سەردێڕ:

بۆچی تورکیا ڕێگەی بە پارێزەراندا چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت؟

5/7/2019 12:51:11 PM
12491 جار خوێندراوەتەوە
ئەمبیرین زەمان
+ -

عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پەیامێکیدا داوای لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرد کە خۆیان لە شەڕ و پێکدادان لە تورکیا بەدووربگرن و ھەستیاری تورکیا لە بەرچاوبگرن.
سەرکردە تەمەن ٧٠ ساڵەکەی گەریلاکانی پەکەکە لەڕێگەی پارێزەرانیەوە ئەم پەیامەی گەیاند، کە دوای ٨ ساڵ بۆ یەکەمجار ڕێگە درا چاویان بە ئۆجەلان بکەوێت.
بڕیارەکەی بەرپرسانی تورکیا بۆ کۆتاییھێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان ئەگەری دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتیانەی ھێنایەکایەوە، کە پێدەچێت ببێتە ھۆی ڕێکەوتن لەبارەی سوریاوە.
بەشێک لە چاودێرانیش دەڵێن بڕیارەکە بەشێکە لە پلانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ دەستبەرداربوون لە ھاوپەیمانە نەتەوەپەرستەکانی و بەدەستھێنانی پشتیوانی کوردانی تورکیا کە ئەمە گرنگ دەبێت لە دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبوڵ، کە ئەنجومەنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دوێنێ بڕیاری لەبارەوەدا.
بەڵام وەکو دەردەکەوێت ئامانجی سەرەکی تورکیا لە ڕێگەدان بەو سەردانەی پارێزەرەکانی ئەوەیە، ئۆجەلان مانگرتوانی نزیک لە پەکەکە لە زیندانەکاندا قایل بکات کە کۆتایی بە مانگرتنەکەیان بھێنن کە بەگوێرەی ئامارێکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە سێ ھەزار زیندانیکراو دژ بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان لە ٩٢ زیندانی جۆراوجۆری تورکیادا مانیان لەخواردن گرتووە.
ھەر بە گوێرەی ئامارەکان، لە مانگی ئازاری ڕابردوودا حەوت زیندانیکراو لە ماوەی یەک ھەفتەدا بەھۆی مانگرتنەکەیان گیانیان لەدەستدا، چالاکوانێکی دیکەش بەناوی ئوغەر شاکار لە ئەڵمانیا لەبەردەم دادگای کرێفێڵد ئاگری لەخۆی بەردا وەک نیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر گۆشەگیری سەر ئۆجەلان و بەوھۆیەشەوە گیانی لەدەستدا.
ھەروەک لە پەیامەکەیدا ھاتبوو، ئۆجەلان داوای لە مانگرتوان کردووە کە تا ڕادەی گیانلەدەستدان و مەترسی دروستکردن لەسەر تەندروستییان مان لەخورادن نەگرن.
ئیبراھیم بیلمەز یەکێک لە چوار پارێزەرەکەی ئۆجەلان کە داوایکردبوو سەردانی ئۆجەلان بکات، بەڵام نەیتوانی بگاتە دوورگەی ئیمراڵی، دواتر وتبووی ئێمە بڕوامان وایە دوای ٨١٠ جار لە داوای سەردانیکردن، حکومەتی تورکیا دواجار ڕێگەی بە  سەردانەکەماندا بەھۆی ترسییەوە لە مانگرتنەکان، چونکە ھەزاران کەس ژیانیان خستووەتە مەترسییەوە.
ئەو پارێزەرە وتوشیەتی، ساویلکەییە ئەگەر وابزانرێت بڕیاری کۆتایی ھێنان بە گۆشەگیری ئۆجەلان بەمانای ئەوەدێت حکومەت پاشگەزدەبێتەوە لە مامەڵەی توندی دژ بە بزوتنەوەی سیاسی کوردی، کە بەھۆی ئەو مامەڵە توندەوە لە ڕابردوودا ھەزاران ھاوڵاتی و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی ھەڵبژێردراو لە ئێستادا بە تۆمەتی "تیرۆر" زیندانیکراون.
گیران ئۆزجان نوێنەری پارتی ھەدەپە لە واشنتۆنیش دەڵێت، لەدوای پەیامەکەی ئۆجەلان ئەگەر زیندانیکراوان بڕیاریاندا بەردەوامبن لە مانگرتنەکەیان ئەوا "تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتدا دەبێت".