سەردێڕ:

چاکسازییەکەی برا گەورە

7/8/2020 10:11:50 PM
9740 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

نامەوێت بە ھەڵوێستێکی قەدەرگەرایی بابەتەکە تاوتوێ بکەم بەڵکو دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو خاڵانە بکەمەوە تا ئەو ھەڵەو کێشە ڕیشەییانە تێپەڕ نەکرێت کە ٣٠ ساڵە دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار بەسەر ئەم خاک و گەلەدا ھێناویانە ،مۆدێلی سیاسی ھەرێمی کوردستان مۆدێلێکی ستونییە کە بۆتە ھۆی دروستکردنی دەسەڵاتێکی خۆسەپێن بەسەر چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا کە مۆدێلێکی درێژکراوەی چەقبەستوی حیزب و بنەماڵە سیاسییەکانە کە وەڵامدەرەوەی خواستی کۆمەڵگا نییە و ھەر لەسەرەتاوە بەپێی خواستی چینی باڵای نێو کۆمەڵگای کوردی دروست بوون بەدرێژایی مێژووی حکومڕانی پارتی و یەکێتی ھەمیشە خەریکی موزایەدە کردن بون بەناوی ئابوری سەربەخۆوە کە دەرەنجامەکەیمان بینی چ نەھامەتییەکی بۆ ھاوڵاتیان ھێنا بۆیە سەربەخۆی ئابوری وسیاسی بە سودی گشتی لەژێر دەستی ئەم دو دەسەڵاتە کلیپتۆکراتییە ئەستەمە بێتە بوون.

ئێستا کە پرسی چاکسازی لە نێواندایە پێویستە بپرسین نەوت بە چ شێوەیەک دەفرۆشرێت و داھاتەکەی دەچێتە خەزێنەی حکومەتەوە یان خەزێنەی ئەو سیاسییانەی کە دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتیان لەنێوان خۆیان قۆرخ کردوە تاڵانیان کردووە و دۆسییەی نەوتیان ھێندەی دیکە ناڕۆشن کردووە بۆیە سەرەتای چاکسازی ڕاستەقینە دەرخستنی راستی گرێبەستە نەوتییەکانە بەتایبەتی گرێبەستە ٥٠ ساڵەییەکەی ھەرێم و تورکیا کە جگە لە چەند کەسانێکی نێو بنەماڵەی بارزانی کەسی دیکە لێی ئاگادار نین و تەنانەت حیزبەکانی دەرەوەی پارتیش تا ئێستا جورئەتی ئەوەیان نییە لەو گرێبەستە بپرسنەوە کە بۆتە ھۆکاری کێشەکانی ھەولێر وبەغدا ،ئەم تاڵانی فرۆشییەی نەوت لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە تا ئێستا لەپێناو دروستکردنی دامەزراوەکانی ھەژمونگەری خۆیان بووە نەوەک بنیادنانی سیستەمێکی حکومڕانی تەکنۆکرات کە دواجار ھاوڵاتیان لێی سودمەند بن بە گشتی . 

چاکسازی سەرەتا بەگەڕانەوەی ئەو ھەمووە پارانە ئەکرێت کەلە بانکەکانی دەرەوە خراوەتەوە سەر ھەژمارە تایبەتیەکانی خۆتان چاکسازی سەرەتا بەگەڕانەوەی ئەو ھەمووە لە گرد و تەپۆلکە و ھاوینەھەوارانە دەکرێت کە لەلایەن حیزبەکەی بەرێزت و حیزبەکانی دیکەوە دەستی بەسەردا گیراوە چاکسازی ڕاستەقینە لەوێوە دەست پێ ئەکات نەوەک دەست بردن بۆ گیرفانی موچەخۆران و کەم ئەندامانی ئەم ھەرێمە کە ھەمیشە باجی شکستی سیاسەتی ئابوری ئێوەی داوە ،چاکسازی یان ھەڵگرتنی شمشێری چاکسازی ھونەر و عەقڵییەتێکی سیاسی وای دەوێت کە توانای ھێنانەکایەی سیستەمێکی سیاسی وئابوری سەقامگیر و خۆشگوزەرانی پێ بێت لە پێناو پاراستنی ماف و ئازادی ھاوڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی گشتی و سەقامگیری کۆمەڵگا . 

چاکسازی ڕاستەقینە کاتێک ئەبێت کە شمشێرەکەی برا گەورە ژەنگی ھەڵنەگرتبێ و لە نێو حیزب و خێزانەکەی خۆیەوە دەست پێ بکات چونکە دەستپێکردن لەوێوە دەرەنجامێکی باشتری ئەبێت و پرۆسەی چاکسازییەکەش ڕەوانتر و گەورەتر ئەکات لەوێشەوە تاکەکەسەکان ئەتوانن لە ڕێگەی سیستەمێک لە مافەکانەوە بەرمەبنای ژیانی ژیانی سیاسی و ئابوریان پارێزراو بێت .