سەردێڕ:

خۆتان و شۆفڵەکانتان ستەمکارن

10/21/2020 5:19:14 PM
5658 جار خوێندراوەتەوە
عوسمان گوڵپی
+ -

شۆفڵێک و ژمارەیەک پیاوی حکومی چەک بەدەست و لیژنەیەک بەناوی زیادەڕۆوە، دەگەنە خانوە تەجاوزەکان و بەفەرمانی میری دەمی شۆفڵ دەدا لە دیواری خانوو و دەیڕوخێنێ.
ھەموو جۆرەکانی تەجاوزات خراپە و پێویستە رێگای لێ بگیرێت، پێویستە کەس پەنا نەبات بۆ یاسا شکێنی، ئەمە قسە دروستەکەیە. 

ئەو خانوانەی دەروخێنرێت زۆربەیان ھی ئەو خێزانانەیە توانای کڕینی خانویەکی ئاساییان نیە، تەنانەت خانووی سەر زەویە تەجاوزەکەشیان بێ حەوشە و بێ لەبخ و تەواو نەکراوە، لە نەبوونیدا نەبێ کەسی تێدا ناژی، کەچی بەبێ ئەوەی میریی ھیچ حسابێک بۆ ئەو ماڵە ھەژارانە بکات رووی شۆفڵەکەیان تێدەکات و دەیڕوخێنێ.

ئەو شۆفڵ و لیژنە و چەک بەدەستانەی میریی، کاتێ کەدەچن بۆ روخاندنی ماڵێکی تەجاوزی قەراغی شار، دەدەن بەلای چەندین ماڵە بەرپرسی تەجاوزدا؟ دەدەن بەلای دەیان باڵەخانەی بەرپرسەکاندا کە کەس نازانێ چۆن دروستکراون، بەتەنیشت چەندین سیتی گرانبەھادا دەڕۆن کە نرخەکانیان خەیاڵین، یان ھی بەرپرسێک خۆیەتی یان شەریکە لەگەڵی. 

ئەو شۆفڵ و پیاوانەی میریی کەدەچن بۆ روخاندنی ماڵی تەجاوز، بە بەردەمی دنیایەک موڵکی گرانبەھای بەرپرسەکاندا دەڕۆن، ھەر بەرپرسەکان نا، بەڵکو ژمارەیەکیان حمایە و خزمەکانیشیان شەرعیەتی تەجاوزاتیان ھەیە و کەسیش نیە لەگوڵ کاڵتریان پێ بڵێ، بڕۆن سەرێک لە دەوروبەری عەزیزاوا و قولەرەیسی و ئەو شوێنانە بدەن کە شارەوانی سلێمانی دەمێکە کردنەوەی ڤێلا و خانووی تێدا قەدەغە کردوە، کەچی خانووی جوانی نوێ، خانوو لە بەستنی سەقف و خانوو لەسەرەتای کردنەوەدا دەبینی، ئەمانە ھی کێن؟ بەچ یاسایەک؟ بۆچی میریی چاوی خانویەکی سەدمەتری ھەژارێ دەبینێ کەچی ڤێلای ھەزار مەتری بەرپرسەکان نابینێ؟ تەنھا بە پرسیار کردن خەڵکی ئەو ناوە پێتدەڵێن ھی کێن، خوشکەزای فڵان کەس! برازای فیسار کەس! 

ئەو خانوەیان ھی بەرپرسی حمایەکانی کاک فڵانە و ئەوەشیان ھی سکرتێرەکەی فیسارە، ئەمانە درۆ نین و وەسڵێک نین خەڵک بتوانێ تەزویریان بکات، ئەمانە بوھتان و زانیاری ھەڵە نین، خانوو و ڤێلا و باخ و بینان! کێ دەیەوێ بزانێ بڕوا ببینێ، یان بڕواتە نوسینگەیەک و بڵێ دۆنمێک زەویم دەوێت بیکڕم، دوای نیشاندانی زەویەکان بە نوسینگەکە بڵێ ئەم دۆنمانە دەھێڵن خانووی تێدا بکرێت؟ یەکسەر کابرای نوسینگە دەڵێ نەوەڵا ناھێڵن، بەڵام ئەگەر واستەت ھەبێ کەس قسە ناکات.

ئەوەی باسمکرد نە خەیاڵە و نە قسەی بەتاڵ، بەڵکو وڵاتێکە کە یاسا و رێنمایی و پیاوانی میری و زۆرێک لە بەرپرسەکانی بارێکی گرانن بەسەر ھەژارانی وڵاتەکەوە، وڵاتێک بەرپرسەکانی شوقەی تەجاوز و مەعرەزی سەیارەی تەجاوز و بەنزینخانەی تەجاوز و ئوتێلی تەجاوز و چەکداری تەجاوز و ڤێلای تەجاوزیان بە رۆژی رووناک و بەبەرچاوی ھەموانەوە ھەن، کەچی شۆفڵەکانی شارەوانی ماڵی ھەژار و بێ کەسەکان دەڕوخێنن، چونکە تەجاوزە؟
ھەربۆیە نە ئینتیما بۆ خاک ماوە و نە ئاڵا و نە زمان و نە کلتور، کەسێک نیە بەزەیی بەم وڵاتەدا بێتەوە، ئەوانەی بوونەتە میلیاردێر لەسەر ئەم خاکە لە ھەموان زیاتر دژی ئەم خاکەن، دەسەڵاتی ئەوانەی دڵسۆزن تا دەرگای حەوشەی خۆیان بڕدەکات، بەداخەوە بۆ ئەو دۆخەی گەر بە خەویش شەھیدەکان بیانبینیایە چەکەکانیان فڕێ دەدا.

ھەربۆیە شۆفڵ و میریی، تا نەتوانێ خانووی تەجاوزی کوڕی بەرپرس و بیناکانی باوکی بڕوخێنێ، ناتوانێ دیوارێک بڕوخێنێ کە جێگای دەستخۆشیبێ، گەر ڕووخاندنی تەجاوز تەنھا ھەژارەکان بگرێتەوە و بەرپرسەکان لێی دەربازبن، ئەوە چارەسەری تەجاوزات نیە، ئەوە ستەمێکی گەورەیە و بەس، موڵکی گشتی و زەوی وڵات و نەخشەی شار، بە چەندسەد خانویەکی تەجاوز تێکناچێ، شار بە فرەکوێخایی و داگیرکاری زەوی لەلایەن بەرپرسان و گەندەڵی گەورە و قاچاخچێتیەوە تێکدەچێ. 

ھەرکات میریی توانی جیاوازی لە نێوان خانوی تەجاوز و تەجاوزی بەرپرسێک نەکات، ھەر ھەنگاوێک ھەڵگرێت جێگای دەستخۆشییە، چونکە یاساکان و رێنماییەکان بۆ ھەموان دادەنرێن نەک بۆ ھەژار و بێ کەسەکان.