سەردێڕ:

نێچیرڤان و مەسرور بارزانی بۆ دەچنە تورکیا و قەتەڕ؟

10/29/2019 3:34:53 PM
19956 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

نێچیرڤان بارزانی و قەتەڕ:

ھەواڵی چوونی نێچیرڤان بارزانی بۆ قەتەڕ و ھەوڵدان بۆ بەستنەوەی بە رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و ھەڵوێستی قەتەڕ لە پالپشتیکردنی تورکیا دوو بابەتی جیاوازن و پەیوەندیان بەیەکەوە نیە.
نێچیرڤان بارزانی لە قەتەڕ وەک دەیان سەرۆک وەزیری وڵاتانی دیکە بانگھێشت کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئامادەکاری و داڕشتنی کارنامەی کۆنگرەی ساڵانی میونشن دەربارەی ئاسایشی جیھان.

ئەو بەشدارییە پێگە و ھێز و گرنگی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدا لە نێو تۆڕی جیھانی ئەو وڵاتانەی رۆڵیان ھەیە لە داڕشتنی سیاسەتی ئاسایش و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کە لەو رووەوە ھەرێمی کوردستان لە بەرەی پێشەوەی وڵاتانە لە شەڕی تیرۆر و لە سەر دەستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە سەر خاکی کوردستان ئەفسانەی داعش تێکشکێندرا، واتا نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی ئەو ھێزە دەکا کە لە جیاتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی شەڕی تیرۆریان کردوە.

کار و بزاڤەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی رابردوو ئەوەی نیشانداوە کە بەردەوام پۆزەتیڤانە رەنگدانەوەی لە سەر رەوش و پرسی پارچەکانی دیکەی کوردستانی ھەبووە، بە ھەوڵی ئەو بوو زیاتر لە شەش ساڵ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان لە ئارادابوو و کورد توانی باشترین دەرفەتی لێوەرگرێت و بەو ھۆیەوە باکوری کوردستان لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ھەستی کوردایەتی بوژایەوە و لە دەرئەنجامدا ھەدەپە توانی لە ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ ھەشتا و یەک کورسی پەڕلەمانی بباتەوە کە گەورەترین دەسکەوتی سیاسی کورد بووە لە مێژووی کۆماری تورکیادا.
ھەروەھا بە ھەوڵ و ھاوکاری نێچیرڤان بارزانی رۆژئاوای کوردستان توانی بۆ ماوەیەکی زۆر نەوتەکەی بفرۆشێ و خۆی پێبگرێتەوە و گەشەبکات، لە رووی سیاسی و دبلۆماسیشەوە زۆر دەرگای ناوەندە جیھانیەکانی بۆ کردنەوە.

مەسرور بارزانی و تورکیا:
ئایا مەسرور بارزانی لەو بارودۆخە بۆ دەچێتە تورکیا؟
ئەوە پرسیاری کۆمەڵێک نووسەر و دەزگای میدیاییە کە ھەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵک لە سەر رۆڵی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لابدەن لە پێشوازیکردنی لە ھەزاران ئاوارەی رۆژئاوای کوردستان و پێڕاگەیشتن بە دابین کردنی پێداویستیەکانیان، ھەروەھا گەیاندنی ھاوکاری بە رۆژئاوای کوردستان و وەگەڕخستنی ھەوڵە دبلۆماتیەکانی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ ئاڵۆزییەکانی باکوری رۆژھەڵاتی سوریا و رۆژئاوای کوردستان.

داوەتکردنی مەسرور بارزانی بۆ تورکیا وەک دەیان داوەتنامەی دیکەیە کە لە وڵاتان پێیگەیشتووە لە دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەبوایە بەشێک لەو سەردانانە ئەنجامدرابان بەڵام بەھۆی سەرقاڵی بە رێکخستنەوە و پێداچوونەوەی کاری دامەزراوەکان و باشترکردنی کارەکان دوای تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەختی ئابوری و سیاسی کە بەھۆی سیاسەتی زاڵمانەی بەغدا بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتبوو ھەروەھا کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا تا ئێستا ئەو سەردانە ئەنجامنەدراوە.

لەوە تێدەگەین میدیای تورکیا بۆچی لە پرێس کۆنفراسێک ئەو ھەواڵە کۆنە گەرم دەکەنەوە و دەیکەنە پرسیار و روبەروی گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیای دەکەنەوە لەو کاتەدا، بەڵام دەزگا میدیایەکانی کوردستان و نووسەرەکان بەبێ تەئکیدکردنەوە و بەدواداچوون لە پێناو چی دەیکەنە کەرەستەی ھێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوە جێگای پرسیارە.

لە کاتێکدا گەشتی دەرەوەو بە تایبەتی سەردانیکردنی تورکیا لە کارنامەی سەرۆک وەزیران دانیە و ئەگەر لە ئایندەشدا ئەو سەردانە بکرێ ئەوە سەرۆک وەزیران کاتەکەی دیاری دەکات، قازانچی چ کەس و لایەنێکی تێدایە کە ئازارەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و ئەو کارەساتە گەورەی لەوێ روودەدا گچکەی بکەنەوە و بیکەنە کەرستەیەکی رک و تۆڵە لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
بێگومان ئەوەی لە رۆژئاوا دەگوزەرێ بەشێکە لە رێکەوتنی نێوان زلھێزەکان و وڵاتانی ئیقلیمی کە مەبەست لێی لێدانە لە پرسی کورد و لەناوبردنی دەسکەوتەکانە،ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستانیش بە ھەمان ئاراستە کاربکات و ھانی زیاتر لێکترازانی ھێزە کوردستانیەکان و پارچەکانی کوردستان بدا دەچێتە ھەمان خانە و ھەمان بەرە.


سەردانیەکان و پرسی رۆژئاوا:
لە سەرەتای سەرھەڵدانی بەناو شۆڕشی سوریا لە سالی ٢٠١١ و رادەستکردنی رۆژئاوای کوردستان بە پەیەدە تا ئێستا ھەر شتێک ھەرێمی کوردستان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتداری رۆژئاوای کوردستان کە ئێستا بە فەرمی لەلایەن پەیەدەوە ناوی کراوەتە باکوری رۆژھەڵاتی سوریا گوتبێتی ئەوان پێچەوانەکەیان کردووە، لە سەرتا پێیان گوتراوە خۆبەستانەوە بە پەکەکە و قەندیل زیانتان پێدەگەینێ و دوارۆژتان تاریک دەکات،پێیان گوتراوە ھەڵکردنی ئاڵای پەکەکە و بلندکردنی وێنەی ئۆجەلان و ناچارکردنی منداڵان لە قۆناغی سەرەتایی بە خوێندنی ئایدۆلۆژیای پەکەکە مەترسی لەناوچوونتان زیاتر دەکا و نزیک دەکات، گوێیان نەگرت و پێچەوانەکەیان کرد،دواتر دۆستانی ئەوروپی و ئەمریکی ھەمان ئامۆژگاریان کردن بەڵام پێچەوانەکەیان ھەڵبژارد،دواجار لە سەرتای ئەو ساڵە حکومەتی ئەمەریکی لە واشنتۆن بە راشکاوی بە ئیلھام ئەحمەدی گوت ئەگەر ئەو کارانە دەکەن ئەگەرنا چیتر ناتوانین تورکیا رابگرین.

زۆر کەس دەڵێن ئەگەر لە جێگای ئۆجەلان وێنەی ئەتاتۆرک بڵند کرابا تورکیا ھەر ھێرشی دەکرد، ئەوەیان تەنھا لایەکی راستیەکەیە بەڵام لایەکەی دیکە پێچەوانەکەیەتی، تورکیا وەک خۆیان نایشارنەوە و وەک بەڕێز ئۆسمان بایدەمیر گوتی ئەگەر کوردستانێک لەسەر مەریخ ھەبێت تورکیا ھەوڵدەدا لەناوی ببا،بەڵام دەکرا ئەو ھەموو بەھانەیە نەدرێتە دەست تورکیا بەڵکو پێچەوانەکەی کرابا بە پێدانی بەھانە بە دۆستەکانمان تا بیانتوانیبا رێگە لە تورکیا بگرن.
ئەگەر پەیەدە رێزی لە رێکەوتنەکانی ھەولێر و دھۆک گرتبا و لە جیاتی پڕکردنی زیندانەکانیان لە چاڵاکی سیاسی و مەدەنی و نووسەر و رۆشنبیر ئازادی و دیموکراتیان فەراھەم کردبا،ئەگەر دەسەڵاتیان پاوان نەکردبا و رکابەرەکانیان ناچاری بەجێھێشتنی رۆژئاوا نەکردبا روبەروی ئەو دۆخەی ئێستا نەدەبوونەوە کە پەکەکە رۆژئاوای کوردستانی کردە قوربانی سیاسەتە ھەلەکانی خۆی لەباکور و پاشانیش بەتەنیای بەجێھێشتن بۆ میلیشیا توندئاژۆکانی سەر بە تورکیا و سوپای تورکیای داگیرکەر.

ئەگەر بە قسەی ھەرێمی کوردستانیان کردبا سێ ساڵ پێش ئێستا سنوورەکانیان بە ھێزێکی خۆماڵی کوردی (لەشکری رۆژ - پێشمەرگەی رۆژئاوا) دەپارێزراو و فەرماندەیی ئەو ھێزەش ھەر لە دەستی خۆیاندا دەبوو، ئێستا ناچار نەدەبوون پەنا بۆ سوپای عەرەبی سوری ببەن و داوایان لێبکەن بگەڕێنەوە رۆژئاوای کوردستان و رادەستیان بکەنەوە.
ئێستاش کە رۆژئاوا روبەڕوی داگیرکاری و جینۆساید دەبێتەوە، سەرکردایەتی و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە خۆی دەکاتە بەشێک لەو ھەولانەی کە کار بۆ راگرتنی ھێرشەکە دەکەن و بەھانای خوشک و برایانیان دەچن.
ئێستاش تاکە چارە و رێگا بۆ پاراستنی ئەوەی ماوە گەڕانەوەیە بۆ ئەو ئامۆژگاریانەی ھەرێمی کوردستان بە گیانێکی کوردانە پێشکەشی کردوون و ئەو رێکەوتنانەی کە لە سەردەستی سەرۆک بارزانی ھەموو لایەنەکانی رۆژئاوا واژوویان لەسەر کردبوو.