سەردێڕ:

حیزبایەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا

3/26/2020 8:59:37 PM
4861 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

دەڵێن کۆرۆنا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یەکخست و لە وڵاتان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی یەکهەڵوێست کرد و بووە هۆی وەستانی شەڕ لە زۆر شوێن، تەنها لە هەرێمی کوردستان نەبێ شەڕی سیاسی گەرمتر و توندتر کردووە، لەوەش سەیرتر ئەو لایەنانەی حکومەتیان پێکهێناوە و وڵات بەڕێوەدەبەن، کەوتوونەتە وێزەی یەکدی و هەزار و یەک بەهانە دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی هێرشبکەنە سەر حکومەت، بە کەمتەرخەم و بێپلان نیشانیبدەن و ئەو کێماسیە و خەوشەش بە حیزبە هاوپەیمانەکانیان ساغبکەنەوە.

دەبوایە وێنەکە پێچەوانە بێت، پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکە تەواوکەری یەکدی بن و یەکدەست روبەڕوی ئەو دۆخە ترسناکە ببنەوە، نەک لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت پارتیە و وەزیری دارایی گۆڕانە، یەکێتی وەک ئۆپۆزسیۆن و دژە دەسەڵات هەڵسوکەوت بکات و فشار دروستبکات و باری حکومەت گران بکات، لە کاتێکدا جێگری سەرۆک وەزیران یەکێتیە و ژمارەی وەزیرەکانی لە گۆڕان زیاترە و وەک وەزیرێک لە پارتی کەمترە.

لایەنە ئیسلامیەکانیش دروستنییە بە هاندانی سۆزی خەڵک هەوڵی کۆسپدروستکردن بدەن لە بەردەم جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان، چونکە لە کۆتاییەکەی هاوڵاتییان قوربانین و باجی ئەو ململانێیە دەدەن.

دەبوایە حیزبەکان بە هەموو شێوە و شێوازێک هاوکار و پاڵپشتی حکومەت بن، لایەنی کەم خەرجی ئەو مانگەی بارەگاکانیان و ئیمتیازاتی بەرپرسەکانیان کە پێویستە لە ماڵەوە بن نەک کار، هەروەها دەبوایە ململانێی یەکتری بکەن کا کامیان زیاتر هاوکاری حکومەت دەبێت، نەک کامەیان زیاتر دژایەتی دەکات، داخستنی دەزگا میدیایەکانیان کە پارەیەکی یەکجار زۆریان پێویستە و پێشکەشکردنی بە حکومەت، رەنگە وای بکردایە وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی پارەی بەغدا نەکات هەتا موچەی فەرمانبەران بدات، یان لایەنی کەم ئەو کورت هێنانەیان پڕدەکردەوە کە رەنگە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە داهاتی مانگانە دروستبووبێت، نەک ئاڕاستەی میدیاکانیان بە هێرشکردنە سەر کارەکانی حکومەت وەربگێڕن و زیاتر بێ ئومێدی و ترس لە ناو خەڵک بڵاوبکەنەوە.

تێپەڕاندنی ئەو دۆخە گیانێکی مرۆڤدۆستانە و مامەڵەیەکی بە ویژدانانەی دەوێت، نەک قوڵکردنەوەی قەیرانەکە و هەوڵدان بۆ ماندووکردنی نەفسیەتی خەڵک، حیزبەکان دەتوانن بە ئاڕاستەکردنی خەڵک بە مانەوە لە ماڵەکانیان و پێگیریکردن بە بڕیار و رێنوماییەکان هاوکارێکی باشی حکومەت بن، چونکە ئەوە راستەقینەی کۆمەڵگەی ئێمە، ئەوەندەی بە قسەی حیزب دەکەن بە قسەی حکومەت ناکەن، چونکە کۆمەڵگەیەکین تەواو بە حیزبی کراوین، کادیر و ئەنداممان هەیە نەک تاک و هاوڵاتی.