سەردێڕ:

حکومەت و پاشەکەوت!

4/2/2020 8:34:34 PM
16042 جار خوێندراوەتەوە
ئارێز عەبدوڵا
+ -

حکومەت تەنیا دەسەڵاتداریی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردن و حوکمڕانیشە، بەڕێوەبردن و حوکمڕانیش تەنیا بە سیستمێکی گشتی گونجاو و پلانی ھەنوکەیی و ستراتیژی لە دەسەڵاتی ھەڕەمەکی و خێڵەکی جیادەکرێتەوە.

لە قەیرانی ساڵانی رابردوو حکومەت ناچاربوو بەشێک لە مافی موچەخۆران بەناوی پاشکەوتەوە ببڕێ، بێگومان ئەگەر پێش ئەو قەیرانە حکومەت پلان و و ستراتیژیەتی ھەبووایە رۆژی نەدەگەیشتە ئەو رۆژە، گوتمان ئەوە قەیرانێکی چاوەڕواننەکراو بوو، ھات و بەرۆکی گرتین، ئامەننا، بەڵام ئایا دوای ئەو قەیرانە ھەمان ئەم حکومەتە بیری لە حوکمڕانی چاک (الحکومە الرشیدە) و پلاندانان بۆ دووبارە نەبوونەوە دانا؟

کاتێک سەیری پڕۆگرامی حزبەکان دەکەین لە ھەموویاندا نووسراوە بەرژەوەندیی گشتی لە سەروی بەرژەوەندیی حزب و ھی حزبیش لە سەروی بەرژەوەندیی تاکە، کە باسی حزبەکان دەکەم ھەموویان لە قۆناغی جیا جیا و بەپێی قەبارەی خۆیان لەو حکومەتەی دەسەڵاتە بەشداربوونە، بۆیە ھەر لایەنە و بەپێی قەبارەی خۆشی ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆ.

باشە، با ئێستا ھاوکێشەکە بە شێوەیەکی تر بخوێنینەوە و بپرسین، کامە حزب لەو قەیرانانە گەیشتووەتە سەر ساجی عەلی؟

تا ئێستا ھیچ حزبێک بەھۆی قەیرانی داراییەوە ھەڵنەوەشاتەوە، چونکە پلانیان ھەبووە و دوارۆژی خۆیان لەبەر چاو بووە، بۆیە کابانییان کردووە.

سەیرەکە لێرەدایە حزبەکان بۆ خۆیان پلانیان ھەیە، لە کاتی لێقەومان و قەیرانیشدا راستەوخۆ تۆپ ناوێن، بەڵام لەناو دەسەڵات زۆر دەگمەن نەبێ بیر لە پلانی ستراتیژی ناکەنەوە!

با بەجۆرێکی تر ھەندێ پرسیار بکەین:

کام سەرۆک حکومەت و جێگر ھەیە، ئەگەر تەنیا چوار ساڵ لەسەر کورسی دەسەڵات بووبن بایی خەرجی بیست ساڵی خێزانەکانیان مسۆگەر و دابین نەکردبێ؟

کام وەزیر ھەیە ئەگەر تەنیا چوار ساڵ لە حکومەت بووبێ خەرجی دوازدە ساڵی خێزانەکەی مسۆگەر و دابین نەکردبێ؟ئایا بەڕاستی ھەیە بیری لە دوا رۆژی خێزانەکەی خۆی نەکردبێتەوە؟

باشە ھەر ئەوانە خۆ سەرۆک و رێبەری خێزانە گەورەکەی کوردستانن، ئەدی بۆچی حکومەت پلانی بەرگە گرتنی یەک ساڵی نەبووە؟ ئایا کام بەرژەوەندیی لەسەروی کام بەرژەوەندییە؟

دەسەڵاتێک کە دوای ئەو ھەموو ساڵانە ئەوە ئەنجام و بارودۆخەکەی بێت، ئەگەر خۆی نەگۆڕێ تەنیا بۆ گۆڕین باشە، دەنا بەسەر سەری خەڵکدا دەروخێ.