سەردێڕ:

جەنگەكە لە كۆرۆنا دەبەینەوە

3/22/2020 7:15:29 PM
10115 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

ژیان دووبارە بوونەوەیەکی بەردەوامە، ھەندێجار بریسکە و روداوی تراژیدی کورتخایەن زیندو ئەبێتەوە، بەڵام ھەرزوو ئەو بریسکە و ڕوداوانە وون ئەبن  و زۆر خێرا گۆڕانکارییەکان ڕووئەدەن وخەندەیەکی ئەبسورد لەگەڵ خۆی دێنێت و سەرلەنوێ مرۆڤایەتی لە ڕۆژێکی بەختیارەوە وزەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

ئەوەی گرنگە لە ئێستادا، ئەوەیە کە بزانین ئێمە لە چ حاڵ و قۆناغێکداین، چۆن بتوانین جەنگێک بەرپا بکەین کە توانای دروستکردنی ئاشتییەکی درێژخایەنی ھەبێت و دوا ڕۆڵی خۆمان ببەخشینە سەرکەوتنێکی مێژوویی، ئێمەی مرۆڤ نابێت ھیچ کات خۆمان بە لاواز بزانین، چونکە ئەو ھێزەی لە ناخماندایە توانای ئاشناکردنمانی ھەیە بەوەی کەچۆن بەھا و توانای راستەقینەی خۆمان بسەلمێنین، ئەگەر لەسەر بنەمای راستییە گشتییەکانی ھێزی مرۆڤبونمان ئەنجامی بدەین.

ئێمەی مرۆڤ ئێستا دو بژاردەمان لەبەردەستە، یان تەسلیمبون، یان بەرخۆدان بەرامبەر بە ڤایرۆسێکی نەبینراو، کەدانپێنانی تاڵە بەڵام راستییەکە و یەخەی مرۆڤایەتی گرتووە، ئەمە ساتێکە دەبێت ھەرەزێدە بەرامبەری وریا و ھەستیار بین.

ئەمە رەوشێکی بێ رەحمانەیە، کە ڤایرۆسێک روبەڕووی مرۆڤایەتی کردووەتەوە بۆیە جگە لە حساب بۆ کردنێکی راستی لەڕێگەی بەرخودانەوە لەم جەنگەدا، لەڕێگەی جێبەجێکردنی ھەموو شارەزاییەکانی  خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکانەوە چارەیەکی دیکە نییە، بۆیە بەرفراوانترین خۆرێکخستن لەم جەنگەدا زیاتر دەرفەتی سەرکەوتنی گەورە ئەھێنێتە مەیدان، تا بتوانرێت پێکەوە  ڕۆڵێکی دیاریکەر ببینین لە پێکھێنانی تاک و کۆمەڵگایەکی  تەندروستانەی خاوەن توانستێکی بەرزی روبەروبونەوەدا.

توانست و ئیرادەی ئێمەی مرۆڤ لەم جەنگەدا یادگاری قۆناغێک دەبێت لە داھاتوودا، کە ئێمەی مرۆڤ چۆن توانیومانە بەچەکی دەستمان کە خۆپارێزی و گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانە، قۆناغێکی دژوارمان تێپەڕاندووە، بێگومان تێکۆشانی بەردەوامی ئێمە بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا  ”کۆڤید ١٩”  ڕێگا لە پێش گۆڕانکاری گرنگ و بایەخدار ئەکاتەوە، چونکە مێژوی مرۆڤایەتی  روبەڕووی چەندین قۆناغی ھاوشێوە بووەتەوە و سەرلەبەریانی سنوردارکردووە و لەبەرتەسکترین کەلەبەرو زانستی ئەو سەردەمانەشدا تەنگەتاوی کردوون و لەناوی بردوون، بۆیە گومانی تێدا نییە پێشکەوتنی زانستی سەردەم و ھوشیاری ئەمڕۆکەی مرۆڤ دەتوانێت ئەم نێوەندە زەمەنییە بکاتە ڕاگوزەرییەکی دیکەی مێژوویی.

بەگشتی مرۆڤەکان کارەکتەری شارستانییەتەکانی سەردەمی خۆیانن، ئێمەی مرۆڤ ناتوانین  بیسەلمێنین کە شۆڕش و بەرخودانە مرۆییەکان لە قۆناغە سەختەکاندا میراسێکیان بۆ بەجێنەھێشتوین، چونکە ئەگەر میراس و ئەزموونەکانی ئەوان نەبونایە، ژیانی ئێستای ئێمە ھیچ مانایەک و بونێکی نەبوو، بۆیە پێویستە ئێمەی مرۆڤی سەردەم لەوەھا قۆناغێکدا کە لەسەردەمێکی بێ ھاوتای زانستداین لەچاو سەردەمانی ڕابردوودا، ڕەوابونێکی خێرا بە چەکی زانستگەرایی و ئیرادە و توانای خۆمان بدەین و ئەوەی پێویستە  بیکەین لەم جەنگەدا وبیسەلمێنین ئەوەی لە سەردەمی کۆڤید ١٩شدا ئەژی، دیسانەوە سەپاندنی ھێز و توانای مرۆڤایەتییە، کە ھەمیشە رەقیبەکانی خۆی لەناو دەبات و دەکەوێتەوە مەیدانی بەردەوامی ژیانەوە.

لە کۆتاییدا، پێویستە ئەوە بەبیر بھێنمەوە کە ئێمەی مرۆڤ و بەنی ئادەم بڕوای تەواومان بەو ئایەتەی خوای گەورە ھەبێت کە فەرموویەتی:

(فٳن مع العسر یسری ٭ ٳن مع العسر یسری).

واتە بەڕاستی و بە دڵنیاییەوە لە گەڵ ناخۆشی و ناڕەحەتییەکاندا، خۆشی و ئاسانی بە شوێنییەوەیە بەردەوام.