سەردێڕ:

ئەردۆغانی دووەم

11/12/2019 10:45:52 AM
5158 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

مێژووی ئەردۆغان وەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەر دوو قۆناغ دابەش دەکرێ:
قۆناغی یەکەم، ئەردۆغان وەک ئیسلامیەکی میانڕەو و خاوەن بیر و دیدەگا بۆ کاری سیاسی و ھێنانەدی مۆدێلێکی نوێی کاری ئیسلامی سیاسی کە لە تەنیشت باوەڕە جێگیرەکانی ئیسلام (پوابت) جێگە بۆ بنەما دیموکراتیەکان و بەھاکانی جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ بکاتەوە و پێکەوە ژیان و گرتنەبەری رێگای ئاشتیانە بۆ چارەسەری پرسەکان بکاتە پڕەنسیپی حوکمڕانی خۆی،ئەردۆغان لەو قۆناغەدا سوودی زۆری بە تورکیا گەیاند لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.
قۆناغی دووەم، ئەردۆغان وەک تورکێکی رەگەزپەرست وەدیار دەکەوێ و ھەوڵدەدات ئەوەی وەک سوڵتان بۆی نەچووە سەر وەک سەربازێک ھەوڵی بۆبدا و شانازیەکی مێژووی بۆخۆی تۆمار بکات،لە دژایەتی کردنی پرسی کورد و ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی.
ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧ دا ھاندەر و پاڵپشت بوو بۆ زیاتر پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستان،ئەو کات ئەو ھەبوونی پەیوەندی ھەرێمی کوردستانی بە رۆژئاوای کوردستان و ھاوکاریکردنی تا بە فرۆشتنی نەوتی رۆژئاوای کوردستان لە رێگای ھەرێمی کوردستانەوە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی تورکیا نەدەزانی،تەنانەت تورکیا لەو ساڵەدا بەوە رازی بوو کە ھێزەکانی پێشمەرگەی رۆژئاوا لە سەر سنوورەکانی نێوان رۆژئاوا و باکوری کوردستان بڵاوەیان پێبکرێ و ئەو رێکەوتنە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا و ئەمەریکا بوو بەڵام دواتر پەیەدە لە دژی وەستایەوە و ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر یەک پێشمەرگەی رۆژئاوا(لەشکری رۆژ)پێ بنێتەوە ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان ئەوە بە چەک روبەڕویان دەبنەوە ئەو ھەڕەشەیە لە سەر زاری ئاڵدار خەلیل سەرکردە لە پەیەدە راگەیاندرا.
ئەردۆغان لە ژێر ھەڕەشەی نەیارانی ناوخۆیی لە تورکیادا و تێکچوونەوەی باری ئابوری تورکیا و زۆر بوونی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دونیا بە تایبەتیش کە ھەدەپە بە ھەموو ھێزەوە لە دژی ئەردۆغان بووە بەشێک لە ئەجێندای جەھەپە و پەکەکەش لە قەندیل ھەڤاڵبەندیەکی لەگەڵ نۆ پارتی چەکداری کۆمۆنیست و چەپی تورکیا راگەیاند،ئەوانە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە بەرفراوان بوونی تەنگەژەی نێوان پارتی داد و گەشەپێدان و گروپی فەتحوللا گولەن کە ھاوپەیمان و پشت و پەنای ھەرە گەورەی ئەردۆغان بوون تا گەیشتە دەسەڵات ھەروەھا دوورکەوتنەوەی سەرکردە کاریگەرەکانی ئەکەپە لە ئەردۆغان ھەموویان بوونە ھۆکاری ئەوەی کە ئەردۆغان رێگایەکی دیکە بگرێتە بەر بۆ گرێنتی کردنی درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ئەو کلتورە زال و باوی کە دەوڵەتی تورکیای لەسەر بنیاتنراوە.
ئەوەندە لە بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کورد ھەڵگەڕایەوە تا ئەو رادەیەی لە سەروبەندی ئەنجامدانی راپرسی سەربەخۆیی باشوری کوردستان ئەردۆغان تا رادەی ئەنجامدانی ئۆپڕاسیۆنی سەربازی لە دژی باشوری کوردستان چووە سەنگەری بەغدا و تاران،بە ھەموو شێوازێک دژایەتی ھەرێمی کوردستان و خواست و ئیرادەی گەلەکەی کرد،تەنھا ئەوەی لە بەغدا و تاران جیای کردەوە دەروازە سنووریەکانی دانەخست و رێگری لە ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان نەگرت ئەوەش لەبەر دوو ھۆکار بوو:
- لە ترسی دابەزینی بەھای لیرەی تورکی و کاریگەری خراپی بۆ سەر ئابوری تورکیا بوو.
- نەبوونی باوەڕی تەواوی بە ئێران و بەغدا کە ئەو بەڵێنانەی لە بەرامبەر دژایەتی کردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پێیان داوە جێبەجێی دەکەن.
ئەو دوو نموونە بە روونی مێژووی ئەردۆغان وەک سەرۆکێک و وەک ئیسلامیەکی میانڕە و دواتریش وەک تورکێکی رەگەزپەرست نیشان دەدات.
شکستی پاڵێوراوی ئەردۆغان (بیناڵی یەڵدرم) لە ھەڵبژاردنەکانی ئەستەنبۆل و لە دەستدانی گەورە شارەوانیەکانی زۆرینەی شارە گەورەکانی تورکیا و باکوری کوردستان ئەردۆغانی لە پیاوی کردار جارێکی دیکە کردەوە پیاوی پەرچەکردار و سیاسیەکی بەرچاوتەنگ و کورتبین.
بەر لە مامەڵەکردنی ئەردۆغان بەو شێوەیە لەگەڵ پرسی رۆژئاوای کوردستان ھەمان ھەڵەی لە بەرامبەر باشوری کوردستان کرد و شانازیەکی مێژووی لە دەستە خۆی و سوودێکی زۆری ئابووری لە دەست تورکیا دا،کاتێک گەلی باشوری کوردستان بڕیاری ریفراندۆمی دا بۆ سەربەخۆیی باشوری کوردستان،ئەردۆغان کەوتە خانەی پەرچەکردار و کەوتەوە ژێر کاریگەری گوتاری رەگەزپەرستی تورک لە سەرچاوەکەی بیری کەمالیزمیە.
چەند رۆژێک دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر کە ئەردۆغان پاڵپشتی لە سوپای داگیرکاری حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانی کرد لە داگیرکردنەوەی کەرکوک گوتارێکم بەناونیشانی (ئەردۆغان سوڵتانەتیەکەی چۆن دۆڕان) ئەو لایەنانەی کەسایەتی ئەردۆغانم تێدا باس کردووە:" ئەردۆغان لە بەرامبەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی گەلی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی ئەوەی سەڵماند کە سیاسیێکی عیناد و کورت بینە و ئەو کەسە نیە کە بتوانێ سەروەریەکانی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی بگەڕێنێتەوە چونکە لەیەکەمین ڕوبەڕوبوونەوەی فیعلی لەگەڵ میراتگری ئیمپڕاتۆریەتی سەفەوی لە کەرکوک شکستی ھێنا و لە شەڕەکە دۆڕا"

ھەر لەو گوتارە ئاماژەم بەوە کردووە کە ریفراندۆم چ دەرفەتێکی بە ئەردۆغان و تورکیا دەدا بۆ گەڕاندنەوەی شانازیر مێژوویە لە دەست چووەکانیان بەڵام بیری رەگەزپەرستی بەرچاوی تاریک کردبوون و نەیانتوانی بڕیارێکی دروست بدەن:"ھاتنە پێشی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە بژاردەیێکی خستە پێش ئەردۆغان وەک چۆن خستیە بەردەم ئەزمونێکی گەورە،بەڵام ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم سەلماندیان لەھیچیان سەرکەوتوو نەبوو،ئەردۆغان سەلماندی کە زیاتر دەیەوێ ئەتاتۆرکێکی دیکە بێ نەک خەلیفەیەکی عوسمانی،بەوەی کە ھەموو توانا و قسە و کرداری لە دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد کورت کردەوە و تەواو ئیڕادە و عەقڵی خۆی تەسلیمی نەتەوە پەرستەکانی تورک کرد و زیاتر وەک دەروێشێکی باخچەلی دەدوا و بڕیاری دەدا نەک وەک میراتگرێکی سوڵتان سولەیمان قانونی و محەمەد فاتیح و سوڵتان سەلیم".