سەردێڕ:

باوەڕ بە١٠٠ ڕۆژی مەسرور یان ١٠ ھەزار ڕۆژی حکومەتی بنەماڵە بکەین؟

12/8/2019 12:10:17 PM
9351 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ کمال
+ -

مەسرور بارزانی لە ١٠٠ڕۆژی حکومەتەکەیدا وتارێکی دا ئەوەندە باسی چاکسازی کرد کە وەک ئەوەی بە کودەتایەک هاتبێتە جێگای حکومەتێکی گەندەڵ و دزی پێشوو. یەکێک نەزانێ ئەمە خۆی یەکێک لە باڵادەستەکانی بنەماڵەیەکە کە ١٠٠٠٠ ڕۆژە بە باوک و ئامۆزا و برا و بزرازاوە حکومی کوردستان دەکەن، لەوانەیە پێی وابێت ئەمە حکومەت و بەرنامەیەکی تازەیە و کوردستان بەدەستی ئەم پیاوە دەچێتە قۆناغی بوژانەوە و کرانەوە و دادپەروەریەوە.

 ئەم سەرۆکە تازەیە لەم ١٠٠ ڕۆژەشدا ئەگەر پارەی نەوتی بخستایەتە سەر حسابێکی بانکی لە کوردستان و بیوتایە بە پێی نەخشەیەکی ئاشکرا بۆ پێویستییەکانی خەڵک بۆ کارەبا و سوتەمەنی و خانو و تەندروستی و خوێندن و کارگە و کێڵگە و ڕێگاوبان خەرجی دەکەم. هێشتا باوەڕی پێدەکرا وەک ١٠هەزار ڕۆژەکەی تر لەلایەن بنەماڵەکەی خۆی و بنەماڵە هاوپەیمانەکەیەوە وەک پێشوو نادزرێ. بەڵام یەک وشەش لەسەر ژمارەی ئەو دۆلارانەی لە فرۆشتنی نەوت پەیداکراوە لەم ١٠٠ ڕۆژەدا ناڵێ و وەک قەوانی پێشوو دەڵێ حکومەت داهاتی نەوت و خەرجکردنی ئاشكرا دەکات.

 ئەم پاڵەوانەی دژی گەندەڵی ناڵێ لەم ١٠٠ ڕۆژەدا چ گەندەڵیەکی گەورەی ئاشكرا کردووە، بێگومان ئەگەر کارێکی وای بکردایە ئێستا بنەماڵەکەی خۆی و سەرۆک حکومەتی ئامۆزای و باوکی سەرۆکی هەرێمی پێشووی دەبردە دادگا و خەڵکیش بڕوای بە بانگەشەی دژایەتی گەندەڵیەکەی دەکرد. مەگەر کێ هەیە نەزانێ کە گەندەڵی گەورەی کوردستان لەلایەن ئەم دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیەوە کراوە و ئەوانەی تر لەسایەی ئەم سیستەمی خزمایەتیەدا بەشێکیان بەرکەوتووە.

 ئەم کاربەدەستە نوێیە باسی خزمەتگوزاری دەکات، بەڵام ئەوەی نەخشەیەتی فرۆشتنی کارەبا و ئاو و خەستەخانە و کەرتە گشتییەکانە بە کۆمپانیا شەریکەکانی خۆیان لەسەر پەیداکردنی کار و دانەوەی قەرزی موچەکانیش یەک وشەی نیە جگە لە درێژەدان بە بەرنامەی حکومەتە موچەدزەکەی پێش خۆی و باسنەکردنی بیمەی بێکاری یان دامەزراندن و دابینکردنی ژیانی خەڵکی کرێکار وهەژار و کەم دەرامەت. بەپێچەوانەوە دەڵێت لەسەر ڕاوێژەکانی لەگەڵ بانکی جیهانی بەردەوام دەبێت تا بزانێ چۆن درێژە بەو شۆکی هەژارکردنەی خەڵک بدا کە ئەم دەزگا نیولیبرالیەی جیهانیشی سەرسام کردوە کە چۆن توانیویانە لەماوەیەکی زۆر کورتدا بتوانن ئەم بەرنامەی هەژارترکردنەی خەڵک بەم شیوەیە پەیڕەوبکەن.

 بێگومان لەم سەرۆکە تازەیە چاوەڕوانی باسی ئازادی جۆرێک لە گێلیە کە کەسێک خۆی داوای لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسێکی وەک سەردەشت عوسمانی لەسەربێ دێت و لە ئاهەنگی ١٠٠ڕۆژەی حکومەتەکردنیدا بە باس و یادەوەری وا ڕۆژەکەی خۆی تاڵ دەکات، بێگومان خەڵکی کوردستان هیچ باوەڕ بە کەسێک ناکەن کە ٢٨ ساڵ چەوساندبێتنیەوە بە ١٠٠ڕۆژ دەیانباتە بەهەشت.

 ئەوە تەنیا کەسان و لایەنێکی وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان باوەڕی پێدەکەن کە ئامادەن لەسەر شەریک بوون لە پۆست و داهاتدا نەک ١٠٠ ڕۆژ بەڵکو ١٠٠٠٠ڕۆژ ئیمزای دەسەڵاتی ئەم بنەماڵە سەرمایەدارانەی سەروەریان بکەن. بەپێچەوانەوە خەڵکی کوردستان لەهەر فرسەتێکی گونجاودا دەنگی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانیان شانبەشانی خەڵکی عێراق و لوبنان و ئێران و فەرەنسا و شیلی بەرزدەکەنەوە دژ بەدەسەڵاتی ئەم بنەماڵە و حزب و حکومەتە سەرمایەدارانە. ئەو کاتەیە کە خەڵکی کوردستان بەم مەسرور بارزانی دەڵێ " لە کاتێکی خراپدا هاتیت و وتارى چاکسازیت پینەی چارۆکە دڕاوەکەتان ناکا و بەلەمی حکومەتەکەتان لەدەست ئەو ئاراستەیە ڕزگاری نابێ کە بەرەو گێژاوی شۆڕش و ڕاپەڕینی چینە چەوساوەکان دەچێ و لەوێدا وەک حکومەتەکەی عادل عەبدولمهدی لەناودەچێ بە هەموو کابینەی حزبە سەرنشینەکانیەوە."