سەردێڕ:

شۆڕشی دەنگدەران بەڕێوەیە!

1/13/2021 6:33:56 PM
7718 جار خوێندراوەتەوە
سەعید کاکەیی
+ -

خوشك و برای دەنگدەری بەڕێز، ئەگەر دەتەوێت بەشداربیت لە سزادانی دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و دز و چەتەکانی ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق؛ ئەگەر دەتەوێت ئەم حزبە سواو و بێبەرھەمانەی ئێستا بچوک و بچوکتر بکەیتەوە ھەتا نەتوانن چیتر کەرامەتت بڕوشێنن و لە حەیسییەتت کەم بکەنەوە و ئەقلت لەقاڵب بدەن و ھێزت بێئەرزش بکەن.

ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت لەژێر چەپۆکی نەفام و کاڵفام و چەواشەفامی ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان و عێراق رزگارت بێت، ئەوا پەلەکە و پەنجە بەھێزەکەی خۆت ئامادە بکە وەك چەکێکی کاریگەر بۆ لەدەسەڵات دورخستنەوەی نەیار و دوژمنەکانت بە سێ ھەنگاوی زۆر سادە، بەڵام  زۆر کاریگەر و ھەناوبڕ:

یەکەم: گوێ شل مەکە بۆ پڕوپاگەندەی کۆیلەکانی دەسەڵات و رەشبینەکان بۆ ساردکردنەوەت لە بەشداریکردنی کاریگەر  لە  پرۆسەی شۆڕشی شکۆداری دەنگدەراندا.

دووەم: ئەگەر کارتی دەنگدانی بایۆمەتریت دەرنەھێناوە، خێراکە بڕۆ بۆ بنکەکانی تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەپێناو تۆمارکردنی ناوی خۆت یان نوێکردنەوەی زانیاریەکانت بۆ ئەوەی  کارتی بایۆمەتری تایبەتی خۆت بەدەستبھێنیت.

سێھەم: بێگوێدانە ھەوڵەکانی دوژمنانی خۆت بۆ بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکان، نەك تەنھا خۆت بەڵکو کەسوکارە بەڕێزەکەت و دۆست و ھاوڕێیانی خۆشت ھان بدە بەلێشاو بەشداری لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بکەن، چونکە بەو کارە گرنگەت چەکی قێزەوەنی تەزویر و ساختەکاری دەسەڵاتدارە گەندەڵ و دز و چەتەکانی ئێستا پەك و لەکار دەخەیت.

لە کۆتاییدا، لەبیرت نەچێت، ئەگەر بەشداری  لە شۆڕشی شکۆداری دەنگدەراندا بەشدار نەبیت، ئەوا ناڕاستەوخۆ تۆش تاوانباریت لە مانەوەی ئەم بارودۆخە مەترسیدارەی خۆت و ھاوڵاتیانی دیکەی کوردستان و عێراق.