سەردێڕ:

بۆ لامەرکەزیەت بۆ سلێمانی پێویستە؟

2/23/2021 1:45:22 PM
4540 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ئەو پرسیارە یەک وەڵامی هەیە کە زیاتر کار ئاسانیە بۆ بۆ دانیشتوانی ئەو پارێزگایە و پارێزگاکانی دیکە،بەڵام دوو مەبەستی جیاواز لە پشت ئەو وەڵامە هەیە:

مەبەستی یەکەم خۆی لە دەسەڵاتی حیزبی و بنەماڵەیی سیاسی ئەو دەڤەرە دەبینێتەوە کە لە رێگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەستیان بەسەر داگرتووە و ئێستا ترسیان لەوە هەیە کە کابینەی نۆیەم و شەخسی سەرۆکی حکومەت چیتر ئەوەی ساڵانی رابردوو بۆیان دەچووە سەر قبوڵی نەکات، ئەوەش لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و گەڕانەوەی هەموو داهاتی نەوتی و نا نەوتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت بەوەش ئەوان خۆیان بە زەرەرمەند دەبینن و نایانەوێ ئەو پارە مفتەی لە ساڵانی رابردوو لەسەر حیسابی خەڵکی سلێمانی و  لە بڕە بەشی شارەکە کە سەتا چل و سێی بودجەی هەرێمی کوردستان بووە و نیوەی بە هەموو خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەلەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی بووە و نیوەشی بۆ گیرفانی ماڵباتی هاوسەرۆکەکانی یەکێتی بووە. بۆیە ئەوان کە باسی لامەرکەزیەت و بە هەرێم کردنی سلێمانی و یان رادەستکردنەوەی بە بەغدا دەکەن مەبەستیان پاراستنی ئەو سەتا پەنجایەیە کە دەچێتە گیرفانیان، نەک لەبەر بەرژەوەندی خەڵک کە قسەیەکی ئەوەندە سواوە خەڵک بێزی لێ دەبێتەوە.

مەبەستی دووەم ئەوەیە کە رێگری بکەن لە بەهێزبوونەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان چونکە ئەوەیان بە زیانی بەغدای دادەنێن و ئێران نایەوێ هەولێرێکی بەهێز ببینێتەوە، بەڵکو ئەو پلانی هەیە کە قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان ئەگەر هەڵیشنەوەشێتەوە ئەوە بە رادەیەک لاوازی بکات و بە دەردی بە دەردی حکومەتەکەی کازمی ببات کە نەتوانێ لە تەنازول و داوای لێبوردن لە حەشدی شەعبی شتێکی تر بکات. لێرەشدا سەرانی یەکێتی ئامادەیان هەیە و ئەوان بەشێکن لە داڕشتنی پیلانەکە و جێبەجێکردنی بە هەمان ئامانج و نەفسیەتی شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ بەو ئامانجەی ئەوان جێگرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و ئەزموونی سلێمانی بەسەر هەموو هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن کە ئەوان وەک حاکمی عەسکەری مامەڵە بکەن، بۆ ئەوان گرنگ نیە سەر بە حەشد دەبن یان راستەوخۆ سەر بە سوپای پاسداران. گرنگ ئەوەیە پارە موفتەکە بگاتە دەستیان و ئیمپڕاتۆریەتە میدیایەکەیان لە دژی نەتەوە و نیشتمانیان کاربکەن.

هەردوو مەبەستەکە یەک ئامانجی هەیە مانەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سلێمانی بە حوکمێکی عەسکەری و گرەنتی کردنی ئەو سەتان ملیۆن دۆلارەی لە داهاتی گشتیەوە بۆ داهاتی کەسی هاوسەرۆکانی یەکێتی و بنەماڵەکانیان دەگوازرێتەوە.