سەردێڕ:

نوسەر و رۆشنبیرانی حیزب

5/30/2020 8:27:47 PM
3348 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

ئەگەر تێڕامانێک لە شۆڕشی رۆشنبیری و فیکری ریشەیی و بەرفراوانی ئەوروپا بکەین، بەر لە ھەموو شتێک پێویستە بوترێت کە پێشڕەوەکانی ئەو شۆڕشە زۆر باش ئایین و فەلسەفەو زانست و ھونەرەکانی پێش خۆیان ھەرس کردووە و لەسەر بنەمای ئەم ھەرسکردنە، کۆمەکی خۆیان بۆ ئەو بوارە ئەنجامداوە، ھەروەھا پێویستە ئەو راستییەش پەسەند بکرێت کە سەبارەت بە چۆنییەتی نزیکبوونەوەی ڕۆشنبیرەکان لە حەقیقەتی کۆمەڵگای ئەوروپا کە مەودایەکی باشیان بڕیوە لەبواری میتۆد و جێبەجێکردنی دیموکراسییەت و  ڕیفۆرمی ڕۆشنگەرییەوە.
لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست، پیاوانی ئایینی وکەنیسە، ھۆکاری ئەو دۆخە ناسەقامگیر و ئەو چینە بۆرژوازییە بوون، کاتێک لەگەڵ پیاوانی دەسەڵات و پاشاکاندا دەستیان ھەبوو لە جۆرێک زیاتر لە خورافیات و کۆمەڵگایەکی دیماگۆژییانە، بەڵام دواتر و لەسەدەکانی ١٣ تاوەکو ١٨ کەبەسەردەمی رێنسانس ناسراوە، ئەرک و بەرپرسیارێتی نوخبەیەک لە رۆشنبیران و نوسەران ھۆکاری ھێنانە کایەی  جوڵەیەکی نوێ بوو تا سەدەی ١٩ کە بە سەردەمی رۆشنگەری وعاقڵمەندی دادەنرێت.
لە ئیتاڵیا "ماکیاڤیڵی" روناکبیر و نوسەر لە تێزێکدا لە کتێبی میر بە داینەمۆی رۆشنگەری ئیتاڵی و پارێزەری پارچەبوونی ئیتاڵی دێت، شۆڕشی رۆشنبیری دەستی پێکرد، لە فەڕەنساش  شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان و ھەوڵ و ماندوبوونەکانی "گالیلۆ و ئاراسمۆس و بڕۆنۆ و تۆماس مۆر و ھتد.." و کەسایەتی و زانا ھاوشێوەکانیان، کاریگەری ئەوتۆیان  ھەبووە لەناویاندا، بەدیاریکراوی "جان جاک ڕۆسۆ" کە لە کتێبی پەیمانی کۆمەڵایەتیدا بە تێزی شۆڕشی رۆشنبیری دادەنرێت و وەک کتێبی ئینجیلی رۆشنگەری وعاقڵمەندی شۆڕشەکانی فەڕەنسا بەرز رادەگیرێت کە دواتر، پریشکی ئەم شۆڕشە تا خۆرھەڵاتی ناوەراست دێت، تا ئەو رادەیەی گەلانی ئەوروپا شانازیی بە تێز و شۆڕشە رۆشنبیرییەکانی فەیلەسوف و نوسەرەکانیانەوە بکەن.

لە ھەرێمی کوردستانیش چەندین نوسەر و رۆشنبیر بوونیان ھەیە، بەڵام پرسیاری حەقیقی ئەوەیە، ئایا ئەم چینە رۆشنبیرە لەکوێی کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارێتی و تەنانەت کایە کۆمەڵایەتییەکانیش، توانیویانە جۆرێک لە ریفۆرم و رۆشنگەری بکەن و بتوانن کۆمەک بە راستینەیی کۆمەڵگای سیاسی و ئەخلاقی  بکەن؟
بەڵام کاتێک دەبینرێت بەشێک لەم نوسەر و رۆشنبیرانە پێگە و زانست و قەڵەمەکانیان بۆ خزمەتی دەسەڵات و بەدەستخستنی سەرمایە بەکارھێناوە و تا رادەی ئەوەش کە دەسەڵاتیش زانست و نوخبە ڕۆشنبیرەکەی کردووە بە موڵکی خۆیان و کاریگەری ئەم ھەڵوێستە پارادیمیانە لەسەر رۆشنبیران و بەتایبەتیش لەسەرکۆمەڵگا، وێرانکەر بووە، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات، کە ئەم نوخبە نوسەر و رۆشنبیرانەی کە سەر بە دەسەڵاتن، ھەست بە ھیچ ئەندێشەیەکی ئەخلاقی و رۆشنبیری بە مانا راستەقینەکەی ناکەن و ھەمیشە ئەرکیان جوانکردنی ناشرینییەکانی دەسەڵات بووە  لەرێگەی دامەزراوە میدیایی و حیزبییەکانەوە.

لە ھەرێمی کوردستان حیزب  دەستی بەسەر زانکۆ و ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەکاندا گرتووە و لە میانەی بیرکردنەوە تەسکە حیزبییەکانیانەوە تەماشای سەرجەم دیاردەکانی زانست و رۆشنبیری دەکرێت، بە واتایەک کە  پارادیمە زانستی و رۆشنبیرییەکان زۆر پێشتر لە زانستی سەردەم و کۆمەڵگاش دابنرێن و ئەوانەشی کە تیایدا خەریکی زانست و مەعریفەن، زیاتر لەناو دیدگای سەرمایە و دەسەڵاتی حیزبیدا بێت بۆ ئەوەی رۆشنگەری و ریفۆڕم نەبێتە بەرھەمی پەرەسەندنێکی رۆشنبیری وەھا کە کۆمەڵگا لە ئاستی شۆڕشدا بێت.
لەپاڵ رۆشنبیران و نوسەرانی حیزبیدا، ھەن ئەو رۆشنبیر و قەڵەم بەدەستانەی کە کەرامەتی رۆشنبیریی و دنیا بینی و پێگە و قەڵەمەکانیان پاراستووە و تاکە ئامانجیان بەردەوامکردنی ھەبوونی کۆمەڵگایەکی رۆشنبیر بووە لە پاراستن و گوزەرانیدا، بەڵام لەبەر کەمی و ریزپەڕی ئەم نوخبەیە نەتوانراوە دەستگرتنە حیزبییەکان و دەسەڵات بەلاوە بنێن و جۆرێک لە شۆڕش بەرھەم بھێنرێت.
بەدرێژایی دەسەڵاتی حیزبی لە ھەرێمی کوردستان لە نوسەران و رۆژنامەنوس و میدیاکار و رۆشنبیرەوە، کۆمەڵگایەکی میدیاتیکیان بۆخۆیان خوڵقاندووە، کە لە پێشخستنی پاوانەکانی چەوساندنەوە و فشارەکانی سەر کۆمەڵگا یارمەتیدەرێکی باش بووە بۆیان، چ وەکو دەسەڵات و چ وەکو حیزبەکان، چونکە زانست و پێنوسەکانی ئەم نوخبەیە بووە بە خودی دەسەڵات و لە ئامانجی دۆزینەوە و لێتوێژینەوەی پەیوەست بە راستینەی سیاسەت و کۆمەڵگا دابڕاون.

لەم دۆخەی ھەرێمدا پێش ھەموو شتێک، ئەرک و بەرپرسیارێتی رۆشنبیران و نوسەرانە لە پێناو لەدەستنەدانی سەربەخۆیی رۆشنبیری و پاراستنی کەرامەتی خۆیان ھەوڵی رۆشنبیری کۆمەڵگا بدەن و کار و خەبات و بۆچونەکانیان بە بەربەستکردن و وەستاندنی ئەم رەوشە بکەنە ئامانجی خۆیان و لە تەواوی ھەوڵەکانیاندا ھەم بەرھەڵستکارێکی گرنگ بن و ھەمیش پێنوس و رەخنەکانیان لە چوارچێوەی رەھەندی بەرخودان و بەگژداچوونەوەی سیستمە شکستخواردووەکەوە بێت، ئەمە ئەو ساتەیە کە تاکە تاکەی حەقیقەتە زێڕینەکان ئەدۆزێتەوە، کە بەدرێژایی دەسەڵاتی حیزبی ھەندێک لە نوسەران و رۆژنامەنوس و رۆشنبیرانی سەر بە دەسەڵات ونیان کردووە و کەلێنی مەزن و ھەڵدێریان خستووەتە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگای دیموکراتی عاقڵمەندییەوە، بۆ ئەوەی چیدیکە ناوی ھەمووان لە مێژوودا بە جوانی بمێنێتەوە و ببنە شانازی و دروستکردنی ھەستی پێزانین بۆنەوەکانی داھاتووش.