سەردێڕ:

کێ دەتوانێ بەر بەم تاڵانیکردنە بگرێ؟

8/10/2020 4:38:11 PM
3690 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

دوای ١٥ ساڵ لە دزینی پارەی نەوت و داھاتی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی مافیایی یەکێتی و پارتی و بنەماڵەکانیانەوە ئێستا سەرمایەیەکی گەورەی سەدان ملیارد دۆلاریان کەڵەکە کردوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە ٢٠٠٣ ەوە چیتر چەتە مافیاکانی پێشوو نین و لەژێر دەستی گەورە سەرمایەدارانی بازاڕی نەوت و نیولیبرالیزم و ئامۆژگاریەکانی بانکی جیھانیدا فێری چۆنیەتی پاراستن و کەڵەکە کردنی سامانەکانیان بوون.

ھەربۆیە ئەو پارانەی لەم ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتیاندا لە ژێر زەمینەکان کۆیان کردبووە ئێستا خستویانەتە بازاڕی وەبەرھێنانی سەرمایەوە. بەتایبەت نەوەی نوێی مافیاکان فێربوون کە چۆن حکومەتی ھەرێم بکەنە کۆمپانیا و کارتێکی وەبەرھێنانی سەرمایەکانیان. ئەمانە دەزانن کە سەرمایە لە راوەستانیدا دەمرێ و ھەربۆیە جگە لە ھەناردەکردنی سەرمایەکانیان بۆ بانکە جیھانی و بازاڕی دەرەوە ئێستا خەریکن بنەمای ئابووری دەسەڵاتە مافیاییەکەیان بە فەرمی و بەناوی کەرتی تایبەتەوە دادەمەزرێنن و ھەرچی کەرتی حکومیە لە تەندروستی و ئاو و کارەبا وە تا ھەموو بەشەکانی تر لەسەر تەختەی نەشتەرگەری ئۆرگانەکانی بەبێ بەنج لە ھەناوی کۆمەڵگە دەردێنن. ئەمە دۆخێکە کە ئەم مافیایانە لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا و فەوزای ئابوری ئێستادا فرسەت لە جێبەجێکردنی دێنن.

بە تایبەت لەم دۆخەدا کە تەندروستیی کۆمەڵگە لە بەردەم ھەڕەشەی کۆرۆنادایە ڕۆژانە ھەواڵی لەکارخستنی خەستەخانەیەکی گشتی دەبیستین، وەک نەخۆشخانەی مناڵانی سلێمانی، نەدانی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی ھیوا، نەخۆشخانەی Sante Life hospital لە ھەولێر و چەندین کێشەی تری نەبونی موچە و دەرمان و ئامێر و ھتد..

بە کورتی ئەم وێرانکردنەی کەرتی حکومی تەندروستی پیلانێکی حکومەتی ھەرێم و حزبە مافیاکانێتی بۆ ڕوتاندنەوەی زیاتری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان لە رێگەی نەھێشتنی خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی و گشتیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە رێژەی نەخۆشی شێرپەنجە و تەشەنەی کۆرۆنا و چەندین نەخۆشی درێژخایەن و پڕ مەترسی تر لە کوردستاندا لە ھەڵکشاندایە.

چۆن دەتوانرێ بەر بەم تاڵانیکردنە بگرین؟
بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ئەم تاڵانکاریانەی بنەماڵەکانی یەکێتی و پارتی و حکومەتە مافیاییەکەیان کارێکی باشە بۆ ئاگاداربوونی خەڵکی کوردستان لە مەترسی پیلان و نەخشەکانی ئەم تاوانکاریانە و ئەمە مافی ھەموو خەڵکی کوردستانە کە لە دۆخی ئەم خزمەتگوزاریانەی سەرچاوەی ژیانن ئاگاداربن، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نیە، چونکە ھێزێک پێویستە بەر بەم تاوانکاریانە بھێنێ ئەگەر نا ھیچ لە دۆخی نالەباری خەڵک ناگۆڕێ.

ھەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی نامە و ناڕەزایەتی تاکەکەسی و تەنانەت بە گروپیش بۆ وەزارەت و پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەردەوامە و پێویستە فشار لەسەر ئەم دەسەڵاتانە دابنرێ، بەڵام ئەمانە دەبێ بکرێنە فشارێکی جدی کە بتوانێ شتێک بگۆڕێ لەو شوێنانەدا کە ئەم تاڵانکاریانە پیادە دەکرێ، چونکە ھەر کام لەم لایەن و حزبانەی حکومەتی ئێستای ھەرێم و حزبە ئیسلامیە کۆنە سەر بەدەسەڵاتەکانی پێشووش بەشێک لەم سیستمی تاڵانکاری و کەڵەکەکردنی سەرمایەداریەن و ھەموویان بەشداری دزی و دەوڵەمەندبوونەکەن.

لە لایەکی تریشەوە پەنا بردن بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بوەتە ئامڕازی ھەندێ حزبە نیوە ئۆپۆزسیۆن و نیوە بەشداری گەندەڵی و دەسەڵاتداری وەک گۆڕان و نەوەی نوێ دیسان خستنەوە خزمەتی ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کوردستانە بۆ پچڕینی سەھمێکی زیاتر لەو تاڵانی و گەندەڵیە سیاسی و ئابوریەی کە ئەم لایەنانە بەشدارن تیایدا. پاڕانەوە لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بە نەوەی نوێی مافیاکانی کوردستان دادەنرێن و خەڵکی عێراق خۆی لە دژیان ڕادەپەڕێ ھیچ خزمەتێک بە ئەنجامگەیاندنی داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستان ناکات و توشی شکست و نائومێدی زیاتری دەکات.

ھەربۆیە تەنیا یەک ڕێگا چارە ھەیە، ئەویش دروستکردنی دەستە و بۆردی کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیار و ھەموو ئەو کەسانەیە کە لەم کەرتە حکومیانەدا کاردەکەن وەک بەرەیەک و بەدیلی ئەو بەڕیوەبەرانەی ئێستای ئەم دامودەزگا و فەرمانگە و نەخۆشخانانەی کە حکومەت دەیەوێ لەناویانبەرێ و ھەڵیان بوەشێنێتەوە و پەکیانبخات و دواتر خەڵک و ئەم کارمەندانەش ناچار بکا کە پەنا بەرنە بەر کەرتی تایبەتی کۆمپانیا و کارتێلە حزبیەکان و بنەماڵەکانیان.

ئەم بۆرد و دەستانە لە ھەنگاوی یەکەمدا لەو چالاکانە دروست دەبێ کە ھەر ئێستا دەنگیان بەرامبەر بە بەڕیوەبەر و وەزیر و حکومەتی ھەرێم بەرز کردووەتەوە. بەڵام پێویستە ھەموو کارمەندانی ئەو ناوەندانە بگرێتە خۆ و ئەمەش ھێز لەو ناوەندانەدا دروست دەکا کە دەتوانێ فشار لەسەر بەڕیوەبەر و حکومەت دابنێ. ئەم بۆردانە پێویستە ببنە ئەو نوێنەرانەی کە ڕوو بە بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەرایەتی گشتی و وەزارەت و حکومەت و پەرلەمان و دەزگا نێودەوڵەتیەکان و خەڵکی کوردستان دەنگ بەرزکەنەوە و خەڵکی کوردستان بانگەواز بکەن بۆ پشتیوانیکردن لەو کارانەی کە ئەم بۆردانە لە پێناو پاراستنی تەندروستی و خزمەتگوزاری گشتیدا دەیکەن. ئەم بۆردانە پێویستە بەشێوەی ھەرەوەزی بەڕیوەببرێن و پەیوەندی نێوان کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیاران پتەو بکات و گیانی ھاوپشتتیان تیادا دروست بکات کە کۆڵەکەی سەرکەوتنی ئەم زۆریەیە بەرامبەر بە کەمایەتیەک کە ئێستا کۆنترۆڵی ئەم دەزگایانەی کردوە.

سیاسەتی تایبەتیکردنی خزمەتگوزاریەکان تاڵانکاریەکی ئاشکرای مافەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و ھەموو دانیشتوانی کوردستانە و پشتیوانیکردنی ئەو دەستە و ناڕەزایەتیانەی ئەم ناوەندانە پاراستنی ژیان و گوزەرانی ھەموو خەڵکی کوردستانە ھەربۆیە ئەرکی ھەمووانە. بۆنمونە پاراستنی گیانی کەسانێک کە بە شێرپەنجە توش بوون تاکو بە خۆڕایی بتوانن دەستیان بە چارەسەر ڕابگات پێویستی بە پشتیوانی ئەو کارمەندانەی نەخۆشخانەکانی ھیوای سلێمانی و رزگاری ھەولێر و ئازادی دھۆکە تاکو ئەم نەخۆشخانانە دانەخرێن و توشبوانی شێرپەنجە تەسلیم بە بازاڕی بێ ڕەحمی پارە و کەرتی تایبەت نەکرێن. ئەمە ئەو خەباتە کۆمەڵایەتیەیە کە وەک خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان ھەموو پێویستمان بە یەکتر و ھاوپشتیەکی بەرفراوانی جەماوەری یەکتر ھەیە. ئەمە تەنیا ڕێگا چارەی ئێمەیە. تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لە بۆردی پاراستنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان  دەتوانێ بەر بەم تاڵانیکردنە بگرێ کە مافیاکانی دەسەڵات دەستیان داوەتێ.