سەردێڕ:

تیمەکەی نێچیرڤان بارزانی هەرێم بەرەو کوێ دەبا؟

9/17/2019 11:00:26 AM
11401 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ حاجى
+ -

بە بۆچوونی من نێچیرڤان بارزانی لە سەر چوار ئاست کار بۆ زیاتر بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان دەکات، بە کەلک وەرگرتن لەو ئامراز و کەرستانەی لە بەردەست دان.

ئاستی ناوخۆیی ھەرێمی ھەرێمی کوردستان کە گرنگترین ھۆکارە بۆ بەھێز بوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە ناوخۆی عێڕاقدا، ھەوڵدان بۆ دروست کردنی کۆدەنگیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی، ھەروەھا ھاندانی لایەنەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی ھەمیشەیی بۆ ھەرێمی کوردستان کە نەبوونی بۆشایەکی گەورەی دروست کردووە لە بواری یاسادانان و ھەمووارکردنەوەی یاساکان، چونکە لە نەبوونی دەستوور لە ھەردوو دۆخەکەدا بە ناچاری دەبێ بۆ دەستوری ھەمیشەیی عێڕاق بگەڕێنەوە.

لە سەر ئاستی عێراقدا سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەو قۆناغەدا بە ئاراستەی دەستگرتن بە مافە دەستوریەکانی گەلی ھەرێمی کوردستان ھەنگاو بۆ راستکردنەوەی ھێلە گشتیەکانی سیاسەتی عێڕاق دەھاوێژێ کە ئێستا زۆرینەیەکی مەزھەبی بە گوێرەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئاراستەی دەکەن و سوودی لێ دەبینن.

 لە سەر ئاستی ھەرێمایەتیدا نێچیرڤان بارزانی کە لە ساڵانی رابردوو لە پێگەی سەرۆکایەتی حکومەتدا ھەرێمی کوردستانی لە ناو ھەموو ئاڵۆزیە ھەرێمایەتیەکان و بەریەک کەوتنە سیاسی و سەربازیەکاندا توانی ھەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام و گەشەسەندو بھێڵێتەوە و پێشی بخات، لە پێگەت سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا بە بۆچوونی من دەست کراوەتر دەبێت کە دەرئەنجام بە بەھێزترکردنی پەیوەندی ھەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دەوروبەر تەواو دەبێ.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ھەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە کە وەک ھەرێمێکی دیار لە ھەبوونی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەکان پەنجەی بۆ درێژ دەکرێ، ھەروەھا بۆتە پەناگەیەک بۆ ھەموو ئەو پێکھاتانەی کە لە بەشەکانی دیکەی عێڕاق ھەڕەشەی لە ناوبردن و سڕینەوەی ناسنامەیان لێ دەکرێ وەک کرستیانەکان و مەندائیەکان.

ھەروەھا ھەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی گەشەسەندوو جێگای چاوی کۆمپانیا وەبەرھێنەرەکانی جیھانە، سەرەڕای ئەوانەش ھەڵکەوتەی جیۆپۆلۆتیکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگی زۆری ھەیە بۆیە لەو ڕووەشەوە دەرفەتی بەرەو پێشەوەچوون و بزاڤی زیاتر لە بەردەم سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، لە چەند مانگی داھاتووشدا ئەو لایەنە زیاتر وەدیار دەکەوێتەوە و ھەولێر وەک پایتەختێکی گرنگی ناوچەکە دەبێتەوە بەشێک لە بزاڤی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵانی کارکردنی وەک سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک بنەمای گرنگی بۆ بەھێزکردن و مانەوەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزیەوە دەستەبەر کرد، لە تێکەڵکردنی بەرژەوەندی وڵاتان بە بەرژەوەندیەکانی ھەرێمی کوردستان و پێش ھەمووشیانەوە ولاتانی ئیقلیمی کە ھاوکێشە کۆنەکانی پەیوەندی ئەو وڵاتانەی گۆڕی لە دۆخی دژایەتی کردنەوە بۆ دۆخی دۆستایەتی و ھاوکاریکردن، ئەوەش دەرفەتێکی باشی بە ھەرێمی کوردستاندا تا دەست بکات بە بنیاتنانی ئابووریەکی سەربەخۆ و ھەرێمی کوردستان بەھێزەوە بخاتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی.

شەڕی داعش و ھاتنی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە لە سوریا  ورۆژھەڵاتی کوردستان و ناوەڕاستی عێڕاق بۆ ھەرێمی کوردستان ھەروەھا بادانەوەی بەغدا لە مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان و بڕینی بودجە و موچە ھەرێمی کوردستانی توشی دۆخێکی نەخوازراو و خراپ کرد کە رووی لە ھەر وڵاتێکی دیکە کردبا توشی داڕوخان و لێک ھەڵوەشانەوە دەبوو. بەڵام ھەرێمی کوردستان بە لێزانی و کارزانی نێچیرڤان بارزانی و ئەو ستافەی کاریان لەگەڵ دەکرد توانی ئەو قۆناغە تێبپەڕێنێ و قەوارەی دەستووریی ھەرێمی کوردستانیش لە مەترسی بپارێزێ.

 سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کاری ھەرە لە پێشینەی بە ئاگا ھێنانەوەی زۆرینەی دەست رۆیشتووی عیڕاقیە لە بەغدا لە مافە دەستووریەکانی گەلی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا کارکردنە بۆ بەھێزترکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە نیو کۆمەڵگەی نێودەولەتیدا، نێچیرڤان بارزانی بە ھەبوونی ئەزموونێکی دەوڵەمەند لە بواری دبلۆماسی و دروست کردنی پەیوەندی و دۆزینەوەی رێگای لێکتێگەیشتن لەگەڵ رکابەرەکانی ھەروەھا بە ھەبوونی پاڵپشتیەکی بەھێزی سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو دەرفەتە بۆ ھەرێمی کوردستان دەڕەخسێت و لە جاران بەھێزترەوە لە ھاوکێشە سیاسی و ئابووریەکانی ناوچەکە بەشێکی گرنگ دەبێت.

بە دڵنیایەوە لەمپەر و کۆسپی زۆر دێنە پێشی و دژایەتی کردنی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی یان لەناوبردنی لەلایەن بەغدا و ھەندێک وڵات و لایەن لە جاران رەنگە توندتر بێت بەڵام مەرج نیە ئەوەیان وەک جاران بۆ بچێتە سەر.