سەردێڕ:

دووانەی مەرگ و هەژاری دیاری دەسەڵاتی کوردی

6/30/2020 11:24:58 PM
7240 جار خوێندراوەتەوە
شێرکۆ حەمەئەمین
+ -

دوێنێ پیاوێک لەبەر قەرزاری لە بەردەم باخی گشتی ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و مرد. ئەمڕۆ پێشمەرگەیەک لە ناو فەرماندەیی خۆی کوشت، ئاشکرایە ھۆکارەکەی سەختی دۆخەکە و بێ ژیانییە.پێشمەرگەیەکیش کە تەمەنی۳٤ ساڵە لە کەرکوک لەبەر ھەمان ھۆکار خۆی خنکاند.

ھەر دوێنێ بەھۆی کێشەوە لەڕانیە کەسێک کوژرا و دووان بریندار و دوکانی یەکتریان سوتاند، کە دەرھاویشتەی ئەم دۆخە داراییەیە.ئەمڕۆ، لە گەرمیان تەقە لە دوکاندارێکی گەنج کرا و کوشتیان.ھەفتەی پێشوو لەسیدەکان لەسەر کێشەی زەوی چەند کەسێک کوژران، کە بەرھەمی ئەم دەسەڵاتەیە.ھەر بەپێی سۆشیال میدیا، ھەفتەی پێشوو لە ھەولێر دوو کەسی تر خۆیان کوشت.

پێشترلە ماوەی۲٤ سەعاتدا لە ھەولێر پزیشکێک و لە سلێمانیش کارمەندێکی تەندروستی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان ھێنا و خۆیان کوشت.

پێش چەند رۆژ لە ھەڵەبجە پیاوێک ھەوڵیدا خۆی و منداڵەکانی ئاگرتێ بەربدات و خۆیان بسوتێنن.کۆتایی ساڵی۲٠۱۹، لە حاجیاوا دڵشاد خۆی سوتاند.

دەیان نمونەی خۆکوشتن و ھەوڵی خۆکوشتن، رۆژانە گوێمان لێدەبێت و وەک ھەواڵێکی ئاسایی دێن و دەڕۆن، سەرجەم خۆکوشتن و خۆسوتاندن و کوژرانی ئەنجامی کێشەکان، بەرھەمی ئەو دۆخە سەخت و ھەژاری و بێ پارەیی و کێشە دەروونییانەیە کە دەسەڵاتی کوردی بۆ خەڵکی ئەم ھەرێمەی دروستکردووە.

ئێستا، لە ھەمووکات زیاتر باری ژیانی خەڵک قورستربووە، بە جۆرێک بێ موچەیی و سیاسەتی برسیکردنی ئەم حکومەت و دەسەڵات و کابینە فاشیلە، کاریگەری لە سەر تەواوی ژیانی خەڵک داناوە، کە مرۆڤی خستۆتە بەردەم بژارەی مەرگ لەبری ژیان.

ئێستا بێبازاڕی و بێکاری بەجۆرێکە کاریگەری لەسەر پێداویستی ھەرە سەرەکی مرۆڤ کە خواردنە داناوە، کاریگەری لەسەر لەفەی قاورمە و فەلافل و تەڕەوسەوزەش داناوە.

ھیچ شتێک ھێندەی بێ کاری و بێ پارەیی و قەرزداری و نەداری و نەتوانینی دابینکردنی پێداویستی رۆژانە سەخت و دژوار نییە کە ئێستا بەشی زۆری ھەرێم بەزیادەڕۆیی نەبێت لەو دۆخەدان، ھەر بۆیە بژاردەی مەرگ و خۆسوتاندن و خۆکوشتن ئامادەیە  کەمن ھەرگیز لەگەڵیدا نیم، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەم مەرگانە زۆر ئاسایی تێدەپەڕن و تەنانەت ھەندێکیان نابنەی ھەواڵی میدیاکانیش و جێگەی باس.

خراپتر لەوەش، نە حیزب، نە بنەماڵە سیاسییەکان، نە دەسەڵاتی بێباک و فاشیلی کوردی، نە حکومەتی سێکوچکەی شکستخواردوو دادەچڵەکێنن و بەخۆیاندا دەچنەوە، نە کۆمەڵگاش دادەچڵەکێت و ئاسایی تێدەپەڕن، نە رووداویش دروستدەکەن، تۆبڵێی ھۆی چی بێت؟