سەردێڕ:

چاکسازی و ئاستەنگەکانی

1/14/2021 9:27:40 AM
5550 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

خواستی چاکسازی و سنووردانان بۆ گەندەڵی و نەھێشتنی لە چەند ساڵی رابردوو لە ھەموو سەکۆ کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان ئەوەندەی دەربارە گوتراوە تا بۆتە خاڵێک کە ھەموو خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی کۆک کردوە لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک کە دەرئەنجامەکەی لە پەڕلەمانی کوردستان بە نوێنەرایەتی ھەموو لایەک یاسایەک بڕیاری لێدرا، ئێستا سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ تیمەکەی و بە پاڵپشتی خەڵکی کوردستان دەستیان کردووە بە تەرجومەکردنی ئەو یاسایە لە گوتارێکی گشتی میللی و لە دەقێکی یاسایی بۆ واقعێک کە دەرئەنجامەکەی بە باشە بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەوانەی باسمان کردن رێگای بەردەم جێبەجێکردنی ئەو یاسایە گوڵڕێژ نیە بەڵکو ئاستەنگ و کۆسپی بۆ دروست دەکرێن، ئاستەنگەکان لە دوو ئاست دا دەبن:

یەکەمیان، خۆی لە پەرچەکرداری ئەو کەسانە دەبینێتەوە کە لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە زەرەرمەند دەبن و ئەو پارە مفت و بەلاشەی مانگانە لە رێگای گەندەڵی و دزی لە پارەی میللەت دەچووە گیرفان نامێنێ و ئەوانە شەڕی ئەوە دەکەن.

دووەمیان، ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە دەبن بەبێ لێ ھەڵاواردن(ئیستیسنا) بەڵام ھەریەکە و بەرێژەیەک،پارتیەکەی سەرۆک وەزیران کە خۆی تێیدا ئەندامی مەکتەب سیاسیە و یەکێکە لە سێکوچکەی ناوەندی بڕیاری ئەو حیزبە بۆیە چاوەڕوان دەکرێ پەرچەکرداریان لەبەرامبەر دەستپێکردنی پڕۆسەی چاکسازی بە ئاراستەی پاڵپشتیکردن بێت نەک پێچەوانەکەی، بەڵام بە دڵنیایەوە بە رێژەی سەت لە سەت نابێ، ئەو لێکدانەوەیە رەنگە بۆ جێگری سەرۆک وەزیران رێک وەکو خۆی دایبڕێژینەوە، چونکە پێکھاتەی حیزبەکەی و ناوەندی بریاردان تێیدا ھەمان شێوە نیە، سەرباری ئەوەش کاک قوباد یەکێک نیە لەو کەسانەی لەناو یەکێتی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدا بەڵکو دەبێ چاوی لە دەمی ھاوسەرۆکەکان بێت کە یەکیان رەنگە زۆر خۆشحاڵ نەبێت نە بە سەرکەوتنی حکومەت و نە بەسەرکەوتنی کاک قوبادیش وەک کەس، بۆیە لەوێوە چاوەڕوانی پەرچەکردارەکان لە بەرامبەر جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی توند بن، ئەگەر دۆخی کاک قوباد و تیمی یەکێتی لە ناو حکومەت بە رەوشی تیمی ھاوبەشی سێیەمی حکومەت کە بزووتنەوەی گۆڕانە بکەین، ئەوە دەبی ئیرەیی بە دۆخی باشی تیمی یەکێتی ببەین، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان وەک چۆن لەناو پەڕلەمان دابەش دوو بووە، لەوە دەچێ لە گردەکەش ھەمان دۆخ بێت و سەرکردایەتیەکەی کۆنتڕۆلی بەسەر ھەموو ئۆڕگانەکانی لەدەست دابێ و ھەندێکیان نەک حیساب بۆ بڕیارەکانی سەرکردایەتیان نەکەن بگرە دژایەتیشیان بکەن وەک ئەندامانی فڕاکسیۆنەکەیان لە بەغدا.

سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی و تێکڕای تیمی حکومەت کە تا ئێستا باشیان ھێناوە و بە یەک دەستی و یەک باوەڕی رووبەڕووی ئەو قۆناغە سەخت و ھەستیارە بوونەتەوە و خەریکە باری لەنگی سیاسی و ئابوری کوردستان راست دەکەنەوە، بۆ ئێستا ھەرێمی کوردستان و بەھێزکردنەوەی و گەڕاندنەوەی پێگەی شایستەی خۆی وەک قەوارەیەکی دەستوری و بۆ خەڵکەکەی پێویستە لە جاران زیاتر ھەموویان وێکڕا مل بدەنە بەر ئەو ئەرک و کارە قوڕسە و کوردستان ببەنە قۆناغێکی دیکە کە تێیدا دادپەروەری و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ ھەمووان بێت نەک بۆ ھەندێک.