سەردێڕ:

سیناریۆیەکی مەترسیدار

10/26/2020 3:12:22 PM
7151 جار خوێندراوەتەوە
مەحمود یاسین کوردی
+ -

ھیوادارم ئەو روونکردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی (پارتی) لە دەستگیرکردنی ئەو ژمارە ھاوڵاتییە عێراقییە کە گوایە پیلانی تیرۆرکردنی دادوەر و پارێزگایەکیان داناوە بە ھاوکاری پەکەکە مەبەستیان ئەو رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی ھەولێر و بادینان نەبێ!

بەراستی ئەگەر ئەو سیناریۆیە جێبەجێ بکرێ تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و کوشتنی دیبلۆماتکارانی بیانی و کۆمپانیا و بەرژەوەندی وڵاتانی بخرێتە پاڵ ئەو گەنجانە ئەمە مانای کۆتای خەباتی مەدەنییە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ھیچ دەرفەتێک ناداتە خەڵک لە رێگای کاری مەدەنی و یاساییەوە خەبات بکەن و دەرگای جەھەنەم لەسەر ھەرێم دەکاتەوە، سیناریۆی کونسوڵ کوشتن بۆ کاک نەوشیروان نەچووە سەر بەس بۆ ئەو گەنجە بێ پشت و پەنایانە ئاسانە!.

داڕشتنی ئەو سیناریۆیەش بۆ بێ دەنگکردنی نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە بیانییەکان و کونسوڵخانەکانە، چونکە ئەوان لە پاڵ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن تاکە لایەن بوون داکۆکی لە ئازادی ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەن و داوای ئازادکردنیان دەکەن.

بەشێک لە نێو پارتی دەیانەوێ بە کونسوڵخانانە بڵێن ئەگەر ئازادیان بکەین ئێوە دەکوژن بۆیە بێ دەنگ بن.

بەرپرسیارییەتی گەورە لەو بابەتە دەکەوێتە سەر دەنگە میانڕەوەکانی نێو پارتی ھەروەھا یەکێتی و گۆڕانیش وەکو دوو شەریکی پارتی بەرپرسیارێیی مێژوویان دەکەوێتە سەر شان کە لەو سیناریۆیانە بێ دەنگ نەبن.

بروا ناکەم پەکەکە بێ عەقڵی وا بکات پەلاماری کونسوخانەکان بدا و ئەوروپا لە خۆی بکاتە دوژمن و لەو تەوقیتە جیھان بکاتە دۆستی تورکیا، ھەڵەی ھۆقەباز دووبارە ناکاتەوە، چونکە لەسەر سومعەی زۆر دەکەوێ.

پەکەکە ئەگەر کاری واش بکات بە کوردی باکوور و خەڵکی خۆی دەکات نە کوردی عێراق ئەو کارە بۆ پەکەکە دەکات نە ئەو خەڵکانەی گیراون ئەھلی ئەو کارەن، خاڵێکی دیکە لەو بەیاننامەیە باسی لێوەکراوە داواکردن لە رادەستکردنەوەی چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەوروپا ئەمە ھەرشەیە لەوانەی لە دەرەوەی کوردستان رەخنە دەگرن بۆیە بە ھەموو پێوەرێک ئەو بەیاننامەیە قۆناغێکی مەترسیدارە.