سەردێڕ:

پارێزبەندی لە نێوان حیزب و یاسادا

5/5/2020 8:52:39 PM
9023 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

پرسی ھەڵگرتن و ھەڵنەگرتنی پارێزبەندی لە سەر ئەندامانی پەڕلەمان پرسێکی یاساییە و ھەق نیە بە سیاسی بکرێ و ئەوەشیان بکرێتەوە کەرستەی تۆخکردنەوەی ناکۆکی و بەگژیەکداچوونەوە، بە پێچەوانەوە باشترە بە شێوەیەکی یاساییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ و دەرفەت بدرێ یاسا و رێکارە یاساییەکان رێڕەوی خۆیان وەربگرن و ھەر کەسە مل کەچی یاسا بێ و لە ڕێگەیەوە بە مافی خۆی بگات.

چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوور نییە کە کێماسیەکی گەورەیە ئەوە لە کاتی ھەبوونی گومان و لێکدانەوەی جیاواز بۆ دەقی یاسایەک وەک باوە بۆ دەستووری ھەمیشەیی عێڕاق دەگەڕێنەوە، وەک ئەوەی ئیستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەنای بۆ دەبات لە پرسی لامەرکەزیکردنی ئەو پارێزگایە، بۆ دەکرێ لەو پرسەش بۆ دەستووری عێڕاقی بگەڕێنەوە.

لە دەستووری عێڕاقیدا لە مادەی (٦٣) باسی پرسی پارێزبەندی و بەکارھێنانی ئەو مافە لەلایەن پەڕلەمانتارانەوە کراوە ھەروەھا چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان لە پرسە یاساییەکاندا، ئەو مادەیە ماف بە پەڕلەمانتاران دەدا بە ئازادانە لە ماوەی خولەکانی پەڕلەمان و لە ناو ھۆڵی کۆبوونەوەکانی پەڕلەمان بۆچوونی خۆیان بڵێن بەبێ ئەوەی لەسەر دەربڕین و پێشکەشکردنی ئەو بۆچوونانە روبەڕوی سزای یاسایی ببنەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە پەڕلەمانتار دوور لە ترس و فشار بتوانێ دەربارەی پرسەکان بە ئازادانە بۆچوونی بڵێ و زانیاریەکان ئاشکرا بکات.

دەستووری عێڕاق بەھیچ شێوەیەک رێگری ناکا بۆ پەلکێشکردنی پەڕلەمانتاران بۆ بەردەم دادگا و لێپێچینەوە لێیان ئەگەر تاوانێکیان کردبێ وەک ئەوەی لە یاسای ژمارە (١١١) یاسای تاوانەکانی عێڕاقی ساڵی ١٩٦٩ ھاتووە، لەو مادەیەیە دەستوور لە بڕگەی (ج) ئەوەش ھاتووە کە لەکاتی ئەنجامدانی تاوان یان ساغبوونەوەی تاوانەکە پەڕلەمانتارەکە لە سزادان نابوێردرێ یان نابەخشرێ بەھۆی هەبوونی پارێزبەندی.

لە شەڕە قسەی ئەو چەند رۆژە و لێدوان و راگەیەندراو و دەربڕینی ھەڵوێسەکان لەلایەن فڕاکسیۆن و حیزبە بەشدارەکانی پەڕلەمان بە تەواوی ئەوە بەدیار دەکەوێ کە بوونی حیزب لە بوونی قانون باڵاترە و زیاتر ھەوڵی بەسیاسی و حیزبیکردنی پرسەکە دەدرێ نەک مامەڵە لەگەڵکردنی وەک پرسێکی یاسایی ئەوەش بۆ ئەو راستەقینە تاڵەمان دەبات کە بەھێزترین دامەزراوە لە کوردستان دامەزراوەی حیزبە و رای گشتی ھێشتا گچکەکراوەی بەردەستی حیزبە.

زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵ ھەڵنەگرتنی پارێزبەندین لە سەر پەڕلەمانتاران بە ھەڵە لە پرسی پارێزبەندی تێگەیشتوون بەوەی کە پەڕلەمانتار ھەرچی بکەن و بڵێن ئەگەر نایاساییش بن و بچنە خانەی تاوان ئەوە نابێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ و بانگھێشتی دادگا بکرێ، بەڵام پێچەوانەی ئەو لێکدانەوانە راستە وەک ئەوەی لە یاسای تاوانەکانی عێڕاقدا ھاتووە کە ھەموو کەسێک بە پەڕلەمانتارانیشەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێ کە تاوانێک ئەنجام دەدەن جا ئەو تاوانە (کردار – فعل بێت یان گوتە – اقوال).

ئەوەی ئێستا سەرۆکی حکومەت دەیکا و ئەو رێکارانەی دەیانگرێتە بەر بە ئاراستەی بەھێزکردنەوەی دامەزراوەی دەوڵەتە (قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان) کە کۆمەڵگە بە ئاراستەی سەروەربوونی یاسا و ملنەدانە بۆ دامەزراوەکانی دیکە کە کۆمەڵگە دابەش و پارچە دەکەن و بە ئاراستەی یاساشکێنی ھانیان دەدەن.

لابردنی پارێزبەندی نە کەمکردنەوەی مافی پەڕلەمانتارانە و نە تاوان بارکردنیانە، بەڵکو رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە ھەست دەکەن تاوانیان بەرامبەر کراوە و ئەوان دەیانەوێ بە یاسا و لە دادگا مافەکانیان وەدەست بێنەوە.