سەردێڕ:

ئەو عێراقەی ئەمریکا قبوڵی ناکات

9/28/2020 8:11:19 PM
7037 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگا پەیوەندی ئەو لەگەڵ عەرەبی عێراق پەیوەندی داگیرکەر و داگیرکراوە کە ھەرگیز ناتوانن بەیەکە ھەڵبکەن، دەبێ ئەوەش بزانێ پەیوەندی شیعە کە زۆرینەی عەرەبی عێراقن لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی رۆحی و عەقائیدییە و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقییە، بۆیە ئەمریکا لایەنی کەم لە عێراقی شیعە ناتوانێ رکابەری ئێران بکات، نە بە گۆڕینی کەسی سەرۆک وەزیران و نە بە موجامەلە کردنی شیعە بە بێھێزکردنی سونە و پشت کردنە کورد، زۆرینەی سونە ئەمریکا وەک دوژمن تەماشا دەکەن و ئەوەیان تاکە خاڵی ھاوبەشە لەگەڵ شیعە و خەریکە کوردیش وێنەی ئەمریکا بەو شێوەیەی ببینێت.

تا لە چاوی ئینگلیزەوە ئەمەریکا تەماشای عێراق و ناوچەکە بکات لە ئێستا باشتر نابینێ و لەو پاشەکشێ کردنەی کە پازدە ساڵە ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران دەیکا دەبێ بەردەوام بێ، لە نموونەی یەمەنەوە بگرە تا عێراق و سوریا و لوبنان ئەوە راستی دووبارە دەکەنەوە کە ئەمریکا ھەر ھەنگاوێک بۆ دواوە داوێ ئێران یان روسیا جێی دەگرنەوە، بۆیە تاکە دەرفەت و تەنھا دەرفەت بۆ ئەمریکا ئەوەیە لە ناو ئەو بازنە پیرۆزەی ئینگلیز لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کێشاویەتی بچێتە دەرەوە و تۆزێک دوورتر لە وێنەکە بڕوانێ تا راستییەکان باشتر ببینێ و تێبگا.

لە دوو ھەزار و پێنجەوە تا بە ئەمڕۆ دەگا ئەمریکا ھیچ نەما لەگەڵ شیعە تاقی نەکاتەوە لە گۆڕینی کەسەکان، لە ھەوڵدان بۆ خۆ نزیک کردنەوە لە لایەنێک یان زیاتر، سەردەمانێک مالیکیان کردە قارەمانی عڕوبە و گوتیان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەناو دەبات کە ئەوکات تەنھا سوپای مەھدی موقتەدا سەدڕ بوون، دواتر سەدڕیان کردە پاڵەوانی چاکسازی و لەناوبردنی گەندەڵی، ئەوجا نۆرەی عەبادی ھات و ئێستاش کازمی کە ھەموویان ئەنجامەکەیان وەک یەکە ناتوانن لە دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئێران بزاڤ بکەن چونکە ئەگەر وا بکەن کۆتاییان دێ، بۆیە ئەنجام مالیکی دەرچوو ئەندامێکی سوپای پاسداران و سەدڕیش قوتابییەکی گوێڕایەڵی حەوزەی قووم و عەبادیش لە بوکەڵەیەک بە دەستی کۆچکردوو قاسم سولەیمانی زیاتر نەبوو، کازمیش لە باشترین حاڵەتدا ئەوە بوو کە نەیتوانی چەند چەکدارێکی میلیشیاکانی حەشد زیندانی بکات کە کاریان موشەک گرتنە ناوچەی سەوز بوو.

گۆڕین لە ستراتیژیەت و پێداچوونەوە بەو سیاسەتەی کە بۆتە ھۆی شکاندنی شکۆی ئەمریکا لە ناوچەکە تاکە رێگایە کە ئەمریکا بتوانێ لایەنی کەمی بەرژەوەندییەکانی بپارێزێ، بەر لە ھەموو شتێک ئەمریکا نابێ چیتر وەک پیرۆزی تەماشای سنوورە دەستکردەکانی ئەو ناوچەیە بکات و دەوڵەتەکان لە سەرووی بەرژەوەندی گەل و میللەتان تەماشا بکات و مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

ئەمریکا دەبێ لە خەیاڵی ئەوە بێتە دەرێ کە سیاسەتی بە ناوەندکردنەوەی بەغدا و بەھێزکردنەوەی ناوەند و دروستکردنی دیکتاتۆرێک دەتوانێ بەھۆیانەوە روبەڕوی ئێران ببێتەوە یان لایەنی کەم دەسەڵاتی کەم بکاتەوە، چونکە ئێران لە عێراقدا خاوەنی زەوی و ھێزی سەربازییە، ھەروەھا لە ھەموو رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چارەگە ملیۆنێک چەکداری راھێندراو و ئامادەی ھەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

بۆ ئەمریکا و خەڵکی عێراقیش باشترین چارەسەر دابەشبوونی ئەو وڵاتەیە بۆ سێ ھەرێمی کۆنفیدڕاڵی کە ئەنجوومەنێک یەکسان و ھاوتا لە بەغدا نوێنەرایەتی ھەرسێکیان بکات و بڕیار لەسەر پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان بدات، کە دەستووری ھەمیشەیی عێراقیش پاڵپشتی لە دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی ئەوھایە کە دەسەڵاتی لە سەرەوەی دەسەڵاتی ئەنجوومەنی نوێنەران بێ و بڕیارەکان تێیدا بە سازان و ھاوبەشی بێت، ئەگەر نا ئەمریکا رۆژی خۆشتر لە ئەمڕۆ لە عێراق نابینێ.