سەردێڕ:

تورکیا و ئەمریکا، یەک رێکەوتن و دوو ئاڕاستە

10/18/2019 12:39:49 PM
6589 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

رێکەوتنی پێشوی ئەمەریکا و تورکیا کە بە ھۆیەوە تڕەمپ کشانەوەی ھێزەکانی لە ناوچەی سەرێ کانیێ و گرێ سپی راگەیاند،ناوەڕۆکی رێکەوتنەکەش ئەوە بوو کە تورکیا بە درێژایی نێوان ئەو دوو شارۆچکەیە کە زیاترە لە سەت و حەفتا کیلۆمەتر و بە قوڵایی سی و دوو کیلۆمەتر سوپای تورکیا بچێتە ناو خاکی سوریا،ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەوە رازی نەبوون و شەڕی روویدا و دوای نۆ رۆژ تورکیا نەیتوانی وەک ئومێدی دەکرد بچێتە پێش.

ھێرشی تورکیا بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە روبەڕووی ناڕەزایەتی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆوە، لە تورکیاش خراپتر دۆخی دۆناڵد تڕەمپ و ئیدارەکەیەتی کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی ئەمەریکا توشی رەخنەی زۆر و توند بۆتەوە و بە خیانەتکار لە ھاوپەیمانەکانی تۆمەتباری دەکەن.

ئەو رێکەوتنەی کە دەرئەنجامی سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمریکایە بۆ ئەنقەڕە لە ناوەڕۆکدا لەوە ناچێ شتێکی دیکە جیاواز بێت لە رێکەوتنی پێشوتریان بەڵام بەرپرسانی تورک شتێکی جیاواز دەڵێن بەوەی کە کشانەوەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەبێ لە جەرابلوسەوە بێت تا سەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان واتا تەواو سڕینەوەی رۆژئاوای کوردستان و پاکتاوکردنی رەگەزی کورد لە سەر خاکی خۆیدا.فەرماندەی ھێزەکانی سەریای دیموکرات مەزلوم کۆبانی پێگیری خۆیان بەو رێکەوتنە راگەیاند.

ھەندێک کەس تورکیا بە براوە و کوردیش بە دۆڕاو دادەنێن، بەبێ ئەوەی لە روانگەی ئەوەی کە سوودمەند بوون و زەرەرمەند بوون رێژەییە و ھەر لایەک بە جۆرێک قازانج دەکا.

بە بۆچوونی من ئەو رێکەوتنە وەک تورکیا دەیەوێ ھەرگیز جێبەجێ ناکرێ و ھێزەکانی سوریای دیموکرات لەو روبەرەی ئەمەریکا یەکەمجار لەگەڵی باسکردن لە نێوان سەرێ کانیێ و گرێ سپی بترازێ ناکشێنەوە،ئەمەریکاش لەوە زیاتر داوا ناکە و پاڵپشتی لە تورکیا ناکا.

لێرەدا دەکرێ بپرسین قازانجی ھێزەکانی سوریای دیموکرات چیە؟

- راگەیاندنی ئاگربەست یەکەم سەرکەوتنە بۆ ئەو ھێزە و پاشەکشێیە بۆ تورکیا چونکە سەرۆکەکەی دەیگوت ھەرگیز شەڕ راناگرین،بەڵام راگەیاندنی شەڕی راگەیاند.

- ھێزەکانی سوریای دیموکرات پێنج رۆژ کات قازانج دەکەن بۆ خۆڕێکخستنەوە و پشوێک دەدەن و بریندارەکانیان لە گۆڕەپانی شەڕ دووربخەنەوە ھەروەھا خەلکی سڤیلیش کەئێستا لە ناوچەی شەڕ ماونەتەوە.

- بەوەی تورکیا چاوی تێ بڕیوە و کاری بۆ دەکات لە ئێستاوە ئەوەمان پێدەڵێت کە دوای پێنج رۆژی دیکە شەڕ دەست پێدەکاتەوە و وەک جاری یەکەم تورکیا دەست پێشخەر دەبێ و رێکەوتنەکە دەشکێنێ،بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی تورکیا زیاتر شەرمەزاربێ و توشی سزادان بێ،ھەروەھا ئەمریکاش چیتر ناتوانێ بەو شێوەیە پاڵپشتی بکات و کۆنگرێش سزای زیاتر و قوڕستری بەسەر دەسەپێنێ.

- ئەو پێنج رۆژە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی رێکەوتنی ھەسەدە و حکومەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتوتر،چونکە حکومەتی سوریا لەوەناچێ بەو رێکەوتنەی ئەمەریکا و تورکیا خۆشحاڵبێ و رەنگە ناچار بێت ھێزەکانی بباتە سەرێ کانیێ و گرێ سپی کە تا ئێستا ئامادەنیە ئەو کارە بکات و دەیەوێ وەک کارتی فشار لە سەر ھەسەدە بھێڵێتەوە تا تەنازولاتی زۆرتری پێبکات.

- ئەو پێنج رۆژە دەرفەتێکی باشە بۆ وڵاتانی ئەوروپایی بۆ ئەوەی باشتر و بەھێزتر بزاڤ بکەن چونکە ئەوانیش خۆیان بە زەرەرمەند دەبینن لەو ھێرش و ھەڕەشانەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

ئەگەر لە روانگەی تورکیاوە تەماشای رێکەوتنەکە بکەین تۆمەتبار کردنی ھەسەدە ئاسانە بەوەی کە تەنھا ئەرکیان خزمەتکردنی ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستانە،بەڵام ئەگەر لە روانگەیەکی بێ لایەن و دوور لە سۆز و بەرچاوتەنگی حیزبی تەماشای بکەین ئەوە رووێکی دیکەی رێکەوتنەکە دەبینین کە تێیدا ھەسەدە سەرکەتوو نیە بەڵام بە دڵنیایەوە شکستخوارد و دۆڕاویش نیە، بەڵکو ئەو پێنج رۆژە و رەفتارەکانی تورکیا یەکلای دەکاتەوە.