سەردێڕ:

بۆچی کوردی کەرکوک دەبێ ڕاپەڕن

6/2/2020 12:37:29 AM
5738 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف فاتیح فەرەج
+ -

ئەوانەی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەرکوک دڵی کوردستانە لە داخی ئەوانەی دەیانگوت کەرکوک قودسی کوردستانە، دوو ساڵ بێنە و بەرەیان کردوو رێگەیان نەدا کەس ببێتە پارێزگاری کەرکوک، دواجار ڕاکان بووبە پارێزگار، پیاوێک کە ناتوانێ وەک یەک سەیری کورد و تورکمان و عەرەب بکات .

دەساڵ نەوتی کەرکوک ھەڕاجکرا وەک چۆن لە سەردەمی بەعسیشدا ھەڕاج دھکرا و کوردی پێدەچەوسێنرایەوە، کەچی یەک دۆلاری پترۆ دۆلار دیار نەبوو ھەر نەشزانرا ئەو پارەیە چی بەسەر ھات، لەو لاشەوە شەڕبوو لەسەر ئەوەی ئەگەر مدیری ئەو قوتابخانەیە پارتی بێت دەبێت ئەوی تر یەکێتی بێت.

ھەزاران خەڵکی کورکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان کە مامۆستا و فەرمانبەر و ئاسایش و پێشمەرگە و خەڵکی تر بوون، نەتوانرا موچەکانیان بخرێتە سەر بەغدا و ئێستاش وەک پێویست کەس خۆی بە خاوەنیان نازانێ، لەم ماوەیەدا لەسەر ئەو پرسانە کۆمەڵێک خەڵکی خەمخۆر داوایان کرد سەردانی سەرۆک کۆمار بکەن، بە منیان وت، بەڵکو بتوانی بوارێک بڕەخسێنی، تا ئێستا چەند جارێک لەو بارەیەوە قسەکراوە، بەڵام ھەر جارە ‌و بە بیانویەک ئەو دیدارە ساز نابێت، لە کاتێکا ژیان نەوەستاوە و دیدار بەردەوامە .

ھەموو ساڵێک لەم وەرزەدا سەدان بگرە ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵ و دەغڵ و دانی کورد دەسوتێنرێ و بەرپرسان تەنھا لە ھەواڵەکاندا دەیبینن، تا ئێستا نەتوانراوە ناحییەک بە تەواوەتی بگێڕدرێتەوە سەر کەرکوک، تورکمانەکانی خورماتوو داوای گەڕانەوەی  قەزاکە دەکەن بۆ سەر کەرکوک، ماددەی ١٤٠یش ھەروا دەڵێت، کوردیش ئەوەی دەوێ کفری و خورماتوو کەلار و چەمچەماڵ بە زۆر و بە بڕیاری عەرەباندن لە سەر کەرکوک لابراون، ئێستاش بۆ خەڵکی کفری و کەلار و چەمچەماڵ نیە بە ئاسانی بچنە کەرکوکەوە، ھەرێمیش لە تەک کەرکوکیەکان ھەروادەکات .

نەوت و داعش دەیان بگرە سەدان لات و لەوێڕیان کرد بە شت و خاوەن سەرمایە، بەشێکیان ھێشتاش لە کەرکوک دەخۆن، ھەندێکیش ئێستا لە دوورەوە شین بۆ کەرکوک دەگێڕن، ئەو کاتەی بومە بەرپرسی نوسینگەی پارلەمان بە ماوەیەک جوڵەیەکمان خستە دۆخەکەوە ئیتر بیانوو زۆر بوو بۆ ئەوەی کێشەمان بۆ دروست بکەن، ھێندەی نەمابوو لەوێ خوێن بڕێژن، من کشامەوە ‌و نەمویست کەس زەرەر بکات خۆم نەبێ یەک بستی کەرکوکیشم نەکرد بە موڵکی خۆم، لام وابوو کەرکوکی دەبێت وابن، درەنگ زانیم ئێمە لە کوێ و چەتەکان لە کوێ .

خەڵکی کەرکوک ھەقی خۆیانە راپەڕن و داوای ئەو ھەموو ساڵە لە دەستچووەی تەمەنیان بکەنەوە، ھەقی خۆیانە داوای پشکی شارەکە لە نەوتەکەی خۆیان بکەن، ھەقی خۆیانە بڵێن چی بۆ ئەو ھەموو شەھید و قوربانی تەقینەوە و تیرۆرکراوە کە ھێشتا درێژەی ھەیە .

کەرکوکیەکان پێویستیان بە راپەڕینە، بۆ ئەوەی ببنەوە خاوەنی شارەکەی خۆیان، ئەو شارەی جاران پێی دەگوترا شار و ئێستا لە ‌وێرانە دەچێت، کە گەنج بووم زۆر سەرسامی کوردی کەرکوک و کەرکوک خۆی بووم بۆیە دەمگوت :
ھەر بژی کوردی کەرکوکم یەک دڵ و گیان و ئیمانە 
شاری رازاوەی وەک بوکم باخچە گوڵی کوردستانە .