سەردێڕ:

تەقینەوەکەی لوبنان چەند پێشھاتێکی گوماناوی

8/6/2020 2:54:00 PM
9460 جار خوێندراوەتەوە
کەمال ئەسکەندەر
+ -

تەقینەوەکەی لوبنان لە بەیروتی پایتەخت جیھانی توشی شۆک کرد تەنانەت وڵاتانی جیھانی لەسەر ئاستی باڵا و لێدوانی خێرا و سەرنجراکێشی بەدوای خۆیدا ھێنا دیارترینیان وەکو:

٠١ لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا بوو، کاتێک لە لێدوانەکەیدا گومانی خستە سەر تەقینەوەکە و پاڵپشت بەڕاوێژی پلەباڵا سەربازیەکانی وڵاتەکەی وتی: ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا تەقینەوەی بۆمبە، ھەرچەند دوو ڕۆژ دواتر لەنوێترین لێداونیدا پاشگەزبونەوەی ڕاگەیاند و ھەردوو کۆمپانیای فەیسبوک و تویتەر لێدوانەکەی یەکەمیان سڕیەوە ئەمەش یەکەمجارە حاڵەتێکی لەم شێوە لەسەر ئاستی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕووبدات لەکاتێکدا خاوەنی دەزگایەکی ھەواڵگری بەھێزە لەسەر ئاستی جیھان، بەمەش گومان دەخرێتە سەر پاشگەزبونەوەکەی ترەمپ.

٠٢ تەقینەوەکە بەجۆرێک نائاسایی بوو ھەر زوو تۆمەتبارکردنی ئیسڕائیلی بەدواداھات، لەگەڵ ئەوەش دا ئیسڕائیل بەفەرمی تۆمەتەکەی ڕەتکردەوە، تەنانەت دوو ڕۆژ دواتر کەھاوکات بوو لەگەڵ لێدوانە پەشیمانیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا ھاوخەمی و پاڵپشتی ھاوکاری بۆ گەلی لوبنان ڕاگەیاند کەئەمەشیان ھەڵوێستێکی دەگمەنە لەلایەن ئیسڕائیل بۆ وڵاتێکی عەرەبی چ جای وڵاتێکی وەکو لوبنان کەحزب اللە ی تێدابێ!

ئەوە جگە لەوەی تەقینەوەکەی بەیروتی پایتەخت وەک لەگرتە ڤیدیۆییەکان بەجۆرێک سامناک دەردەکەوێ کە لەسەر ئاستی جیھانی خەڵکان ھاوشێوەی تەقینەوەکەی ھێرۆشیما وەسفیان دەکرد.

لەنوێترین پێشھاتیشدا گومان دەخرێتە سەر ئەوەی کە ڕەنگە تەقینەوەکەی لوبنان درێژکراوەی تەقینەوەکانی تاران و جبەخانەکانی حەشدی شەعبی بێ لەعێراق ھەروەک ئەوەی احمد حەریری ئەمینداری گشتی تەیاری موستەقبەلی لوبنانی خستیەڕوو ، ھەر چەند حکومەتی لوبنان لێکۆڵینەوەی دەسپێکردوە و نەگەیشتۆتە ئەنجامی کۆتایی بەڵام ھەرزوو بڵاویان کردەوە ماوەی شەش ساڵە مەوادی کشتوکاڵی کە ھۆکارێکە بۆ تەقینەوە  لە شوێنەکە بونی ھەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا نابێتە ھۆکاری ڕەتکردنەوەی گومانەکان چونکە زۆر ئاساییە بونی ئەو مەوادانە لەشوێنەکە ڕێگەی کاولکاریەکەی ئاسانتر کردبێ و ئیستغلال کرابێ، لەیادیشمان نەچێت تەقینەوەکە لەبەندەرێکی بازرگانی ھەستیار و گرنگ لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە ڕوویداوە.

دواجار ھەموو ئەمانەی باس دەکرێ  پێشبینی و گومانە بۆ دۆخەکە تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەفەرمی  لەلایەن حکومەتی وڵاتەکە، بەڵام ئەگەر وادابنێن ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا درێژکراوەی تەقینەوەکانی تاران و عێراق بێ، ئاخۆ تەقینەوەی داھاتوو لەکام وڵات و جبەخانە دەبێ؟