سەردێڕ:

کابینەی نوێ پێک دێت؟

3/17/2020 6:41:23 PM
7160 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

بەرهەم سالح رۆژێک دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی، عەدنان زەرفی بۆ پێکهێنانی کابیبەی نوێی حکومەت راسپارد بە نووسراوێک کە مێژووی دوێنێ ٣/١٦ لەسەر داندراوە.

بەرهەم ساڵح دووجار نا یاسایی و نا دەستووری کردووە! بە دڵنیایەوە لە پێناو ئامانجێک ئەوەی کردووە، زیاتر شیمانەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەڵێنی دانانی چەند کەسێکیان وەک وەزیر پێدابێت.

بەرهەم ساڵح لەوەتەی لە ناو یەکێتی پەراوێزخراوە و نەکرا بە سەرۆکی یەکێتی هەموو هەوڵ و کارێک دەکات بۆ ئەوەی لە بەغدا شوێن پێی قایمتربێت و شیعە پاڵپشتی لێبکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرکۆمار.

لە پێناو ئەو ئامانجەی پاڵپشتی لە سەپاندنی دەسەڵاتی زۆرینەی سیاسی شیعە دەکات، لە سەر حیسابی پاشەکشەپێکردنی مافە دەستووریەکانی گەلی هەرێمی کوردستان و  هەروەها پێکهاتەی سوننە، لە ژێر ناونیشان و بانگەشەی دەربازبوون لە پشکپشکێنە و کەمکردنەوەی رۆڵ و کاریگەری هێزە سیاسیەکان لە دیاریکردنی وەزیرەکان و دانی ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو.

عەدنان زەرفی کە سەرۆکی رەوتێکی سیاسی شیعەیە (ئیئتیلافی وەفا) و لەسەر لیستی ئیئتیلافی نەسری حەیدەر عەبادی پەڕلەمانتارە، رەنگە پاڵپشتیکردنی لە لایەن بەرهەم ساڵحەوە هەر درێژکراوەی ئەو رێککەوتنە بێت، کە لە دوای داگیرکردنەوەی کەرکوک لە لایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسدارانی و حیزبوڵای لوبنانی، بۆ رادەستکردنەوەی هەموو کوردستان بەو هێزانە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان، داوای دامەزراندنی حکومەتی ئینقازی دەکرد، سەرۆکایەتی ئەو شاندەشی دەکرد کە سەردانی بەغدایان کرد و داوایان لە عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات دەکرد، کە ئەگەر چەند مانگێکی دیکە موچەی فەرمانبەرانی کوردستان نەنێرێ ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوخێنن.

دواتریش هەر بە راسپاردە و پاڵپشتی ئەو کەسانەی سەرکردایەتی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەریان دەکرد یەک دەنگی کوردستانی تێکدا و بووە سەرۆک کۆماری عێڕاق.

هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە عەدنان زەرفی هەمان چارەنووسی محەمەد عەلاوی دەبێت و شکست دێنێ و گۆڕەپانەکە هەر بۆ عادل عەبدولمەهدی دەمێنێتەوە، بەوەش بەرهەم ساڵح ژمارەی شکستەکانی زیاتر دەکات و شانسی بوونەوەشی بە سەرۆک کۆمار کەمتر دەکات.