سەردێڕ:

بارزانی لە چی بردیەوە؟

4/18/2021 12:48:16 PM
9000 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

رێکەوتنی ھەولێر و بەغدا دەربارەی پڕۆژە یاسای بودجە، بۆ خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم لە دوو لایەنی زۆر گرنگ کە ھەردووکیان بە دەسکەوت و سەرکەوتن بۆ حکومەتی کوردستان و شاندی دانوستانکاری و لە سەرووی ھەردووکیشیانەوە سەرۆکی حکومەت ھەژمار دەکرێن.

یەکەمیان، چەمک و گوتاری رادەستکردن و خۆڕادەستکردنیان پوچ کردەوە کە ببووە گوتاری زاڵی ژمارەیەک پەڕلەمانتار و بەرپرسی کورد لە بەغدا کە لە کوردستانیش ژمارەیەک سیاسی بڕیار بەدەست و ھەندێک بزاڤی سیاسی پاڵپشتیان دەکردن و کاریان بۆ سەرخستنی ئەو گوتارە دەکرد کە ئەگەر بە ھەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان تەواو نەبووایە ئەوە ئەوەندە بێ ھێز  دەبوو کە خۆزگە بە ھەڵوەشاندنەوەی بخوازرێ، بەڵام پێداگری و مکوڕی کەسی مەسرور بارزانی لەسەر ئەوەی کە ھەولێر کار بۆ رێکەوتن دەکات نەک خۆڕادەستکردن ھاوکێشەکەی پێچەوانە کردەوە.

دووەم، پرسی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێ و گرنگ کە وەک کارتێک لە دژی ھەرێمی کوردستان لە دەستی نەیارانی ناوخۆیی و دەرەکی دەرھێندرا لەوەی وەک بابەتێکی چەواشەکاری بەکاربھێندرێ و چیتر وەک سەرچاوەی نەھامەتیەکان تەماشا نەکرێ وەک ئەوەی ھەوڵی بۆ دەدرا.

ھەروەھا ئەو راستەقینەیە جارێکی دیکە بۆ کۆمەڵی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی و ناوخۆیش نیشاندرا کە ھەرێمی کوردستان لایەنی چارەسەرە نەک گرفت دروستکەر، ئەوەشی کرد کە ھێزە توندڕەوەکان بە تایبەتی شیعە لە عینادی سیاسی خۆی بێتە خوارێ و مل بۆ ھێزی مەنتق بدا.