سەردێڕ:

بەرگرییەک لە ویژدانەوە

7/3/2020 3:26:16 PM
25508 جار خوێندراوەتەوە
لەتیف شێخ موستەفا
+ -

بەرێز شێرکۆ جەودەت دەڵێ ئەندامانی فراکسێۆنەکەی ئێمە ھەموو مەرجە یاساییەکانیان تێدایە و خانەنشینی ڕەت ناکەینەوە، کەچی زۆرێک لە پەیج و ئەکاونتەکان بەکێویان ھەڵگێڕاون و دەستیان کردووە بە تەشھیر و سوکایەتیکردن پێیان.

کەچی ھاوڕێی ئەزیزم بەڕێز یوسف محەمەد ھەمان قسەی کردووە و دەڵێ من لە ئێستادا مەرجەکانی خانەنشینی گشتی نامگرێتەوە و کەی ئەو مەرجانەم تێدا بەدی ھات خانەنشین دەبم، ھەمان ئەو پەیج و ئەکاونتانە دەستیانکردوە بە وەسف و سەناکردن و دەستخۆشیکردن لێی، لە کاتێکدا لە ڕوی قانونیەوە ئەو ئێستا پەرلەمانتاری عێراقە و شمولی خانەنشینی ھەر ناکات، ئەگەر مەرجەکانیشی تێدا بوایە، لە داھاتوش کە مەرجەکانی تێدا ھاتەدی مافی ئەو لە پەرلەمانی کوردستان نەماوە، بەڵکو مافی خۆیەتی لە پەرلەمانی عێراق خانەنشین ببێ، نەک کوردستان. 

نازانم ئەدمینی ئەو پەیجانە دەبێ خەڵک بەچی تێبگەن؟ یان خۆیان بەڕاستی لە بابەتەکە نەگەیشتوون، کەس نیە پێیان بڵێ خەڵک وشیارە و بەم کارەتان زیانی زیاتر لە حیزبەکەتان دەدەن.

دەبێ ئەوەش بزانین تاقە حیزب کە وەک حیزب ئەم دەسکەوتەی بۆ ھەژمار بکرێ ، ئەگەر دەسکەوت بێ تەنھا نەوەی نوێیە، ئەوانیش ئەگەر ئەندامەکانیان مەرجەکانی خانەنشین بونیان تێدابێ. 

لە دنیا موچەی زۆر دەدرێ بە پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی بتوانن چاودێری حوکمەت بکەن و لێی بپرسنەوە و لەلایەن حوکمەتەوە نەکڕدرێن، ئەم قسەیە بۆ دادوەرانیش ڕاستە، کەچی لای ئێمە مووچەی زۆر دەبێتە ھۆی بێ دەنگ کردنیان، بۆیە لە ئێستادا ھەقی ئەوەیە مووچەی پەرلەمانتاران زۆرکرمبکرێتەوە، چونکە بە فیعلی ھیچ ڕۆڵ و کاریگەریان نیە و ئیشی خۆیان ناکەن پڕبەدڵ ھیواخواز بووم و لە نوسینی تریش نوسیومە و داوام کردوە بەرزترین مووچەی ئەوانەی پێیان دەڵێن پلە باڵا بەتایبەت پەرلەمان لە ٢ ملێۆن زیاتر نەبێت ، ئەو کات خانەنشینیەکەشیان جیاوازی وای نەدەبوو، لەگەڵ موچەخۆرانی گشتی، تا ئەو کاتەی دەبونەوە بە نوێنەری خەڵک و حوکمەتیان ھەڵدەپێچا ئەو کات چەند مووچەیان بدرێتێ کێشە نیە.