سەردێڕ:

بە ماکدۆناڵکردنی خوێندن

5/27/2020 9:48:30 PM
7698 جار خوێندراوەتەوە
ئیسماعیل عوسمان
+ -

ماکدۆدناڵ خواردنێکی خێرای ئەمریکیە، ئێستا ئەم خواردنە بووەتە خواردنی ھەموو کەلتوورە جیاوازەکانی جیھان، ئەم خواردنە لە ھەموو شارەکانی ئەمریکا بوونی ھەیە، رۆژانە ھاوڵاتیان چ لە ئەمریکا و چ لە سەرجەم شارەکانی دونیادا ئەم خواردنە دەخۆن، چونکە بووەتە خواردنێکی ستاندار و بەشێوەیەکی خێرا و بەتایبەتمەندی یەکسان دەتوانرێت دەست ھاوڵاتیان بکەوێت. خواردنی ئەم خۆراکە ھەستی تێربوون لەلای کەسەکان دروست ناکات، ئەگەرچی لەرووی فیزیکیەوە کەسەکە واھەست دەکات خواردنێکی خواردووە، بەڵام لەرووی کرداریەوە "ئیشتھایەکی درۆزنانەنە."

بە ماکدۆناڵیزەیشن (mcdonaldization)، چەمکێکی کۆمەڵناسیە، بۆیەکەمجار لەلایەن (جۆرج رتێرز)ەوە بەکارھاتووە، ئەو باس لەوەدەکات رستۆرانتەکان خۆراکێکی خێرا لەماوەیەکی کەمدا پێشکەشی کۆمەڵگا و جیھان دەکەن.

بەماکدۆناڵکردنی خوێندن، پرۆسەی بەکاڵاکردنی خوێندن لە دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاڵایەک ھەموومان دەتوانن پێکەوە سوودمەندبین تێیدا بێ جیاواز، خوێندن لەدوای ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی ئیفلج بوون بووە، بە قەولی ئەنتۆنیۆ گێدنێز ناوی لێدەنێت (قەیرانی قووڵ)، دەکرا حەکیمەکانی ووڵاتی ئێمە خەمێکی جیدیان لەم پرۆسەیە بخواردایە بۆ رزگاربوونی مەعریفە لەم قەیرانە قووڵە، بەڵام نەک خەم نەخوارا، بەڵکو پرۆسەی خوێندنی بەرەو دابڕانێکی قووڵی مەعریفی برد.

ھەنگاوی یەکەمی بە ئۆنلاینکردنی سیستمی خوێندن و مەرگی کلاسی خوێندن بوو، ئەگەرچی خواستێکی ناچاربوو بۆ تێپەراندنی دۆخەکە، بەڵام ئەم ھەنگاوە سەرچاوەکانی وەک ئاوی لێڵبوو، لە پشت مەعریفەیەکی قووڵەوە نەبوو، تەنھا وەک ھەنگاوێکی بەرێکردنی دۆخەکەبوو ھەرئەوەش وایکرد ناوی لێبنرێت (پاڵپشتیکار)، ھەرئەوەش وایکرد ئەم پرۆسە بە ناروونی چ لەلای وەزارەت و چ لەلای خوێندکاران بمێنیتەوە.

لەھەموو خراپتر ئەوەیە، خوێندکار سەرپشککرا لەوەی کە دەتوانێت بەشداری کلاسەکان، دەرسیە ئۆنلاینەکان بکات، ھێندەی دیکە درزی لێکترازاندنی مەعریفەی لای خوێندکاران گەورەترکرد، جۆرێک لە ساردوسڕی بە پرۆسەکە بەخشی، ئازادی بریاڕدان لە وڵاتی ئێمە ئازادی (نەکردن)ە نەک (کردن)، ئەمە بووەتە کەلتووری بیکردنەوەی ئێمە.

گەرانەوە بۆ کەمپەس، بەرێگاچارەیەکی نوێ دادەنرا، بەڵام مانگ سەر لەئێوارە دیاربوو ئیشارەتکردنی نەدەویست، نەدەکرا لەماوەی کەمتر لەچەند ھەفتەیەکدا ئەو ھەموو وانانە دووبارە بکرێتەوە!

وەزارەتی خوێندنی باڵا کەوتبوویە دوڕیانێکەوە لەلایەک بریاڕی کۆتاھێنانی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و لەلایەکی دیکەوە ئەو فشارە سیاسییەی کە لەسەر ھەبوو، ئەوەش وایکرد بریاڕی کۆتایی پرۆسەی خوێندن لە ٢٦/٥/٢٠٢٠ بدات، بەشێک لە خوێندکاران بەم بریاڕە دڵخۆش و بەشێکی زۆری نارەزاین بەم جۆرە بریاڕە.

ئەوەی روونە خوێندنی ئەمساڵ بە ماکدۆناڵکراوە، چونکە ھەموو خوێندنی ئەمساڵ ١٢ ھەفتە وانە خوێندن بووە، دەکرێت بوترێت کە کۆرسێکی تەواو، بە وتەی زۆرێک لەو خوێندکارانەی کە قسەم لەگەڵکردون نازانرێت چیان لەم کۆرسەدا خوێندووە؟! دەکرێت بوترێت (ئیشتھایەکی درۆزنانە)ی لای خوێندکاران دروستکردوە، بەتایبەت لە بەشە زانستیەکاندا، چونکە لەوماوەیەدا تەنھا بە پێشکییەک لە زانستەکەی خۆیان ئاشنابوون و ھیچی دیکە.

خوێندن وەک ئەو لەفەی ماکدۆناڵەی لێھاتووە، کە ھەموو خوێندکاران بەبێ جیاوازی دەتوانن دەستیان پێبگات بە کەمترین کات و بەکەمترین ھەوڵ و ماندبوون بیخۆن، بەڵام ھەستی تێربوونیان لا دروست ناکات، تێربوون لە مەعریفە و تیۆرە مەعریفیەکان، لە لەزەت و بۆنی کتێبەکان لە شەونخونی شەوانەکان، لە لەبەرکردنی تێکسە ئەدەبیەکان، لەگۆرینی دونیا بینییەکان، لە ئاراستەکردنی بیرکردنەوە نوێکان، ھیچ یەک لەمانە نیە، تەنھا تێربوونێکی کاتییە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی ھەموو خوێندکارێک بەبێ جیاوازی و بەبێ شەونخونی دەڕواتە نێو قۆناغێکی نوێوە، کە پێدەچێت لەڕووی مەعریفییەوە تووشی دابڕان و لێک تێنەگەیشتی بکات و بیرکردنەوە مرۆڤەکانیش قەتیس دەکات، ھەموو ئەمانە وادەکات بوترێت خوێندنێکی بە ماکدۆنالیزەکراوە.