سەردێڕ:

پاپا چ وەڵامێکی بارزانی دایەوە؟

2/19/2020 5:29:27 PM
28760 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

پرسی پێکەوە ژیان و ھەست بە ئارامی کردنی ھەموو نەتەوە و ئاینەکان خاڵێکی بەھێزی جیاکردنەوەی کوردستانە لەگەڵ بەشە عەرەبستانەکەی عێڕاق، لەوێ یاسای "زۆرینەی بەھێز کەمینە بێھێزەکان لەناودەبەن" بەرکارە.

لە باشوری عێراق لە زۆرینەی شیعە بترازێت، ئاین و ئاینزاکانی دیکە دەرکراون لە رێگای کوشتن و شوێن بزرکردن و ترساندن و دەستگرتن بەسەر ماڵ و سامانیان.

لە کوردستان وێنەکە تەواو پێچەوانەیە بە گوێرەی یاسای پەڕلەمان تەنانەت دەستەواژەی کەمینە دروست نیە و دەستەواژەی پێکھاتە بۆ ئاین و نەتەوەکان بەکار دێت ژمارەیان ھەرچەند بێت.

ئەو وێنە راستەقینەیە لای پاپای ڤاتیکان بە تەواوی روون و دیارە بۆیە ھەر بەرپرسێکی باڵای ھەرێمی کوردستان دەچێتە ئەوروپا ئەوا دەرگاکانی ڤاتیکان بۆ پێشوازیان دەکەونە سەر پشت و پاپا بە خۆشحاڵی و گەرموگوڕیەوە بەخێرھاتنیان دەکات.

دیداری پاپا و مەسرور بارزانی لە گەرموگوڕی و دۆستایەتی ھەمان چوارچێوەی دیدارەکانی دیکەی پێشتری سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی ھەبوو.

بەڵام قبوڵکردنی داوەتەکەی پاپا بۆ سەردانی کردنی ھەولێری پایتەختی کوردستان دیارییەکی بەنرخ و گرنگی ڤاتیکان و قەداسەتی پاپایە بۆ چاکەدانەوەی پێشمەرگە و رێزگرتن لە خوێنی شەھیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆرستان و نیشاندانی پێزانینە بۆ خەڵکی کوردستان،

 کە ھەمیشە باوەشێکی کراوە بووینە بۆ ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی ئاینی و نەتەوەیی کە لە شوێنەکانی دیکە ھەڕەشەی لەناوبردنیان لێدەکرێت.

لە دوای قبوڵکردنی داوەتەکە، حکومەیی ڤاتیکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگ دەبن بۆ دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ سەردانییەک لە دەرفەتێکی نزیکدا.

وەڵامە ئەرێنییەکەی پاپا بۆ داوەتەکەی بارزانی، تەواوکەری ئەو سەرکەوتنە دبلۆماسییە گرنگە بوو کە لە رۆژانی دیداری میونشن لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بوون، کە وەک سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکی سەربەخۆ لەلایەن بەرپرسان و کەسایەتییە گرنگەکانی وڵاتان و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیھان گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ دەکرا.

بە تێکڕایی دیدارەکانی میونشن و دواتر سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و لە کۆتایشدا قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، ئاماژەی دیاری پێگەی بەھێزی ھەرێمی کوردستانە لە ھاوکێشە سیاسی و ئابورییەکانی ئەو ناوچەیە کە خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی دیکە لە داڕشتنەوەی ھاوکێشەکان و ھاوپەیمانیەتییەکان و نەخشەی ئابوریی و سیاسی ناوچەکە.