سەردێڕ:

کورسیەکانی کۆتا مان و نەمان

5/9/2020 12:57:45 AM
11486 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

لە کوردستان ھیچ کەمە نەتەوەیەک ناژی، لە کوردستان پێکھاتەی نەتەوەیی و ئاینی ھەیە و ھەموویان خاوەنی خاک و ماف و ئەرکنو کە خۆی بە کەس نەکردووە، ئەوەی ئەو دوو رۆژە دەربارەی خوشک و برایانی کرستیان و تورکمان دەگوترێ لەلایەن یەکێتی و ھاوئاوازەکانی یەکێتی، گەیشتۆتە رادەی رەگەزپەرستی و لە لێدوان و ھەڵوێستەکانیان دیارە ئەگەر بتوانن نەک کورسی کۆتا ناھێڵن، بەڵکو مافە سەرەتاییەکانی دیکەشیان لێ دەستێنەوە.

بەراستی ئەوەیان خاڵێکی رەشە و دەبێتە بەشێک لە مێژووی ئەو ھێزگەلەی کە تەنھا لەسەر  ھەڵوێستێکیزۆر ئاسایی و یاسایی کە تەنھا دەنگ دان بووە بۆ لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتارێک کە لە دادگا داواکراوە و بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمان و بریارەکانی پڕۆسێسەکە ئەنجامدراوە.

حیزب و لایەنەکان مافی خۆیانە گلەیی لە ھەڵوێستی پەڕلەمانتاران بکەن و کارەکەیان بەباش نەزانن بەڵام مافی ئەوەیان نییە لە بەرژەوەندی حیزبی و چەند دەستکەوتێکی سیاسی کاتی پێکھاتەکانی کوردستان لە نەتەوە و ئاینییە جیاوازەکان بدەیە بەر تانە و تەشەر و سوکایەتیان پێ بکەی و باس لە نەھێشتنی کورسی کۆتا بکەی کە یەکێکە لە مافە ھەرە سادە و سەرەتاییەکانی ئەو پێکھاتانە کە خاوەنی کوردستانن.

باسکردنی لە کەمکردنەوەی یان نەھێشتنی کورسی کۆتا بەر لە ھەموو شتێک بێڕێزیکردنە بە مێژووی ھەزاران ساڵەی پێکەوە ژیان و لێبوردەیی کوردستان، کە ئێستاش جوانترین وێنە و ناونیشانە کە سەرنجی خەڵکی جیھان رادەکێشێ، ھەروەھا تۆڵەکردنەوەیەکی سیاسی ئایدۆلۆژی شۆڤینیانەیە کە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو باوەڕەی "ئەوەی لەگەڵم نەبێ دوژمنمە".

خۆ ئەگەر ھەڵوێستی پەڕلەمانتارانی کرستیان و تورکمان و یٔێزیدی و یٔەرمەن لەگەڵ بۆچوونی ئەوان بایە ئێستا لە جیاتی ھێرشکردنە سەریان و سوکایەتی پێکردنیان وەک پاڵەوان بە شان و باڵیان ھەڵدەگوتن.

باسکردنی ژمارەی دەنگەکان کە گوایە ھەندێکیان بە چەند سەت دەنگێک بوونەتە پەرلەمانتار شورەییەکی گەورەیە و گچکەکردن و بێبەھاکردنی ئیرادەی دەنگدەرانە، باشە پەڕلەمانتارانی نەوەی نوێ لەخۆیان پرسیوە دەنگەکانیان چەند بووە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و زۆرینەی پەڕلەمانتارانیان بە خێری دەنگەکانی قوباد تاڵەبانی نەبوایە لەسەر کورسی پەڕلەمان دانەدەنیشتن.