سەردێڕ:

​گۆڕان و میراتی سەرۆكایەتی هەرێم

5/9/2019 9:16:57 PM
4346 جار خوێندراوەتەوە
سەرهەنگ فەرەج
+ -

یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم یەکێکە  لە یاسا گرنگەکانی ھەرێمی کوردستان .لەبەر ئەوەی ئێمە دەستورمان نییە،ئەم یاسایە یەکێکە لەو یاسایانەی کە مۆرکی دەستوری ھەیە.

‎لە ساڵی ٢٠٠٩ وە، بە دروستی لە دوای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئەم یاسایە تاوەکو ئێستاش زۆرترین بابەتی  کێشمەکێشی سیاسی و یاسایی و گفتوگۆ و ئاخاوتنی میدیایی بووە.   

لە ساڵی ٢٠١٣ و لە ٣٠ حوزەیراندا، داواکاری سەرەکی ئێمە لە پەڕلەماندا سنوردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم بوو وە بەرپرسیارکردنی سەرۆک بوو لە بەرامبەر پەڕلەمانی کوردستاندا ، ئەگەر ئەو دوو داواکارییەی سەرەوە جێبەجێ ببوایە، گۆڕان لەگەڵ مانەوەی بارزانی گرفتێکی ئەوتۆی نەبوو.

‎ئەوە بوو ٣٠ حوزەیران. ویلایەتی بارزانی لە ناو پەڕلەمانەوە بە ھەموو دەسەڵاتەکانیەوە درێژ کرایەوە و ئەوبابەتە بۆ ماوەیەکی کاتی کۆتایی ھات.

لایەنەکان، بەتایبەت لە دوای ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤ یەکلا کردنەوەی ئەم بابەتەیان بە کۆسپێکی گەورەی بەردەم پرۆسەی سیاسی و سەقامگیری دۆخی ھەرێمی کوردستان دەزانی، ھەر بۆیە ئامادەکاری دەکرا بۆ گەڕێکی دیکەی ململانێ لەسەر ھەمان بابەت.ئەوە بوو پرۆژەی ٥ لایەنەکە ھاتە کایەوە(گۆڕان،یەکێتی،یەکگرتوو،کۆمەڵ،بزوتنەوەی ئیسلامی ).

‎لەو پڕۆژەیەشدا داواکاریی سەرەکی و گرنگ،ھەمان. داواکارییەکانی پێشوو بوو.

‎-کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم .

‎بەرپرسیارکردنی سەرۆکی ھەرێم لەبەرامبەر -پەڕلەماندا.

‎واتە پەڕلەمان دەسەڵاتی لێپێچینەوەی لە سەرۆکی ھەرێم ھەبێت  ،کە ئەوەش پایەیەکی گرنگی حوکمی دیموکراسی پەڕلەمانییە.

‎بە واتایەکی دیکە، کە بەرپرسیارێتی ھەبوو دەبێت لێپێچینەوەو چاودێری کردن ھەبێت .

‎ھەموان دەزانین ململانێی نێوان لایەنەکان لەسەر ئەم داواکارییانە،گەشتە ئاستی داخستنی پەڕلەمانی کوردستان و تێکچونی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان .

‎پاش ئەم ڕوداوانە

‎دۆخی سیاسی ھەرێم بە چەقبەستویی مایەوە،تاوەکو پاش ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ ی پەڕلەمانی عێراق و بە دروستی لە مانگی ٥ی ھەمان ساڵدا،ڕێکەوتنێکی نھێنی لەسەر کۆمەڵێک پرس لە نێوان گۆڕان و پارتیدا  ھاتە کایەوە.

‎یەکێک لە بابەتەکان. چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم بوو،بە تایبەتی کە بارزانی لە پۆستەکەیدا نەمابوو وە ببوە گرفتێک بۆ پارتی ،وە پارتی بۆ ڕاست کردنەوە و ڕاگرتنی ھاوسەنگی ناوخۆیی پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە ھەبوو.

‎ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم لە ناو خەڵکەوە لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ ی پەڕلەمانی کوردستاندا زۆر قورس و تاڕادەیەک ئەستەم بوو .

‎باشترین بژاردە بۆ پارتی ھەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بوو،لەبەر چەند ھۆکاریک کە گرنگترینیان :دەسخستنی کات بوو بۆ ڕێککەوتن و ڕاگرتنی ھاوسەنگی ناوخۆیی پارتی.

‎ئەوەبوو لە کۆتاییەکانی تەمەنی خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستاندا،بە پڕۆژەیەکی گۆڕان دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم ھەڵپەسێراو دەسەڵاتەکانی وەک میراتی دابەشکرا.

‎بەمەش گۆڕان یەکەم خاڵی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی جێبەجێ کردو بەدوایدا ڕێککەوتنی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم واژۆ کرا،کە گۆڕان وەک بەرتیلی سیاسی لە بەرامبەر کارەکانی لەو کاتەو لە دواتردا بۆ پارتی کرد،کۆمەڵێک پۆست و ئیمتیازاتی لە لایەن پارتییەوە پێدرا.

‎ھەموو پاساوێکی گۆڕان چ بۆ ڕێککەوتنیان لەگەڵ پارتی و چ بۆ پەسەندکردنی یاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ،گوایە چەسپاندنی سیستمی پەڕلەمانییە!

‎من بەدەر لە باسکردنی  دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان  کە کۆمەڵێک دەسەڵاتی زۆر و فراوانەو لە ھیچ سیستمێکی نیمچە پەڕلەمانیشدا وێنەی نییە ، با پرسیارێک لەو برادەرانە بکەم؟

‎ئایا بە پێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ، پەڕلەمانی کوردستان دەسەڵاتی چاودێری کردن یاخود بانگھێشتکردن یاخود لێپێچینەوەی لە سەرۆکی ھەرێم ھەیە؟

‎با پەڕلەمانتارێک لوتف بکات و وەڵامێکی ھەبێت ؟

ئایا پەڕلەمانی کوردستان دەسەڵاتی لابردنی سەرۆکی ھەرێمی ھەیە؟ بێگومان. نەخێر .

‎سەرنج بدەن لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا لە مادەی١٦ دا ھاتووە:ماوەی سەرۆکایەتی سەرۆکی ھەرێم لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا بە بڕیاێک لە لایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە کۆتایی  پێدەھێنرێت:

‎١-ئەگەر سەرۆکی ھەرێم خۆی داوای ئەوە بکات .

‎٢-نەتوانێت لەبەر ھەر ھۆیەک بێت ئەرک و فەرمانەکانی ھەڵسوڕێنێت.

‎٣-بەلای کەمەوە ٣/٤ ی ئەندامانی پەڕلەمانی کوردستان لە دەنگدانێکی نھێنیدا لە کاری بخەن.

‎جگە لەم بڕگانەی سەرەوەی مادەی ١٦ کە لە بنەمادا لە ناو یاساکەدا ھەر ھەبوەو بۆ سەرۆکێک بووە کە لە ناو خەڵکەوە ھەڵبژێرێ،ئایا بەڕێزتان لە فراکسێۆنی گۆڕان ھیچ بڕگەو مادەیەکی دیکەتان زیاد کردووە بۆ یاساکە  کە تایبەت بێت بەبانگھێشت کردن و لێپێچینەوە و چاودێری کردنی سەرۆکی ھەرێمەوە؟

‎ئێوە تەنانەت  نەتانتوانی پارتی ڕازی بکەن ناوی پڕۆژەکە بکەن بە ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ! ئێوە نەتانتوانی تەنانەت لە دوا بڕگەی یاسا پەسەند کراوەکەی دوێنێی پەڕلەمانی کوردستاندا و لە ھۆیەکانی دەرچواندنی یاساکەدا(الاسباب الموجبە) بە وشەیەکیش ئاماژە بە ناوی سیستمی پەڕلەمانی بدەن ، ئیتر ئەم چەواشەکارییە چییە دەرھەق بە خەڵکی کوردستان دەیکەن؟؟

‎بۆیە ئەوەی کە کراوە لە کارکردنەوەی دامەزراوەکەدا وە ئەوەی دەکرێت لە شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا لە ناو پەڕلەماندا دورو نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە سیستمی پەڕلەمانییەوە نیە، بۆیە باشترە بە ڕوونی ڕایبگەیەنن.

‎کە خواست ویستی ئێوە بەشداری بێ مەرج و بێ پێچ و پەنایە بۆ دەسەڵات ، بۆیە چیتر خەڵکی ئێوە بەخاوەنی دروشمەکانی پێشوو نازانێت ، کە گۆڕانە ڕاستەقینەکان ھەڵگری بون و ھەزاران. کەس لەو پێناوەدا باجی زۆر قورسیان داوە.

‎ھەر ئەم خزان و لادانەی ئێوە بوو دەنگەگانی گۆڕانی دابەشی دوو کرد و ھەر بۆیە سوربونی ئێوەو پێداگریتان لەسەر ئەم شێوازی کارکردن و مامەڵەیە دەنگەکانی داھاتوتان دابەشی دوو.