سەردێڕ:

کێ یەکێتی دەناسێتەوە؟

7/15/2020 4:13:30 PM
15218 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

لە دواین کۆنگرەی یەکێتی بەجدی ئەوە خرابووە ڕوو کە پێویستە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بگۆڕدرێ بۆ یەکێتی نیشتیمانی عێراق، بەڵام لەبەر پەرچەکرداری سەرکردە پیرەکانیان و پەرچەکرداری جەماوەری ئەوەیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی داھاتوو کە بەپێی زانیاری جەماعەتی لاھور جەنگی دەیانەوێ لە ماوەی دوو ساڵ ئەنجامی بدەن نەک چوار ساڵ.

یەکێتی لە دوای چل و چوار ساڵ تەمەن دەستی لە ھەموو ئەو دروشمانە ھەڵگرتووە کە خەڵکی پێ ھاندەدا لە مافی چارەی خۆنووسینەوە بگرە تا بە قودس کردنی کەرکوک و دەست ھەڵنەگرتن لە چیاکانی حەمرین وەک سنووری جیاکەرەوەی نێوان کوردستان و عێراق، کە ئەوانە زادەی باوەڕی مام جەلال دامەزرێنەر و سکرتێری گشتی یەکێتی بوون، بە کورتی دەست بەردان لەو دروشمانە کارکردنە بۆ سڕینەوەی مێژووی جەلال تاڵەبانی و لابردنی کاریگەریەتی لەسەر لاشعوری یەکێتیەکان.

یەکێتی کە بە دەرچوون لە بازنەی بەرژەوەندیە باڵا نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و وەستانەوە لە دژی ئیرادەی سەربەخۆیی خوازی خەڵکی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ خاک رادەستی داگیرکەر دەکاتەوە و کار بۆ سارکردنەوەی خەڵکی کوردستان دەکات لە خەباتیان لە دژی داگیرکاری و پێشێل کردنی مافەکانیان لەوەش خراپتر بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان وەک سەرچاوەی نەھامەتیەکان دەناسێنن.

یەکێتی کەرکوک و نیوەی خاکی باشوری کوردستانی لە چواچێوەی رێکەوتنێکی حیزبیانە رادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق کردەوە، ھەروەھا ١٧٠ تیرۆرستی داعشیان لە رێکەوتنێکی دیکەی حیزبیدا ئازاد کرد، ئێستاش لە رێکەوتنێکی دیکەی شاراوە و حیزبیدا خەریکە کفری و ناوچەی دیکەی گەرمیان رادەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەکەنەوە لە نێو بێدەنگیەکی ترسناکی دامەزراوە فەرمیەکان و میدیای کوردستانیدا، بەبێ ئەوەی کەسێک پرسیارێکی جدی لە سەرانی یەکێتی بکات ئەرێ بۆ وا دەکەن!.