سەردێڕ:

تکایە لە ماڵەکانتان بمێننەوە، بۆ؟

3/21/2020 11:14:51 PM
14770 جار خوێندراوەتەوە
شێرکۆ حەمەئەمین
+ -

ڤایرۆسی کۆرۆنا دوژمنێکی نەبینراو و بڵاوە، کەقاچی نییە، ئەگەر ئێمە خۆمان بۆلای نەڕۆین ئەونایەت بۆلامان، پێویستە بزانیین، ھەر کەمتەرخەمی و پابەندنەبونێک بەڕێنمایی و ڕێکارە تەندروستییەکان، ھەنگاوێک لە ڤایرۆسەکە نزیکمان دەخاتەوە، ئەو ئامادەیە و کاری خۆی دەکات، بۆیە دەبێت ئێمە بە ھیچ جۆرێک دەرفەتی نەدەینێ و لەبری نزیکخستنەوەی بە ھەموو جۆرێک دووری بخەینەوە، چونکە تا ئێستا ئەوەی ناوی حکومەتی ھەرێمە، تەنیا قسەی ھەیە و ئەو ڕێکارانەشی جێبەجێیدەکات، کەمترین تێچوی ھەیە جگە لە ڕێکارەتەندروستیەکان، بە تایبەتی پشکنینی کەسی گومانلێکراو، کە تێچوی ھەیە.

ئەم دەسەڵاتەی ھەرێم خۆیان باش دەزانن چییان چاندووە، کەرتی تەندروستیش وەک کەرتەکانی تر وێرانە و بە ھیچ جۆرێک لە ئاستی پێویستدانییە، لەگەڵ پێزانینمان بۆ ماندوبونی پزیشک و کارمەندان، مەبەستمان سیستەمی تەندروستییە، ئێستا دەسەڵاتداران بیانوشیان بەدەستەوەیە، بۆ نموونە دەڵێن، خۆ سیستەمی تەندروستی ئێمە ھەرگیز ناگاتە ئیتالیا و ئێران، فەرموون بزانن ئەوان چییان لێھاتووە، ئێمە چین لەچاو ئەو وڵاتانەدا؟!

مرۆڤ کە سەیری بودجەی تەرخانکراوی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات، کە بەپێی زانیاری نافەرمی تەنیا چوار ملیار دینارە، بەراوردی دەکەیت بەوڵاتێکی وەک نەرویج، کە ۱٠٠ ملیار کرۆنی نەرویجی واتە نزیکەی ۱٠ ملیار دۆلاری تەرخانکردووە، بە مەرجێک نەرویج ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتوانی لە پێنج ملێۆن کەس کەمترە، ئەوسا تێدەگەیت کە دەڵین (حکومەت باوکی میللەتە)، مەبەستیان لەو جۆرە حکومەتانەیە، نەک لە بابەتی ئەم چەتانەی کوردستان.

کەچی دەسەڵاتەکەی ھەرێم بە تایبەتی (پارتی و یەکێتی)، تازە خەریکی شەڕەدەنوکن و ھەریەکەیان عەقڵیان لە سنوری شارێک تێناپەڕێت، بۆ نموونە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ھەردووکیان بڕی ۳ سێ ملیار دیناریان بۆ زیان لێکەوتووانی لافاوی دھۆک تەرخانکرد، ھەرچەندە بە تەواوی لەگەڵ ئەوەم پێویستە سەرجەم داھاتی کوردستان لە خزمەتی خەڵکدا بێت، بەڵام بەراوردی ئەو پارەیە بە بودجەی تەرخانکراو بۆ کۆرۆنا، ئەمە جێی سەرسوڕمان و لەسەر وەستانە، دەریدەخات ئەقڵی دەوڵەتداری یان شارچییەتی کاردەکات؟

سەرۆکی وڵاتانی جیھان رۆژانە قسەدەکەن و دڵنیایی لەبارەی ژیان و گوزەران بە خەڵکەکەیان دەدەن، سەرۆکی حکومەتەکەی ئێمەش جگە لە پەیامێکی تۆمارکراو تا ئێستا کەس خۆی و جێگرەکەی لەبەردەم مایکدا نەبینیوە، ئەڵێی کۆرۆنا ھەر لەم ھەرێمەش نییە، بەڵام ئێستاش پارتی و یەکێتی بەرژەوەندییە دارایی و نەوتییەکانیان بەردەوامە وعەیبی نییە، لایەنەکانی تریش یان بینەرن یان پینەکەرن.

ئێستا ھاونیشتمانی ئازیز، وەڵامی پرسیاری ناونیشانەکە ڕوونە بۆ پێویستە پشودرێژبین و لە ماڵەکانمان بمێنینەوە، چونکە ئەمە باشترین ڕێگای خۆپارێزییە و لەخزمەتی خۆمان و ھەمووان و دەوروبەر و شار و ھەرێمەکەماندایە.

دڵنیام پشتیوان بەخوا و خێرخوازان، ئەم دۆخە تێپەڕدەبێت و ئەم ڤایرۆسەش کۆتایی دێت، کە دەبێت ھەموومان دەستباری یەکتری بین وەک خاسیەتێکی جوانی کوردانە، بەڵام ئەوەی نابێت لەبیرمان بچێت، رەفتاری ئەم چەتانە و شیوازی حوکمدارییانە، کەزوو یان درەنگ، دەبێت باجەکەی بدەن.

خوای گەورە کوردستان و جیھان بپارێزێت.