سەردێڕ:

پرسی چاکسازیی لە نێوان حکومەت و پەڕلەماندا

1/26/2020 12:45:44 PM
4035 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ھەموو ئەو رەخنە و گلەییانەی چەندین ساڵ بوو لە حکومەت ھەبوون دەربارەی پرسی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و کەمکرندەوەی ناعەداڵەتی لە دابەشکردنی داھاتی گشتی و یەکسانکردنی ھەمووان لە بەرامبەر ئەرک و کاردا، لە ئامادەکردنی یاسای چاکسازیی و رەوانەکردنی بۆ پەڕلەمان حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆپەکەی فڕێدایە ناو گۆڕەپانی یاسادانەران کە لە ھەمان کاتدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستانیش دەکەن بە ھەموو پێکھاتە و لایەنەکان، بەوەش حکومەت دەرگای بەسەر پەڕلەمان و لە رێگەی ئەوانیشەوە بەسەر ھەموو میللەت واڵاکرد بۆ ئەوەی ھاوکاری بن و لابارێکی لەگەڵ بگرن بۆ چاککردنەوەی ئەو کێماسیانەی بە ھەر ھۆ و ھۆکارێک کرابن.

حکومەت لە ئەرکی خۆیدا سەرکەوتوو بوو ئەگەرچی لەناو ئەنجوومەنی وەزیراندا ھەوڵ ھەبوو کە یاساکە چۆن لە خولی پێشووی پەڕلەمان لەبار بردرا جارێکی دیکە زیندی نەکرێتەوە ئەگەر مکوڕی و ڕشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نەبووایە کە تەنانەت رێگەی نەدا ھەوڵەکانی جێگرەکەشی جێبگرن کە لە کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە بڕیاردان بە پڕۆژە یاسای چاکسازی داوای کردبوو تەنیا دوو ھەفتە بڕیاردان لە سەر پڕۆژە یاساکە دوابخرێت.

دوای پەسندکردنی یاساکە بە ھەندێک لێکەمکردن و ھەندێک خستنەسەر لەلایەن پەڕلەمانی کوردستانەوە دەکرێت بپرسین ئایا نوێنەرانی میللەت لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بوون؟
بێگومان وەڵامەکە رێژەیی دەبێت و رەھا نابێت، بەڵام رێژەی زۆرینە لەگەڵ ئەوەدان کە پەڕلەمانتاران سەرکەوتوو نەبوون لە نوێنەرایەتی کردنی داخوازیەکانی خەڵک، بەڵکو ئەو تۆمەتانەیان لەسەر خۆیان ساغکردەوە کە کەسانێک دەیانگوت ئەوان لە خەمی خۆیانن نەک خەڵک، بە تایبەتیش لەو ماددەیەی تایبەت بە پرسی خانەنشینکردنی خۆیان لە یاساکەدا بازیاندا بەسەر داخوازی زۆرینەی خەڵکدا کە داوایان لێدەکردن یاسای خانەنشینی پەڕلەمانتاران ھەڵبوەشێنەوە، بەڵام پەڕلەمانتاران ملیان بۆ ئەو داخوازیە نەدا.

رەخنەی خەڵک لە پرسی گەندەڵی لە چەند خاڵێکی کورت و کەمدا کۆببووە کە ئەوانە بوون:
- ھەموو ئەوانەی بە ناھەق خانەنشین کراون خانەنشینیەکەیان ھەڵبوەشێتەوە جا چ لە بواری ئیداری بێت یان سەربازی.
- ھەموو ئەوانەی بە ناھەق بە شەھید نووسراون یان کەمئەندامی سەنگەر مووچەکانیان ببڕدرێت.
- پەڕلەمانتار و وەزیر و پلە باڵا ھاوتاکان خانەنشین نەکرێن ئەگەر یاسای خانەنشینی نەیانگرێتەوە.

لە گفتوگۆی پەڕلەمانتاران و دەستکاری کردنی مادە و بڕگەی پڕۆژە یاساکە وایان لێکرد کە خۆیان بە راوێژکارێک یان بەڕێوەبەری گشتیەک بەراوردبکەن کە بە مافی خۆیان لە ساڵانی خزمەت و بڕینی پلەی ئیداری بەو پۆستە گەیشتوون و ھەموو پلە باڵاکانیان خستە ناو یەک سەبەتە و کاتەکانیان وا تێکەڵوپێکەڵکرد کەس نەیانناسێتەوە تەنھا بۆ ئەوەی بەرژەوەندی کەسۆکی خۆیان بپارێزن، لە بەرامبەر ئەو کەمتەرخی و بێ خەمیەیان لە بەرامبەر داخوازیەکانی خەڵک و بەرژەوەندی باڵای میللەت و وڵات دەنگێکی کەمی ناڕەزایی لە شێوەی خۆنیشاندان و چالاکی بیندران، ئەوەش بۆ خاڵێکی دیکەی نائومێدیمان دەبات بەوەی کە خۆنیشاندانەکان ئەگەر لایەنی سیاسی لە پشتەوە نەبن گەورە و کاریگەر نابن، بۆیە باسکردن لە خۆنیشاندانی خۆڕسک و ھەڕەمەکی لە دیمەنێکی راستەقینە ناچێت کە پێشتر ناویان لێدەنان چ ئەوانەی لە سەر مووچە بوون یان ھەر بابەتێکی دیکە.

ئێستا کە پڕۆژە یاساکە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رەوانەکراوە ھێشتا دەرفەتێک و ئومێدێکی کز ماوە کە ئەو گلەییە جەماوەریەی لەسەر پڕۆژە یاساکە ھەیە نەھێڵدرێ چ بە گەڕاندنەوەی پڕۆژە یاساکە بۆ پەڕلەمان بە مەبەستی تەنھا دەستکاری کردنی ماددەی تایبەت بە خانەنشینکردنی پەڕلەمانتاران بۆ جێگیرکردنی بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەڕلەمانتاران بەبێ خۆبەستنەوە لە کەسانەی دیکە لە ناو توێژی پلە باڵاکان، یان ئەگەر لە رووی یاساییەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی ھەبێت خۆی ئەو بڕیارە دەربکات بە ھەماھەنگی و لێکتێگەیشتن لەگەڵ حکومەت، چونکە گوناحێکی گەورەیە جارێکی دیکە ئەو پڕۆژە یاسایە کە راستەڕێی چاککردنەوەی حوکمەتداری و بەڕێوەبردن و لایەنی کەمی وەدیھاتنی عەداڵەتی کۆمەڵایەتیە بە قوربانی بەرژەوەندی چەند کەسێک بکرێت.

خۆ ئەگەر ئەوەش نەکرا حەقە گوشاری جەماوەری رێکخراوتر و زۆرتر بکرێت لەسەر دامەزراوەی پەڕلەمان ھەروەھا رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بە ھاوکاری ئەو پەڕلەمانتارانەی دژی خانەنشینکردنی پەڕلەمانتارانن ھەوڵی بەھێزترکردنی ئەو لۆبیە لەناو پەڕلەمان بدەن بە ئاراستەی ھەمووارکردنەوەی ئەو ماددەیە لە یاسای چاکسازیدا.