سەردێڕ:

ھەولێر لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە

5/30/2020 3:13:18 PM
6784 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

گرەو کردن لەسەر ھەولێر تازە نیە، بەڵام ئەوە تازەیە دوو گرەوی جیای لە سەر دەکرێ، ژمارەیەک حیزب چاویان لەوەیە ھەولێر بکەنە خاڵی وەستاندن و ترساندنی حکومەت و ساردکردنەوەی لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی یان لایەنی کەم حکومەت ناچار بکەن بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە حیزبیەکانیان ئەو یاسایە جێبەجێ بکات، لەلایەکی دیکەشەوە حکومەت و پارتی کە زۆرینەی پەرلەمان پێکدەھێنێ و سەرۆکایەتی حکومەتی لایە دەیانەوێ ھەولێر وەک دەنگ و نوێنەری خەڵکی کوردستان ئامادەیەکی کاریگەری ھەبێت لە فشار دروستکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھێزگەلەی ھەوڵدەدەن داخوازی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و باشترین ھەنگاو بۆ سنووردانان بۆ دیاردەی گەندەڵی و بە ھەدەردانی سامانی گشتی و بردنی داھات و پارەی میللەت بۆ گیرفانی کادیرەکانیان کە بە ناھەق و نایاسایی موچەی حکومەت یان خانەنشینی پلەی تایبەت وەردەگرن بەبێ ئەوەی رۆژێک کارمەند و فەرمانبەری حکومەت بووبن.

وەک ھەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستانیش لە بەردەم بەرپرسیاریێتەکی مێژووی و یەکلاکەرەوەدان لە سەرخستنی ئیرادەی خەڵک و شکست بە بەرەی گەندەڵکاران و موفتخۆرەکانی حیزبەکان بھێنن، یان ئەگەر ئەو بەرەیە سەرکەوت ئەوە ئامانجی چاککردنی باروگوزەرانی خەڵک و نەھێشتنی زێدەڕۆیی لەسەر داھاتی گشتی دەبێتە تەنھا بەیت و بالورە و دەبێ ھەر بۆ یەکدی بیڵێینەوە.

ئەو حیزبانەی کە ھەوڵی رێگریکردن دەدەن لە بڕینی خانەنشینی نا یاسایی و نەھێشتنی دوو و سێ موچەیی، خەریکی کۆکردنەوە و ھاندانی ئەو لەشکرەن لەو ھەزاران ھەزار کەسانەی بە نایاسایی موچە وەردەگرن و پلە و موچەی بەرزیان ھەیە لە پەنای کۆمەڵێک دروشمی بەتاڵ، ئەو حیزبانە کە بە درێژایی سەری زمان و بنی زمانیان تۆمەتبارکردنی حکومەت بوو بە گەندەڵی و وایان نیشاندەدا کە پارتی رێگرە لە بەردەم چاکسازی، بەڵام ئێستا کە پڕۆژەی چاکسازی لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە و حکومەت بڕیاری جێبەجێکردنی لە زووترین کاتدا دەرکردوە، ھەر ئەو حیزبانە ھەموو کارێک دەکەن و ھەموو شتێک دەڵێن بۆ رێگریکردن لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە کە خێری خەڵکی ھەژار و چینی مامناوەندی و موچەخۆرانی تێدایە.

ئەو حیزبانە کە ترسی گەورەیان لەوەیە ئەو خەڵکانەی چەندین ساڵە بە موچەی مفت و پارەی گەندەڵیان راگرتوون لێیان بتەقنەوە و چیدیکە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگیان پێنەدەن، ھەروەھا ئەو ھەموو دەزگا میدیاییە و میدیاکارانەشیان لە دەستدەچن کە وەک کەرەستەی شەڕی حیزبی و تەسفیەکردنی حیسابە سیاسیەکان بەکاریانھێناون و زۆرینەیان بە پلەی بەرزی وەزیفی یان سەربازی خانەنشین کردوون، لەلایەکی دیکەشەوە کە پڕۆژەی چاکسازی جێبەجێ بکرێ حکومەت بەبێ کێشە و دواکەوتن دەتوانێ موچەی موچەخۆرانی موستەحەق بدات و دەستی بە پرۆژە خزمەتگوزاریەکانیش رابگات و لەوانەش گرنگتر دەستی لەبن سەری بەغدا دێتە دەرێ و چیدیکە ئەوەندە منەتی ھەڵناگرێ، بەوەش ئەو حیزبانە چیدیکە ناتوانن ئەو پرسانە وەک کەرەستەی میدیایی و ئامرازی ھاندانی خەڵک لە دژی حکومەت و مافدان بەخۆیان بۆ دەست دۆیی کردن بۆ بەغدا و ھەوڵدان بۆ بێھێزکردنی کوردستان لە بەرامبەر دەوڵەتی عێڕاقی داگیرکەر.

گرەوی ئەوجارەی ھەولێر یەکلاکەرەوەیە و وەک ھەموو جار بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە دەیباتەوە لە بەرژەوەندی خەڵک و موچەخۆران و راستکردنەوەی ھەموو ئەو ھەڵە و زێدەڕۆیانەی حیزبەکان لەسەر داھاتی گشتی و گەنجینەی حکومەتیان کردوە، نیەتی ئەو حیزبانەش کە دەیانەوێ ھەولێر بکەنە کەرەستەی وێرانکردنی ئەو قەوارە دەستووریەی کە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەد ساڵی گەلی کوردستانە، زیاتر نیە لە  گرەوکردن لەسەر ئەسپی تۆپیو.