سەردێڕ:

ئەو پرسیارانەی بەر لە هەڵبژاردن پێویستە ئەردۆغان وەڵامیان بداتەوە

4/11/2021 8:58:43 PM
7178 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ئایا ئەردۆگان دەتوانێ سوود لە پێگەی بارزانی ببینێ لە بەھێزکردنەوەی حیزبەکەی لە ناو کوردانی تورکیا؟

زۆر زەحمەتە ئەوە رووبدا، نەک لە بەر ئەوەی بارزانی کاریگەری نیە لە سەر کوردانی باکور، ئیستاش زۆرینەی رەھای بنەماڵە کاریگەرەکانی کوردستانی تورکیا چ ئەوانەی دەسەڵاتی عەشائیریان ھەیە و چ ئەوانەی دەسەڵاتی ئاینی واتا دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتیان ھەیە، پەیوندی نزیک و باشیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی ھەیە، ھەروەھا لە سەر ئاستی جەماوەری میژوو و ناوی مستەفا بارزانی و بنەماڵەکەی ئامادەیی و کاریگەری گەورەیان لەسەر ئاستی جەماوەری لە باکوری کوردستان ھەیە وەک چۆن لە رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی کوردستان. بەڵام زەحمەتەکە ئەوەیە ئەگەر بارزانی ئامادەبێ لەو رووەوە جارێکی دیکە ھاوکاری ئەردۆگان بکات، چونکە ئەردۆگان لە پرسی ریفراندۆم ئەوەی سەلماند کە دۆستی نیوەی رێگایە و ھی ئەوە نیە گرەو لە سەر دۆستایەتیەکەی بکرێ. پاشان ئەردۆگان وەک سەرۆکێک نەیتوانی ببێتە وەڵام دەرەوەی ئەو چاوەڕوانیەی کورد نەک لە کوردستانی تورکیا بەڵکو لە ھەرێمی کوردستانیش لێی دەکرد، چونکە سیاسیەکی عیناد و ھەموو شتێک بە پێوەدانگی شەخسی لێک دەداتەوە و مامەڵەی لەگەڵ دەکات، تەنھا لە لاوازیەوە دەست بۆ خەڵک درێژ دەکا. کەسایەتیەکی مەترسیدارە بە تایبەت بۆ میللەتانی ژێر دەستە، لە ساڵانی رابردوو چەند بەرامبەر بە کورد لە سوریا و تورکیا و ھەرێمی کوردستانیش دڵڕەق و شەڕخواز بووە، ئەوەندەش ئامادەی تەنازول کردن بووە بۆ ئەو وڵاتە زلھێزەکان. بۆیە بەر لەوەی پرسیار بکرێ ئایا بارزانی دەبێتەوە پاڵپشت بۆ بەھێزکردنەوەی پێگەی ئەردۆگان لە ناو کوردانی تورکیا، دەبێ پرسیار بکەین ئایا ئەردۆگان دەتوانێ دەستبەردای ئەو بیرە توند و شۆڤینەی ببێت کە لە ژێر سێبەری باخچەلی تەنزیڕاتی بۆ دەکات.

باشترین کار کە حکومەتی تورکیا بیکات چ ئەردۆغان بێت یان کەسێکی دیکە ئەوەیە کە دەرفەت بەو رەوتە مەدەنیە بدەن کە لە باکوری کوردستان لە سەر دەستی کەسانی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و ھەڤالانی دروست ببوو تا ئەوانە بتوانن لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا گوزارشت لە داواکانیان بکەن و بە مافەکانیان بگەن. لەو شەش ساڵەی ئەو رەوتە لە باکوری کوردستان بەھێز ببوو، قەندیل و بڕیارەکانی خەریک بوون لە بیر خەڵک دەچنەوە، ھەر ئەو ترسەش بوو سەرکردەکانی پەکەکەی لە قەندیل ھاندا تەنانەت گوێ لە عەبدوللا ئۆجەلانیش نەگرن و بەر لەوەی بەگژ دەوڵەتی تورکیا بێنەوە، شەڕیان لە دژی دەمیرتاش و ھەڤالانی دەست پێکرد و پڕۆسەی ئاشتیان لەبار برد و شەڕی مەدەنیان لە ئەنقەڕە و لە ناو پەڕلەمانی تورکیا گواستەوە بەر دەرگای خەڵکی ھەژار و بێدەرەتانی شارەکانی کوردستانی تورکیا. دەرئەنجام سەرکردەکانی رەوتی مەدەنیەتیان خستنە زیندان و کوردستای تورکیایان کردەوە بە سەربازگەیەکی گەورە و ئەردۆغانیان ناچارکرد خۆی باوێتە باوەشی باخچەلی و بیری رەگەزپەرستی لە ناو تورکیا گەشە پێبدەن لە دژی کورد. ھەموو ئەو رووداوانەی دواتر دەرھاویشتەی ئەو ھەلە مێژوویە بوو کە پەکەکە کردی و ئەردۆگانیش لە پەرچەکردارەکەیدا ھەلەکانی گەورەتر کردن.

ئایا تورکیا لە عێڕاق سیاسەتەکانی سەرکەوتوون؟

سەرکەوتنی سیاسەت یان ستراتیژیەت بۆ ھەر وڵاتێک یان دامەزراوەیەک دەبێ لە ئەنجامەکەیەوە تەماشای بکەین و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، تورکیا رەنگە تاکە لایەن کە تێیدا سەرکەوتوو بووبێت لایەنی ئابوری بووە، بەڵام ئەگەر لەو بوارەشەدا تەماشایەکی بازاڕی عێڕاق بکەی، ئاڵوگۆڕی بازارگانی تورکیا لەگەڵ عێڕاق و ھەرێمی کوردستان لە ماوەی دە ساڵی رابردوو چەند گەشەی کردووە، بەراوردی بکەین بە گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بارزگانی ئێران لە گەڵ عێڕاق. دۆخی سیاسی و و کاریگەری لە سەر سیاسەتی عێڕاق بە روونی دیارە کە لە پاشەکشێیە لە بەرژەوەندی ئێران، کە ھەموو عێڕاقی لە ژێر کۆنتڕۆل دایە تەنھا ھەولێر و دھۆک نەبێ، جا ئەگەر ئەو دوو شارە بکەونە ژێر ھەیمەنی ئێران، بە دڵنیایەوە تورکیا دەبێتە وڵاتێک کە کەمترین کاریگەری بەسەر عێڕاق دەمێنێت. رەنگە بڵێن تورکیا کارتی ئاوی لە دەستە و بەو کارتە عێڕاق ناچار دەکات کە مل بۆ داواکانی بدات. بڕواناکەم ئەو کارتە ئەوەندە سوودی ھەبێ و بتوانێ داخوازیەکانی تورکیا لە رووی سیاسی و ئابوریەوە دەستەبەر بکات. بە تایبەتیش کە ئێران خەریکە تورکیا لە ھەموو لایەک دەورە بداتەوە، لە سوریا پاشەکشێی بە تورکیا کرد و گروپەکانی سەر بە تورکیای کردنە ھێزی ھێشتنەوەی ئەسەد و بەھێزکردنەوەی و گەڕاندنەوەی سومعە بۆی لە ناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە سەر ئاستی ئیقلیمی چونکە ئێستا رژێمی بەشار ئەسەد مەقبولترە لەو گروپە چەکدارانەی سەر بە تورکیان. ئێران لە دەڤەری شەنگال و لە خواروی کەرکوک چەند سەربازگەیەکی کردۆتەوە کە چەکدارانی پەکەکە راھێنانی تێدا دەکەن و لەوێوەشەوە خەڵک تەجنید دەکەن، واتا ئەگەر تورکیا بە کوشتنی چەند چەکدارێکی پەکەکە لە ناو کوردستانی تورکیا یان ھەرێمی کوردستان دڵی خۆی بەوە بداتەوە کە پەکەکە بێ ھێز دەکات ئەوە شتێکە و دوورە لە راستی چونکە پەکەکە سەرچاوەی پەیداکردنی چەکداری ئێستا لە جاران زۆرترنەبێ کەمتر نیە ئەوەش بە ھاوکاری ئێران و بە پارەی حکومەتی عێڕاق کە لە رێگای حەشدی شەعبیەوە پێیان دەگات. لەوانەش ترسناکتر پرسی بە شیعەکردنی سوونەکانە لە عێڕاق و سوریا کە ئیستا بە خەستی کاری لە سەر دەکرێ و جگە لە عەرەب تورکمان و کوردییشی گرتۆتەوە.

ئایا ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی دەچێت یان دەتوانێ خۆی بەرامبەر ئەو فشارانەی بەغدا رابگرێ سوود و زیانی تورکیا لەو ھاوکێشەیە چیە؟

ھەرێمی کوردستان ھەبوون و بەردەوام بوونی گرێدراوی کۆمەڵێک ھاوکێشەی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، لە نێوا ئەو ھاوکێشانە ھێزگەلێک ھەیە کە نە  ھەردوو رووەکەی بە لاوازی ھەرێمی کوردستان و بە بەھێزی ھەرێمی کوردستان ئەجێندا و مەرجی خۆیان ھەیە، بۆ نموونە ئێران لە دژی ھەبوونی ھەرێمی کوردستان و بەھێزبوونی نیە ئەگەر بێ و بەشێک بێت لە ئەجێندای ئەو و رێگری نەکات لە جیبەجێکردنی ستراتیژیەتی ئێران لە ناوچەی رۆھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە بەستنەوەی ئێران بە سوریا لە رێگای وشکانیەوە، بەریتانیاش پاڵپشتی لە مانەوەی ھەرێمی کوردستان دەکا لە عێڕاق بۆ جارێکی دیکە دروست کردنەوەی ھاوسەنگی لە نێوان شیعە و سوون(ھەرچەندە ئەوەیان بە بۆچوونی خۆم ئەگەر دروست بوونەوەی زۆر زەحمەتە و لە نەکردە نزیکە) وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش کە ھەموویان خۆیان پێ بەرگریکاری سوونەیە و لە بەرەی دژی ئێران جێیان گرتووە، حەز بە بێھیزی ھەرێمی کوردستان ناکەن لە بەرامبەر بەغدایەک کە شیعە تێیدا بڕیار دەربێ. ئەمریکا کە لەو بۆچوونانە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەریتانیا ھاوڕایە دەربارەی ھەرێمی کوردستان. ھەرچەندە ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لایەنی بێھێزی ھاوکێشەکەن لە عێڕاق لە بەرامبەر ئێڕاندا، چونکە ئەمریکا تا ئیستاش دەستبەرداری ئەو بۆچوون و سیاسەتە کلاسیکیەی خۆی نابێت لەوەی باوەڕی وایە کە ئەگەر سەرۆک وەزیرانێکی سەربەخۆی یان نزیک لە خۆ دابنێ لە بەغدا ئەوە دەتوانێ پاشەکشێ بە ئێران بکات و بەرژەوەندیەکانی خۆی زیاتر بپارێزێت، ئەگەرچی ئەزموونی پازدە پازدە ساڵی رابردوو ئەوەی نیشان داوە کە ھیچ سەرۆک وەزیرانێک لە عێراق ناتوانێ لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندیەکانی ئێران بزاڤ بکات، بە تایبەتی ئیستا کە حوکمی زۆرینە بۆتە حەقیقەتێک و شیعە لە رێگای دەستبەسەداگرتنی پەڕلەمان ئەوە بیانەوێ دەیکەن و بریار دەدەن.

بە بۆچوونی من لە داھاتووێکی نزیک ھەرێمی کوردستان بەر بە بەھێزبوونەوە ھەنگاو دەنێ چونکە ئێستا ئەو ھێزانەی خۆیان پێ خاوەن بڕیار بوو لە عێڕاق بۆیان بە دیار دەکەوێت کە لایەنێکی دیکە دەنگی بە سەر دەنگی ئەوان کەوتووە و بە تەواوی کۆنتڕۆلی شەقامی شیعەی کردووە و کار لە سەر کۆنتڕۆلکردنی شەقامی کوردی و سوونی دەکات لە رێگای دامەزراندنی تۆڕێکی میدیایی زەبەلاح لە رێگای ئەو ھێزانەی لە حیزب و لایەنە سیاسیەکان کە بەشێکن لە ئەجێندای ئەو و کار بۆ سەرخستنی دەکەن.

تورکیا دەبێ چەند پرسیارێکی جدی لە خۆی بکات و دوور، ئەو سەردەمانەی ھەرێمی کوردستان بەھێز بوو پێگە و سەنگی تورکیا چۆن بوو، ئێستا کە ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا لاوازی پێوە دیارە پێگە و سەنگی تورکیا چۆنە؟ تورکیا بەشێک بوو لەو ئیرادەیەی ھەرێمی کوردستانیان لە بەرامبەر بەغدا شکاند لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر بە رێگەدان بە داگیرکردنی کەرکوک لەلایەن میلیشیا شیعیەکان و سوپای پاسدارانی ئێران. تورکیا ئەگەر سەرکەوتنەکەی لەوێ دەبینێتەوە کە پاشەکشێی بە ئامانجی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان کرد و شکستی بە ریفراندۆم ھێنا و لەو رووەوە خۆی پێ سەرکەوتوو بێت، دەبێ پرسیاری ئەوە لە خۆی بکات. دەسکەوتی تورکیا وەک وڵات چ بوو، دەرئەنجامی ئەو بڕیار لە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و سومعەی لە ناوچەکەدا چۆن بوو؟ تورکیا لە داگیرکردنەوەی کەرکوک تەنھا کوردی زیاتر لەخۆی توڕە کرد تا زیاتر رکیان لێی ببێتەوە، نەوتەکەی کەرکوکیشی رادەستی میلیشیاکانی شیعە و ئێران کرد تا بە پارەکەی خۆیان بەھێزتر بکەن و گروپەکانی سەربەخۆیان خوتتر بکەن کە پەکەکە یەکێکە لەو گروپانە و بەو پارەیە و لەو جوگرافیایەی بە حەشدی شەعبی داگیری کردووە پەکەکە سەربازگە دەکەنەوە و چەکدار زیاتر دەکەن.