سەردێڕ:

راپەڕیندزەکان!

3/5/2021 7:09:07 PM
7002 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵای مەلا نوری
+ -

پەیامەکانی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، لاھور جەنگی، نێچیرڤان بارزانییم خوێندەوە، دڵنیام گەر قوباد تاڵەبانی و پاڤێڵ تاڵەبانیش شتێکیان لە زار دەرچوبێت ھەر دوبارەکردنەوەی قسەی ھاوسیاسیەکانیانە!

ئەمەوێ بەو زاتانە بڵێم: بڕوا بکەن سەدام حوسێن و عودەیی و قوسەی چەندە مافی ئەوەیان ھەیە بەو زمانە پڕلەچەواشەکارییەی ئێوە قسە لە سەر راپەڕین بکەن، ئێوەش ھەر ھێندە مافتان ھەیە!

خۆتان ئەزانن، لە فەرھەنگی سیاسیدا شۆڕش گێڕ ھەیە، شۆڕش دزیش ھەیە.

ئێوە خاوەنی راپەڕین نین، ئێوە راپەڕین دزن.

تکایە ئەم قسانەم بە بێڕێزی تێمەگەن!

بە عەقڵێکی کراوەو دەرونێکی ئارامەوە بیرێک بکەنەوە، ئەو کات خۆتان حوکم بدەن.

خۆتان ئەزانن؛ راپەڕین بۆ ئازادی بوو، ئێوە خاوەنی سەدان کەیسی تیرۆر و کوشتن و گرتنی خۆپیشاندەرو رۆژنامەنوس و ئازادیخوازانن.

راپەڕین بۆ کۆتایی ھێنان بو بە خیانەت؛ بۆ رزگاری نیشتیمان؛ ئێوە خاوەنی شەنگال و ٣١ ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرو ھێنانی سوپای تورکیاو ئێران و حەشدی شەعبین بۆ سەر خاکی کوردستان.

راپەڕین بۆ ئاشتی و پێکەوەبون بوو؛ ئێوە خاوەنی شەڕی ناوخۆو دیواری دیگەڵەو دوئیدارەیین.

راپەڕین بۆ ئەوە بو چیتر داھاتی نەوتی کەرکوک و کوردستان نەدرێتە چەکوچۆڵ و خەڵکی کوردو گەلانی تری پێ جینۆساید نەکرێ؛ بەڵام ئێوە بەشە زۆرەکەیتان دایە وڵاتانی ئیقلیمی و ئەوانیش خراپتر لە بەعس، کوردی پێ دەکوژن و کوردستانی پێدەسوتێنن!

راپەڕین بۆ ئەوە بو ھێزی چەکدار و دەزگا ئەمنی و ھەواڵگریەکان، لە دەستی حیزبی بەعس و کوڕانی سەدام دەربھێنرێ و بکرێن بە دەزگای نیشتیمانی؛ خۆ ھەریەکە لە ئێوە خاوەنی گروپی مافیایی و ھێزی بە ناو ئەمنی و ھەواڵگری و چەکدارن.

ڕاپەڕین بۆ ئەوە بو پەروەردەو زانکۆ فەرمانگەکانی تری حکومڕانی لە حزبیبون رزگار بکرێ؛ ئێوەش بە زۆر فۆرمی حیزبیبون بە خەڵک پڕ ئەکەنەوە، بە پێچەوانەوە نان بڕاویان ئەکەن.

راپەڕین بۆ کۆتایی ھێنان بو بە حوکمی بنەماڵەو باوکو کوڕە ستەمکارەکان بوو؛ ئێوە ریزێک بنەماڵەو باوک و کوڕو برازای لە ئاستی ناوخۆدا ستەمکارو لە ئاستی دەرەوەدا ترساو.

لێکچون و جیاوازیەکان زۆر زۆرن:

سەدام قاچاخچی نەبو، ئێوە قاچاخچین، سەدام باجێکی گونجاوی لە خەڵک وەر دەگرت و دەیکردەوە بە خزمەتگوزاری، ئێوە زۆر وەردەگرن و دەیدزن، سەدام جادەی دروست دەکرد، تەنکەرە نەوتەکانی ئێوە جادەیان بۆ خەڵک نەھێشت، سەدام خواردنی خراپی نەدەھێنایە بازاڕی عێراقەوە، ئێوە خراپترین کوالێتی دەھێنن.

رفتارە بەدەکانی سەدام کوردبون و نیشتیمان و پێشمەرگەو شەھیدبون و شۆڕش و ئازادی لا خۆشەویستتر دەکردین؛ ئێوە ھەمویتان بێزراوو ناشرین کرد!

تاوانەکانی سەدام نەیتوانی بۆ ساتێک مرۆڤی کورد بێھیواو بێئیرادەو بێمتمانە بکات؛ ئێوە  خەڵکتان ھیوا بڕاو کرد؛ ھەرچی بەھای جوانی مرۆڤبون و کوردبون ھەیە لە بەرچاوی خەڵکتان خست.

راستە سەدام یەکێک بو لە خوێنرێژە گەورەکانی مێژوی مرۆڤایەتی، وەلێ ئەوەی سەدام و دوژمنانی تری کورد نەیتوانی بە کوردی بکەن، ئێوە کردتان.

ئێوە ئاگاتان لە خۆتان نیە، بڕوا بکەن ھیچ نین جگە لە کۆپیەکی خراپی سەدام و عودەی و قوسەی.

دارودەستەکانتان فۆرمێکی بچوکترن لە عەلی کیمیایی و تەھا یاسین رەمەزان و بەعسیە خوێنرێژو ماستاوچیەکانی تری بەردەستی سەدام و کوڕەکانی.

ئەمەی من دەیڵێم: بەراوردی رفتارەکانی ئێوەیە دژ بە کوردو کوردستان، بەراورد بەرفتارەکانی سەدام و کوڕەکانی!

وەک پێشتر وتومە ئێوە ھەن بۆ ئەوەی کوردو کوردستان نەبێ، بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد بێ کەرامەت و کۆیلەو برسیبێت.

ئێوە ھەن بۆ ئەوەی کورد نەفرەت لە مێژوی خۆی و لە فەرھەنگ و ھونەر و زمان خۆی، لە شانازی و قوربانیەکانی خۆی بکات.

لە ناو مێژوی کورددا، ئێوە نوێنەری خەتی خیانەت و پەرتکردنی خاک و گەل و لەباربردنی ھەر دەرفەتێکن، کە بۆ ئازادی و رزگاری و پێشکەوتن و پێکەوەبونمان رەخسابێت و خیانەت لە ئێوەدا دەگاتە پلەی کەماڵ!

بەڵێ ئێوە توانیوتانە تا ئاستێکی باش ئەجێندای دوژمنان جێبەجێ بکەن.

زەلکاوی سیاسی ئێوە ھەر خۆتانی بەرھەم نەھێنا، بەڵکو ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەو کاری ئەوانەش، کە بە زانین بێت یان بە نەزانی، دەیانەوێ کارە تەواونەکراوەکانی ئێوەو دوژمنان، دژ بەم گەل و نیشتیمانە، بە ناوی بەرھەڵستی ئێوەوە تەواو بکەن!

ئێوە کاتێک دەتوانن باسی راپەڕین بکەن، کە خۆتان داماڵیبێت لەو ھەمو فەزاحەتە سیاسی و یاسایی و ئیداری و ئابوری و ئەمنیەی کە تا بیناقاقاتان ھاتوە.

ئێوە، کە ھەمو لەیەک ئەچن، کاتێک دەتوانن باسی راپەڕین بکەن، کە داوای لێبوردنتان لە خەڵک کردبێ.

ئەرکی ئێمەیە بۆ خەڵکی رون بکەینەوە، کە نیشتیمان و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە دو شتی جیاوازن.

نەتەوەو شۆڕش و پێشمەرگەو راپەڕین و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە بە یەک نامۆن.

لە یادی سی ساڵەی راپەڕیندا شانازی بە راپەڕینەوە دەکەم، شانازی بە کوردبون و نیشتیمان و پێشمەرگەو شەھیدەوە دەکەم.

شۆڕش ھاوتەریبە لە گەڵ ژیاندا، تا ژیان ھەبێ دەبێ شۆڕش بەردەوام بێت، تا ستەم ھەبێت دەبێ راپەڕین بەردەوامبێت.

وێنەکەش قەڵای شێروانەیە و خەریکە ئەڕوخێ. راپەڕیندزەکان ناتوانن پارەی ١٠ تەنکەر نەوتی دزراوی گەرمیان، بۆ چاککردنەوەی تەرخان بکەن!