سەردێڕ:

کۆدەکانی کۆمەکی مافیایی!

7/15/2020 8:41:38 AM
9994 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

کاتێک خەڵکی شاری کەلار، لە بەرامبەر گوێنەدانی حکومەتی ھەرێم بە مەرگی ھاوڵاتیانی گەرمیان بەھۆی پەتای کۆرۆناوە، بانگەوازیان کرد کە "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین"، یەکێتی نیشتمانی وەک تاڵانچی ئەم ناوچەیە، ترسی ئەم دەست پێشخەریە جەماوەریەی لێ نێشت کە ببێتە ھۆی لەدەست چوونی پێگەی دەسەڵاتدارێتی، ھەربۆیە ھەر کام لە دوو باڵی ھاوسەرۆک و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان  کەوتنە خۆ، لاھور شێخ جەنگی بە "بەخشینی موچە"ی ستافی تەواوی نەخۆشخانەی قەڵا بەسەرجەم پزیشکان و کارمەند و فەرمانبەران، وە(دەرباز کۆسرەت رەسوڵ) یش بە دابین کردنی  ٤ ئامێری پێوانی ئۆکسجین، ھەرچەند ئەم کۆمەکانە لەژێر فشاری دەستبردنی خەڵکە بۆ بەڕێوەبردن و دابینکردنی تەندروستی گشتی خۆیان، بەڵام ئەم جۆرە کارانە و مەبەستی ئەم دەسەڵاتدارانە دەبێ باش بناسین کە بەدوای چییەوەن؟

ئەمە پێی دەوترێ "کۆمەکی مافیایی" کە ئەم دوو باڵە دەسەڵاتدارە "موچە و پێویستییەکانی کەرتی تەندروستی"ی خەڵکی گەرمیان و بەشێکی کوردستانیان دەست بەسەردا گرتوە و کەچی بەناونیشانی خێر و بەخشیین بەشێکی ناچیزی بە خەڵک دەفرۆشنەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر حکومەت و بودجە و داھاتی کوردستان ھەیە بۆچی ئەم دەسەڵاتدارانە بەناوی شەخسی خۆیانەوە خەریکی دابەشکردنی موچە و پێویستی تەندروستین بۆ نەخۆشخانەیەک؟ بۆچی موچەی ھەموو پزیشک و کارمەندی تەندروستی ھەموو کوردستان نادەن کە دوو مانگە لە پێشی بەرەی شەڕی کۆرۆنادان ؟ بۆچی ئەو ١٠ ملیار دۆلارەی داھاتی فەرمی کوردستانە ئەمڕۆ ٢٥٪ ناخەنە خزمەت دابینکردنی ئەم پێداویستیە تەندروستیانەی خەڵک و موچەی کارمەندانی تەندروستیەوە؟ بۆچی ٠،٥٪ بودجە بۆ کۆرۆنا دادەنێن و لەکاتێکدا دەزانن کە چ حاڵەتێکی کتوپڕ و ئیمێرجنسی ھەیە و ھەموو حکومەتەکان ناچارن بودجەی گەورە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم پەتایە دابنێن؟

بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە دەبێ لەو سیاسەتەدا بۆی بگەڕێین کە پێی دەڵێن "ئیدارەی مافیایی"، "کۆمەکی مافیایی" بەشێک لەو شێوازە لە بەڕێوەبردنی مافیاییە، کە یەکێتی و پارتی لە سێ دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتیاندا پیادەیان کردوە و ئێستا بونەتە شارەزاترین بەڕێوەبەری فەرمی مافیایی، کە ھیچیان کەمترنییە لە حکومەتە مافیائاساکانی ئەمریکای لاتین.

دەست بردنی یەکێتی و پارتی بۆ گۆڕینی موچە و دابینکردنی پێویستییەکانی تەندروستی گشتی بە خێر و سەدەقەی سەرۆکە حزبیەکان، خۆی بەشێک لە سیاسەتی نەھێشتنی کەرتی گشتی تەندروستی و تاڵانکردنی لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبی و سەرمایەدارە حزبیەکانەوە.

ئەوان لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێ بەرپرسیاریەتی حکومەتەکەیان لە دابینکردنی موچە و پێویستی تەندروستی لادەن و ھاوکاتیش وەلائی حزبی و شەخسی لە ڕێگەی بەخشینی موچە و دابینکردنی چەند ئامێرێک و کۆمەکێکەوە بەدەست بێنن، لێرەوە ئیتر کارمەندانی تەندروستی چیتر چاوەڕێی موچەی فەرمی نابن و ناڕەزایەتی دەرنابڕن ئەگەر موچە نەدرێ، بەڵکو دەبنە چاو لە دەستی مەرحەمەت و بەزەیی ھاوسەرۆک و سەرۆکە حزبیەکان.

ئەم دۆخە بێگومان بەم کۆمەکە مافیایانە پینە و پەڕۆ ناکرێ و ڕێگا چارەی بەرگرتن بە مەرگی زیاتر و بێکاری و بێ موچەیی تەنیا لە سەرتاسەری کردنەوەی ئەم جۆرە دەست پێشخەریە ھەرەوەزیانەی خەڵک خۆیان و بانگەوازی "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین" ی شاری کەلار و شارەکانی تری کوردستاندایە، ئەمڕۆ دکتۆر و کارمەندی تەندروستی خەڵک دەبێ بەم چەشنەی کەلار لەدەوری یەکتر کۆببنەوە و دەست بەرن بۆ کاری ھەرەوەزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوێ نەدانی حکومەتی ھەرێم بە دۆخی مەترسی تەندروستی لە کوردستان و تاڵانکردنی کەرتی حکومی تەندروستی لەلایەن کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکانەوە و خۆمان ڕێگاچارەیەک بدۆزینەوە بۆ فریاکەوتنی تەندروستی گشتی ھاوڵاتیانی کوردستان.

تەندروستی گشتی مافی ھەموو ھاوڵاتیانە کە بە خۆڕایی و لە بودجەی گشتی کوردستان  دەبێ دابین بکرێ، ھەربۆیە پێویستە ھەموو خەڵکی کوردستان دژی فرۆشتن و بە تاڵانکردنی کەرتی تەندروستی حکومی ببینەوە بە کۆمپانیا حزبی و سەرمایەدارەکان ، لەبەرئەوەی ئەمە دزینی بەشی کرێکار و کارمەند و خەڵکی کوردستانە لە داھاتی کاریان و لە داھاتی کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستە داواکاربین کە بودجەی کەرتی تەندروستی زیاد بکرێ بۆ ٢٥٪ بە تایبەت لەم کاتی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەدا(کۆڤید١٩)، تاکو پێویستیەکانی پاراستنی تەندروستی و موچەی تەواوی کارمەندان دابین بکرێ.

ئەوە ٢٨ ھەزار کارمەندانی تەندروستین کە داکۆکی لە پاراستنی تەندروستی گشتی دەکەن، لەبەرئەوەی پێویستە ئەوان لە ئیدارەی کەرتی گشتی بەشداربن و ئاگاداربن لە بودجە و داھاتەکەی، وە لەو شوێنانەی حکومەت ناوەندەکانی کەرتی گشتی چۆڵ دەکا ئەم گروپانەی کارمەندانی تەندروستی کاربکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە و دروستکردنی ئیدارەیەکی ھەرەوەزی لە جێگایدا.

ئەگەر یەکێتی و پارتی و حکومەتی ئەم حزبە بەم زیانە دەیانەوێ لە پەتای کۆرۆناشدا لە ڕێگەی ئیدارەی مافیاییەوە خەڵکی کوردستان بھێننە سەر چۆک بۆ ناچارکردنیان بەم ڕاھاتنە لەگەڵ بێ موچەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەرگی کۆرۆنا بە بێ بوونی پاراستنی تەندروستی، ئەوا ڕێگە چارەی خەڵکی کرێکار و کارمەند و کەم دەرامەتی کوردستان دروستکردنی تیم و گروپی پاراستنی تەندروستی گشتی خۆیان و ڕزگارکردنی داھات و سەر و ماڵی تەندروستی گشتی و بودجەی کوردستانە لەدەست ئەم باندە مافیایانەی حکوم بەسەر خەڵکدا دەکەن، ئەوکات لە دەرگای ھەر شارێکی کوردستاندا ئەم دروشمەی کەلار بە بەرزی دەشەکێتەوە، "خۆمان شاری خۆمان ڕزگار دەکەین".