سەردێڕ:

بەڕاست ھەرێمێکی دی؟

1/11/2021 8:33:51 PM
7592 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

دوای قوربانییەکی زۆر و مێژووییەکی پڕ لە خەبات و چەرمەسەری تا توانیمان  قەوارەی ھەرێمی کوردستان وەدەست بێنین، بەڵام ئێستا گوێم لە ھەندێ دەنگ دەبێ، کە باسی جیاکردنەوەی سلێمانی یاخود دروستکردنی ھەرێمێکی دی دەکەن. دەزانم دروستبونی ئەو دەنگانە لە خۆڕا  نییە، بەڵام ئایا بەڕاستی جیاکردنەوەی سلێمانی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتییە؟ 

لە رابردودا ئێمە تامی دوو ئیدارەییمان تاقی کردۆتەوە و دەستکەوتەکانی یەک ئیدارەییشمان بینیون، ئایا دەکرێ لەبەر کەموکورتیەکانی دەسەڵات و گەندەڵی ئێمە ئەو دەسکەوتانەی تێکەڵکردنەوەی ھەردوو ئیدارەکە نادیدە بگرین؟

 کاتێک بیر لە بابەتی جیاکردنەوەی سلێمانی دەکەمەوە چەندین پرسیار بە مێشکمدا گوزەر دەکەن:
-  ئایا دروستکردنی ھەرێمێکی تر دەرمانە بۆ چاردەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە سایەی سیستمێکی سەقەت رووبەڕووی گەلی کوردستان بونەتەوە؟

-  ئایا ئەگەر سلێمانی بوو بە ھەرێم، راستەوخۆ گەندەڵی و نادەدپەروەری لەو ھەرێمە کۆتایی پێ دێت؟

-  ئایا لە سایەی بە ھەرێم بوونی سلێمانی خەڵکی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە راستەوخۆ دەچنە ناوقۆناغێکی پڕ لە بەختەوەری و خۆشگوزەرانی؟

-  ئایا سیستەمی سیاسی لە کوردستان بە گشتی و لە ھەرێمی سلێمانیش بە تایبەتی پێش دەکەوێ؟

-  ئایا ئازادی دەربڕین و راگەیاندن و دیموکراسی گەشە دەکەن؟

ئەگەر بە یەک وشە وەڵام بدەمەوە، دەڵێم:  نەخێر. بە پێچەوانەشەوە: 

-  گەندەڵی لە ھەردوو ھەرێمەکە زیاتر تەشەنە دەکا.

-  سیستەمی حوکمڕانی ھەردوو ھەرێمەکە خراپتر دەبن.

-  لە جیاتی ھەنگاونان بەرەو پێشخستنی سیستمی سیاسی و گەشەپێدانی دیموکراسی لە ھەردوو ھەرێمەکە دیکاتۆریەت دروست دەبێ.

جگە لەوانەش کۆمەڵێ ئەگەری تر ھەیە دەبێ لەبرچاو بگیرێن:

-  شێوازی پەیوەندیی لە نێوان ھەردوو ھەرێمەکە.

-   ناکۆکی و ململانێ لە نێوان ھەردوو ھەرێمەکە.

-  بێ ھێز بوونی پێگەی گەلی کورستان بە قەوارەکەیەوە.

-  بێ ئومێدبوون لە جێبەجێکردنی ماددەی (١٤٠) و گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی دی.

-  نەمانی سەرنجی دەرەوە لەسەر ھەرێمی کوردستان و کەم بوونەوەی ھاوپەیمان و دۆستەکانمان. 

بەڕاستی سەیرە، لە کاتێکدا ئێمە دەرفەتێکمان لە پێشە بۆ ئەوەی بە خەباتی سیاسی و مەدەنی سیستمە حوکمڕانیەکەمان ڕاستەڕێ بکەینەوە و ھەرێمەکەمان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە بەھێز بکەین و  لەبەر پشو کورتی بێین پڕۆژەی کاردانەوە پێشکەش بکەین و لەسەر سینیەکی زێڕین گەرەنتی دەیان ساڵی تری دەسەڵات پێشکەش بەوانە بکرێ، کە ڕۆژی ھەرێمی کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندوە و ئامادەش نین ریفۆڕمێکی ریشەیی و بنەڕەتی بکەن.

ئەی ئەوانەی دەتانەوێ سلێمانی جیابکەنەوە، ئەرێ ئێوە رەحمێکیش بە خەڵکی ھەولێر و دەھۆک ناکەن؟