سەردێڕ:

سەردەشت و ساڵیادێکی جیا

5/5/2019 11:33:13 AM
2675 جار خوێندراوەتەوە
هۆشیار عەبدوڵا
+ -

رەنگە ئەمساڵ کولانەوەی برینی ساڵیادی تیرۆری سەردەشت عوسمان لە ساڵانی تر جیا بێت ، لانیەکەم لەبەر ھۆیەک کە نائومێدی ئێستای شەقام و تاریکی تابلۆکەیە.

لایەنێکی ھەرە دیاری تیرۆری سەردەشت ئەوە بوو کە جوڵەی شەقامیی بەدوای خۆیدا ھێنا، جوڵەیەکی نارەزایی گشتگیر کە جۆرێک لە ئومێدی گەراندەوە ناو کۆمەڵگە .. بەداخەوە ،ئەمساڵ کاتێک یادی سەردەشت دەکەینەوە کە ئەو ئومێدەبە تەواوی لە دونیای ئێمەدا لاواز و داکشاوە.
تیرۆری سەردەشت ، غەدری لە ناوبردنیی ، مەھزەلەی لیژنە تەحقیقیەکەی، دیزە بە دەرخۆنەکردنیی مەلەفەکەی، ئازاد سوڕانەوەی بکوژانیی، بەڵکو بە دێو بونی زیاتری جەلادەکانی ، ھەمو ئەو ئیھانانەی سەرباری تیرۆرکردنی لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاراستەی رۆحی سەردەشت و خیزانەکەی و کۆمەلگەی کوردستانیی کرا ، قەت بیرناچنەوە بەڵام شتێک کە ھەمو ئەوانەی کەمێک ئەھوەن کردبوو ئەو ئومێدە بو کە دوای جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت سەرپێکەوتن ، جوڵەیەک کە بە زویی بێ نوزە کراو و ئەوەشبو وایکرد چەندین قەڵەمیی تر گەنج و رۆژنامەنوسی تر شەھید و خەڵتانی خوێن بکرێن.

ئەمساڵ لە دۆخێکدا یادی سەردەشت دەکەینەوە کە ھیچ روئیا و ستراتیژێکی گۆڕانکاری لە ئارادا نیە، ئێستاکێ ھیچ دونیابینیەکی جدی بۆ بەرگرتن لە ئەجێنداکانی دەسەلات لە ئارادا نیە ، ئەگەر تا دوێنێ دەمانگوت ئەجێنداکانی (پارتی) بۆ حوکمڕانی مەترسیدارن و دەبنە شکست بۆ ئێستا و ئایندەی ھەرێم ، لە ئێستادا ئیعجاب ھەیە بە مۆدێلی پارتی بۆ حزبایەتی و ئیدارەدان،ئەو ئیعجابەش ھی حزبیک و دوان نیە ، ھیی کەسێک و دوان نیە بەڵکو ئیعجابی ئەو نەوە شۆرشگێرەیە کە بە حساب لە رابردودا بۆ مۆدێلێکی جیا لە (پارتی) تێکوشاوە لە ئێستادا دەیەوێت و مەمنونە لەو بچێت.

پێچەوانەی ئەوانەش باسیی شکستی دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن پێکەوە دەکەن ، پێم وایە ئەوەی لە ھەردولا شکستی خواردوە نەوەیەکی سیاسییە کە شەرعیەتی شاخی ھەیە و ھەتا ئەم لەحزەیە پرۆژەیەکی سیاسیی جدی لە دەرەوەی ئیرادەی ئەم نەوەیەی شاخ نە لە دەسەڵات و نە لە ئۆپۆزسێۆن نەھاتۆتە دەرەوە یا ئەسڵەن وجودی نەبووە.

خوێنی سەردەشت لە توانایدا بوو دونیای سیاسیی و کارگێری ھەرێم بە ریشەیی بگۆرێت بەڵام تێروانینی تەقلیدی بۆ سیاسەت و چونەوەسەر ھەمان ئاوازی ئەو نەوە سیاسیەی کە لە یەک کاتدا لە دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆنیشدا کارا و قسەگۆ و بریاردەر بوون وایکرد جوڵەی شەقام بۆ سەردەشت بە ئەنجامێکی بەرچاو نەگات.

بە کورتەیەکەی چۆن ئەو نەوەیە لە دوای ۹۱ ەوە بەرپرسی ھەمو شکستەکانە بەرپرسیی شکستی دامرکانەوە و بێ بەرھەمبوونی جولەی شەقامیشە بۆ سەردەشت عوسمان ، جا کەی نەوەیەکی سیاسی تازە و جیا لەدەرەوەی ئیرادەی (پاسەوانی کۆن)لە ھەموو حزبەکان (بێگومان بە نەوەی تازەی ناو یەکیتی وپارتیشەوە) دێتە دەرێ نازانم ، بەلام لەوە دڵنیام کە لە نەودەکانەوە چەندین نەوەیان لەگەڵ خۆیاندا پیر و بێ چارە کرد و ھێشتاش بەردەوامن و کۆی یاریەکانی سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە.

ھەڵبەتە مانای ئەوە نیە ، سەردەشت وئازایەتیەکەی ، سەردەشت و بێمنەتیەکەی ، بتشکێنی و پەیامەکەی ئێستا و ئایندەش لە دڵی ھەزارن قەڵەم و گەنجدا نە درەوشیتەوە و بە زیندویی و نەمێنێتەوە.

ھەرگیز بەمانای ئەوە نیە ، چەندین توانا و روئیای جیا وسەرکەوتو لە ناو خودی کۆمەڵگەکەدا لە ناو یەکیتی و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و ھیزەکانی تریشدا نەبێت کە جیا بێت لەوەی ئەمڕۆ (دەسەڵات و ئۆپۆزسێۆن)، (حزب و حکومەت)ی قۆرغکردوە.
خوێنی سەردەشت خوێنی قەڵەمە، خوێنی چەک و شاخ نیە ، ئەمە دەلالەتی گۆرینی زەمەن و شەرعیەتە ، بەڵام کەی شەرعیەتی قەڵەم و خەباتی مەدەنیی دەچێتە جێگە ی شەرعیەتی شاخ ئەوەیان پرسیارێکی بەردەوام ئامادەی بەردەم کۆمەڵگەی ئێمەیە ھەتا جێگۆرکێی نیوان ئەم دو شەرعیەتەش نەکرێت ولات و خەڵکی ئێمە ناحەسێتەوە.