆژیکی نوێنەرایەتیکردنی خەڵک چیە ؟ لۆژیکی بەشداریکردن لە حکومەت چیە؟  ساڵانی ڕابردوو بە درۆی خاک و پێشمەرگە خەڵکت چەواشەکردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی چەور، ئێستا چی؟ یەک بەرپرسی کورد ھەیە لە بەغدا بڵێت بەرامبەر چی چوونەتە سەر کورسی و پۆستە چەورەکانیان ؟ بە چ لۆژیکێک سادەترین مافی خەڵک کە موچەیە نەبێت وحزبەکانیشتان (یەکێتی و پارتی) خەڵکیان بە بارمتە گرتبێت تۆش بەرگی نوێنەرایەتی خەڵک لە بەغدا بپۆشی.

 ئێستا خەڵکی کوردستان لە کارمەندی ئەو بانکە ئەچن کە چەتەکان بە بارمتەیان دەگرن و برسی و تینویان دەکەن و کەسیش ئامادەنیە پارە بدات بە چەتەکان بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان، چەتەکانیش پارە  و قاسەکەشیان دزیوە و ھێشتا تێرناخۆن، ڕووقایمانەش چەند برادەرێکی خۆیان دەنێرنە بەغدا و شەڕی ھاوبەشی حکومڕانیان پێدەکەن، جارجاریش ختوکەی ھەستی خەڵکی بە ناکۆکی حزبی و نەتەوەیییان دەدەن.

لە سەردەمی بەعسیشدا ئەو کوردانەی لە پۆستی باڵادابوون ھێندەی ئەمانەی ئێستا چاوقایم و ڕووقایم نەبوون، لانی کەم ئەوان نە ھێندەی ئەمانەی ئێستا دەوڵەمەندبوون، نە میللەتیش وەک ئێستا برسی بوو، بێ سوود و بێ زیانیش بوون.

ئەمانەی ئێستا برادەرەکانیان شیمالیان کاول و وێرانکردووە خۆشیان لە وەسەت و جنوب ئەخۆن، گیرفانی خۆیان و زڕئامۆزاکانیشیان پڕ و دەستی نوێنەرایەتیشیان بەتاڵ.