سەردێڕ:

ئەگەر تورکیا ھێرشی کرد

10/7/2019 4:30:25 PM
19171 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

ھەڵوێستی نوێی ئەمەریکا بە ھەڵکردنی گلۆپی کەسک بۆ تورکیا تا ھێرش بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان گەلێک ئەگەر و پرسیاری دیکە دێنێتەپێش، ئایا تورکیا لە سنووری نێودەولەتی سوریا دەوەستێ؟ ئامانج و داخوازی تورکیا تورکیا لە تەنھا داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا فراوانترە، تورکیا چاوی لەوەیە ھێزەکانی بگاتە شەنگال و تەلەعفەر بگرێت، رەنگە لە قۆناغی دووەمدا بگاتە موسڵیش.

ھاتنی تورکیا بەو قوڵیە و ئەو روبەرە گەورەیە مەترسی جدی بۆ سەر ھەرێمی کوردستانیش دروست دەکا لە کردنەوەی دەرگایەکی بازرگانی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بکرێتەوە ھەروەھا بۆری راستەوخۆی نەوت لە ناوچەکانی عێڕاق  و تورکیا دروست بکرێ بەبێ تێپەڕبوون بە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان بەوەش لە رووی ئابوری گورزێکی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بدات.
تورکیا کە بە ھەموو توانایەکیەوە کار بۆ زیندووکردنەوەی میساقی میللی سەردەمی عوسمانلی دەکات، کە لە دوای تەواوبوونی تەمەنی رێککەوتننامەی سایکسپیکۆ بیکاتەوە ئەمری واقع و شەڕ بۆ گەڕاندنەوەی میراتی عوسمانلی بکات.

ئەگەر تورکیا ھێرشی کرد و رۆژئاوای کوردستانی داگیرکرد ئەوە جوگرافیایەک بەناوی رۆژئاوای کوردستان (کوردستانی سوریا) نامێنێ و کوردیش وەک نەتەوە دەبێتە کەمینەیەکی لەبیرکراو، چونکە ئامانجی گەورەی تورکیا گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکەیە بە نیشتەجێکردنی عەرەبە سوریەکانی ئاوارەی تورکیا کە خەلکی ئیدلب و حەلەب و ناوچەکانی دیکەن.

پرسیاری گەورە ئەوەیە، بۆچی کورد لەو پارچەیەی کوردستان بەو چارەنووسە گەیشتن؟

ئایا دەرفەت ھەبوو ئەو مەترسیانە دروست نەبن و رێگایەکی دیکە بۆ درێژەدان بە حوکمڕانی خۆیان بدەن، بە دڵنیایەوە دەکرێت ئەگەر پەیەدە دەستبەرداری عینادی خۆی ببا و گوێیان لە ئەمەریکا و دۆستانی ئەوروپیان گرتبا، بە دوورکەوتنەوە لە قەندیل و نزیک بوونەوە لە خۆیان و ھەوڵدان بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی ھاوبەش لەگەڵ ھێزە کوردیەکانی دیکە.

ئایا ئێستا دەرفەتێک ماوە بۆ پاراستنی ئەوەی ھەیە؟

بە بۆچوونی من تاکە دەرفەت کە لە پێش پەیەدە و رێڤەبەری خۆسەر ماوە ئەوەیە بە قسەی ئێرانی و روسیەکان بکەن و لەگەڵ حکومەتی سوریا بە ھەرجۆرێک بێت رێک بکەوێت، چونکە لایەنی کەم ئەو رێکەوتنە  وجودی کورد لەو ناوچەیە دەپارێزێ و، رەنگە بەشێک لە مافە نەتەوەیی و کلتوریەکانیش دەستەبەر بکەن.