سەردێڕ:

حیکایەتی چاکسازیی

1/27/2020 6:08:39 PM
15590 جار خوێندراوەتەوە
مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح
+ -

ھەنگاوە شەرمنەکانی دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستاندا بۆ چاکسازیی بە فەرسەخ لە دوای ئەو واقیعە وێرانەوەن کە ساڵانێکی درێژە پێویستی بە چاکسازییەکی ڕیشەیی و ھەمەلایەن ھەیە، بە بۆچوونی ئێمە پرس و پڕۆژەی چاکسازیی لە ھەرێمی کوردستاندا، تا ئەم ساتەش، ھێندەی دروشمە، ھێندە دەربڕی ”ئیرادەیەکی سیاسیی چاکسازیخواست“ نییە، ئەوەندەی بەشێکە لە دیکۆرێکی سیاسیی بۆ بەخشینی ڕەوایەتیی بە چەند بکەرێکی سیاسیی، ئەوەندە بەرنامەیەکی عەقڵانیی و ئەخلاقیی نییە کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خراپبەکارھێنانی دەسەڵات و بەرھەمھێنانی سیستماتیکی گەندەڵیی لە کوردستاندا کۆتایی پێبھێنێت.

ئەو چاکسازییەی ئەمڕۆکە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت سیاسەتی داھێنانی درێژترین ڕێگا و خاوترین ھەنگاوە بۆ دەستکاریکرنی ھەندێک لە ھەڵقە لاوەکیی و پەراوێزییەکانی ناو ئەو سیستمە جەردەییەی دروستکراوە، ئەزموونی سیاسیی ئەم ھەرێمە یەک ڕاستیی زۆر سادەیەن فێرکردووین: ئەم دەسەڵاتدارانە تەنھا کاتێک باس لە ریفۆرم دەکەن و پرۆژەی چاکسازیی پێشکەشدەکەن، کە لە دوو شت دڵنیابن. یەکەم بوونی فشارێکی گەورە و پڕوکێنەر کە قابیلی فەرامۆشکردن نەبێت. دووھەم، لەوە دڵنیابن ئەو چاکسازییە کەمترین زیان بە ھەڵقە سەرەکییە ڕەسمیی و ناڕەسمییەکانی دەسەڵات و بە حیزب و بە مۆدێلی حوکمڕانییەکەیان دەگەیەنێت، خۆشیان و ئەندامەکانیان بە سووکترین سزا لێیدەربازبن، واتە ئەوان تەنھا کاتێک باس لە چاکسازیی دەکەن کە کردەی چاکسازییەکە بەشێک بێت لە میکانیزمی سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوە و بەھێزکردنەوەی ئەو بونیاد و پەیوەندییە سەرەکییانەی ئەم حوکمڕانییەی لەم فۆرمەی ئەمڕۆدا سەروەرکردوە.

کۆمەڵگای ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ڕەنگە ھەرە گرنگەکانیان ئەو گۆڕانکاریانە بێت کە لە بواری ئابورییدا ڕوویانداوە، بۆ نموونە، لەدوای ڕاپەڕینەوە ئابوریی وڵاتەکە کەوتە ژێر رەحم و کۆنترۆڵی ئەو نوخبە سیاسیی و سەربازییەی ھەلێکی مێژوویی دەرکیی کردنی بە حوکمڕان لە ھەرێمدا. ئەو سیاسەتە ئابوورییە خێزانیی و حیزبییەش کە ئەم نوخبە حوکمڕانە لە سێ دەیەی ڕابردوودا پیادەیانکرد، لە ڕێگای قۆرخکردن و دزیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەوە، دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیی نوێ و فۆرمی تازەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و میکانیزمی مافیایانەی کەڵەکەبوونی سەرمایەی، لەم ھەرێمەدا بەرھەمھێنا، ئەمانەش وایانکرد لە ماوەیەکی کورتدا فۆرمی تازەی دەوڵەمەندبوون و میکانیزمی نوێی ھەژارکەوتن و مۆدێلی تازەی پەراوێز و تەرەخستنی کۆمەڵایەتیی پەڕگیر بێتەکایەوە و بەسەریەکیشەوە نەخشەی کۆمەڵایەتیی ئێمە گۆڕانکاریی قووڵی بەسەردابێت.

ھاوکات توانیان چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ناقاچاغ لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا دروستبکەن و ئابورییەکی سەرمایەداریی چەتەگەریی پڕ لە تاوان و توندوتیژیی و دزییکردن بسەپێنن. دەستکاریکردن و گۆڕانی ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەم ئابوورییە تەواو زەحمەتە و دەستبردن بۆ ھەر یەکێک لەو ھەڵقانە، دەستبردنە بۆ پێگەی زیاد لە گروپ و خێزان و کەسایەتییەکی بەھێزی ناو نوخبە دەسەڵاتدارەکە.

ئەم ئابورییە داڕزاوە کە ژێرخانەکەی گەندەڵییەکی سیستماتیکە، ئابورییەکە لە شێوەی تۆڕێکی گەورەدا ئامادەیە، بەشە جیاوازەکانی ئەم تۆڕە لە شوێن و جێ و ناوچەی ناوەکیی و دەرەکیی جیاوازدا ئامادەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە تۆڕی گەندەڵیی لە ھەرێمدا تەنھا تۆڕێکی ناوەکیی نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئیقلیمیی و جیھانییە و زیاد لە کەس و لایەن و ھێز و کۆمپانیایەکی ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانیی لەناویدا ئامادەن و چالاکانە کاردەکەن.

ئەمە وادەکات چاکسازییکردن لە بواری ئابورییدا، کە بواری ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی دروستبوونی ژمارەیەکی گەورە لە کێشە و قەیرانەکانی ئەمڕۆیە، مەسەلەیەکی ھێجگار زەحمەت بێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. چونکە ئەو بکەرانەی کە دەیانەوێت لەم بوارەدا چاکسازیی بکەن، خۆیان دروستکەر و پارێزەری ئەو بونیاد و میکانیزمە ئابورییانەن کە زیاد لە دوو دەیەیە خانە بە خانە بەو واقیعە وێرانە دروستدەکەن. بەبێ دەستبردن بۆ ئەم بونیادە ئابورییە و بۆ ئەو ژینگە گەندەڵ و ستەمگەر و مافیایەی بەدەوری ئەم بونیادە دروستکراوە، ھەموو کردەیەکی چاکسازیی ماکیاژکردنێکی ساخەتکارانەی سەرجەمی بونیادەکە خۆی و سەرجەمی بکەرە سەرەکییەکانیەتی.

دەستبردن بۆ سیستمی موچە وەک ھەنگاوی یەکەمی چاکسازییش فەرامۆشکردنی ئەو بونیادە گەندەڵ و مافیاییە کە باسمانکرد. بێگومان زۆربەمان دەزانین سیستەمی موچە لە ھەرێمدا یەکێکە لە خراپترین سیستەمەکانی موچە لە ناوچەکە و لە دونیادا، بەڵام ئەم سیستەمی موچەیە ھەڵقەیەکی بچووکە لەناو سیستەمێکی ئابوریی سیاسیی گەورەتردا، کە سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانە. ئاوەکە لە شوێنێکی ترەوە بۆگەنە و بۆگەنە گەورەکە لەناو سیستمی موچەکەدا نییە. تاوانە گەورەکە خۆشی لەو گرێدانە ھەمەلایەن و ڕاستەوخۆیەوە سەرچاوەدەگرێت کە لە ھەرێمدا سیاسەت بە ئابورییەوە گرێدەدات. لە بەستنەوەی پێگە سیاسییەکاندایە بە پێگە ئابوورییەکانەوە، لەناو سیستەمێکی ئابووریی رەیعیی چاودێیرنەکراودایە، کە نەوت ھەم سەرەتا و کۆتایی سیستەمەکەیە و ھەم شێوازی بەرھەمھێنان و فرۆشتن و ساغکردنەوەکەشی بەناو دەیان تونێلی تاریک و پڕ نھێنیدا تێدەپەڕێت.

شێوازی بەڕێوەبردنی ئابوریی نەوت لە ھەرێمدا، کێشەی ژمارە یەکی ئەو ئابورییەیە کە تێکەڵکردنی سیاسەت و ئابوریی کردوە بە دەردێکی کوشندەی بێچارەسەر. گرێدانەوەی پێگە سیاسییەکان و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی کایەی سیاسیی بە کایەی بازرگانی بەگشتیی و بە بازرگانی نەوتەوە بە تایبەتیی، ئەو کونە گەورەیەیە کە بۆگەنییە گەورەکانی سیستەمەکەی لێوە دێتەدەر. ھەر ئەم راستییەشە وادەکات ئەم کابینە نوێیە، ھەنگاوی یەکەمی ”پڕۆژە چاکسازییە ستراتیژییەکەی“ لە بواری نەوت و وزە و داھاتە نیشتیمانییەکان و گومرک و بازرگانی قۆرخکراو و کۆمپانیا ئەمنییەکان و ھتد... نەبێت، کە سەرچاوەی سەرەکیی گەندەڵیی سیستمەکەن، بەڵکو ئەو کۆمیدیا تاڵەی چاکسازیکردنی موچە بێت، کە ھیچی ئەوتۆ لە بونیادە قووڵەکانی گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی سیستماتیککراو لە ھەرێمدا ناگۆڕێت.

خاڵێکی گرنگی تر لە ئابوریی ھەرێمدا ئەوەیە کە ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەم ئابورییە بە کردەوە گۆڕاوە بۆ موڵکی شەخسیی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی کۆن و نوێ. بازرگانی نەوت و وزە و دەرمان و خۆراک و بوونی پشکی گەورە لە ناو چەندان کۆمپانیای تردا، ھتد.. لە دەستی ئەندامانی ئەم بنەماڵە سوڵتانییانە و بازنەی یەکەمی دەوری ئەم بنەماڵانەدان، خاڵی بنەڕەتییش لە ئیدارەدانی ئەم ئابووریەدا، بەتایبەتی لە شێوازی ئیدارەدانی ئابوریی نەوت و لە شێوازی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کایەی ئابوریی و کایەی سیاسیی و لە فۆرمی ئەو پەیوەندییانەشدا کە ھەرێم بە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە گرێدەدات، ئەوەیە کە لۆژیکی پاراستن و بەھێزێکردنی ئەم دەسەڵاتە شەخسیی و خێزانیانە سەرجەمی ئەو شتانە ئاراستەدەکات. ئەم لۆژیکەش تەنانەت بچووکتر و داخراوتریشە لە لۆژیکی خێڵ و لۆژیکی ناوچەگەریی و حیزبایەتی کورتبینیش. ئەم خێزان و بنەماڵانە خەریکی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ئابوریی تایبەت بەخۆیانن، کە ھێزی سەربازیی و میدیایی تایبەت و پەیوەندیی ئیقلیمی گومانلێکراو، دەیانپارێزێت.

ھەر ئەم تایبەتمەندییە سیاسیی و ئابورییەشە وادەکات ھەموو قسەکردنێک لە ھەرێمدا لەسەر چاکسازیی بەبێ شکاندنی ئەم لۆژیکە خێزانیی و بنەماڵەییە و بەبێ دەستکاریکردنێکی ڕیشەیی چۆنیەتی ئیشکردنی سیستمە ئابورییەکە و بەبێ کۆتاییھێنان بە مۆدێلی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی، خورافەتێکی تەواو بێت. ھاوکات ھەموو قسەکردنێک لەسەر چاکسازیی ڕیشەیی بەبێ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە لۆژیکی خێزان و بنەماڵەکان بە دەزگاکانەوە دروستیدەکات، لە دەزگا سەربازییەکانەوە بیگرە بۆ پێگە ئابوریی و میدیایی و مەدەنییەکان، دەبێت بە سەفسەتەیەکی سیاسیی بێمانا.

سیستەمە دەسەڵاتگەر و سوڵتانییەکان، بە شێوەیەکی گشتیی، لەپاڵ پەنابردن بۆ توندوتیژییدا، لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکیی تر کاردەکەن بۆ ئەوەی پێگەکانی دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. یەکەمیان بریتییە لە ”گەشەکردنی ئابوریی“ و ”بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان“ی ئەو دانیشتوانەی کە حوکمڕانییان دەکەن. ئەمەش لە ڕێگای دابینکردنی ھەلی کار و خزمەتگوزاریی پێویست و ژیانێکی ئاسان و مسۆگەرەوە بۆ زۆرینەی کۆمەڵایەتیی. دووھەمیان لە ڕێگای درۆ و پڕوپاگەندە و بەڵێنی خورافیی و ناعەقڵانیی بەردەوامەوە. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات، لانیکەم لە ئاستە ئابورییەکەدا، بەتاڵکردنەوەی ئەو ئابورییەیە لە توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی خزمەتگوزاریی و کار و بژێو بۆ دانیشتوانی ھەرێمەکە. دووھەمیان کۆتاییھاتنی سەرجەمی ئەو دۆر سیاسییانەیە کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە لە فۆرمی بەڵێن و مژدەدا بە خەڵکیان دەدا.

پرۆژەی چاکسازیی بەوشێوەیەی لە ئێستادا دەیبینین ھەوڵدانێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ترسناکەی کەوتنی ئەم دوو کۆڵەکە سەرەکییەی حوکمڕانی دەسەڵاتگەریی و سوڵتانی دروستیانکردوە. بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە خەڵک باوەڕ و متمانەی بە سەرجەمی نوخبە سیاسییەکە نەماوە، چ ئەوانەی حوکمڕانن و چ ئەوانەی لە دۆخی ئۆپۆزسیۆندا بوون. ئەم بێمتمانەییە تا ئەو ڕادەیەیە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیکەی حەفتا لە سەدی دەنگدەرانی ھەرێم نەچوون بۆ دەنگدان و لەوە تێگەیشتن لەناو ئەو کیشوەرە گەورەیە لە تەزویر و فێڵی سیاسییدا، دەنگدان، مانایەکی نەماوە.