سەردێڕ:

کۆرۆنا و زاڵبون بەسەر ترسدا

2/24/2020 5:55:00 PM
15205 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێک و پرسێکی ڕۆژ بوە بە راستییەک کە بوونی ھەیە، وڵاتان بەتایبەت رێکخراوی تەندروستی جیھانی لە ھەوڵی پلاندان لە دژیدا و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەم ھۆیەوە توشی جۆرێک لە ترس بۆتەوە و دورنییە خودی ئەم ترسە لە لای کەسانی ترسنۆک لە بری خۆپارێزییان ببێتە واقعێکی سەپێنراو بەسەریاندا، بۆیە ئەوەی پێویستە زاڵبونە بەسەر ئەو ترسەدا و پەنابردنە بۆئەوەی دەسەڵاتی خۆی لە روی خۆپارێزییەوە زیاتر بکات و دڵ ڕەقتر و نەرجسی تر بێت بەرامبەر بە نەخۆشییەکە و لە جیاتی ئەوەی یەک ھۆکار بدۆزێتەوە بۆ ئەگەری توشبون بەو ڤایرۆسە دەیان ھۆکار بدۆزێتەوە بۆ ڕوبەروبونەوەی بۆ ئەوەی سەرەتا پارێزگاری لە تەندروستی مێشکی بکات و ئەم حاڵەتەی بەرەو ئەو دەرەنجامانەی نەبات کە نەتوانێت خودی خۆی ببێتە ئەڵتەرناتیڤی واقیعی ڕوبەروبونەوەی ئەو ترسە و توشبون بە ڤایرۆسەکە .

ئەم ڤایرۆسە واقعییەی کە بەرۆکی زۆرینەی وڵاتانی گرتوە مرۆڤایەتی لە ژێر تاقیکردنەوەیەکدا ھێشتۆتەوە بۆ ئەوەی ڕادەی زانین و بەرگەی ئەو ئازار و نارەحەتییە وەربگرێت کە دووچارییان دەکات بێگومان ئەمە یەکەمین ڤایرۆس و دواھەمین ڤایرۆسیش نابێت ئەگەر بە مێژوودا بچینەوە لێرەدا بەراشکاوی ھاتنی ئەم ڤایرۆسانە ئەوەمان بۆ دەرئەخات کە ژیان بەھەرچۆنێک گوزەرابێت نەیتوانیوە واقع بۆ وەھم بگۆڕێت کاتێک جگە لە دەسەڵات و ویستی خۆی سەپێنراوە بەسەریدا، بۆیە ھەمیشە ھەستی بەرەنگاربونەوە و خۆ ئامادەیی وایان لێ دەکات جۆرێک لە یەقین دروست ببێت و لە ھەموو ئەو گومانانە ڕزگاریان بکات کە ئەم جۆرە ڤایرۆسەش لەوانی دیکە زیاتر کاریگەری نابێت و ھەتایی نییە.

ئەوەی گرنگە ئەو راستییە گرنگەیە کە ھەریەکێک لە ئێمە ئالیەتی کۆنتڕۆڵکردنی خودمان ھەبێت چ لە ڕوی ترسەوە چ لە ڕوی بەرەنگاری ڤایرۆسەکەوە لە ڕێگەی ڕێنماییەکانی تەندروستییەوە بۆ ئەوەی وزەی پێویست کە ھانی ڕوبەروبونەوەیمان ئەدات لە ناخ و واقیعی ژیانمان دروست بکات و سەرەنجام ھەموان پەیوەندی بە واقیعەوە بکەین ئەمەش دەبێتە کەمکردنەوە و سنوردارکردنی ڕێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە.

ئەوەی جێگای بایەخ و سەرنجە فراوانکردنی سنوری ھۆشیارییە، چونکە فراوانکردنی سنوری ھۆشیاری وا لە تاک دەکات  ھەمو شتێک مرۆڤانە لێک بداتەوە، ئەو توانای ڕاستی لێکدانەوەی ھەیە بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا مرۆڤێکی دەستە وەسانە یاخود مرۆڤی داھاتوە، بۆیە بەدڵنیایەوە کاتێک ترس لە ڤایرۆسەکە و ناھۆشیاریمان بەرامبەری ناتوانین خۆمان ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین چاوەرێی ساتێکی نوێ و باشتر بکەین، چونکە ئەوەی لە ئەنجامی بێھیوابون و ترسەوە دروست ئەبێت نابێتە ئەو یاسایەی کە ئامانج لێی مانەوەی ژیانە لای مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و بە بەرنامە کە لە ساتەکانی بەرگریکردنیشیاندا ھیچ بیانویەک نەبۆتە پاساو بۆ شکستیان، چونکە عادەتەن ھەر مرۆڤێک لە پێشکەشی ھەڵوێست و وزەی خۆیەوە لە رێگەی رێنمایی تەندروستی و زاڵبون بەسەر ترسدا لەو ھێرشە دوژمنییە سەرکەوتوبێت کە ڤایرۆسی کۆرۆنایە ، بۆیە نابێت ترسی لۆژیکی لەو مەترسییە واقیعییەی کە لە بەردەمماندایە ببێتە ھۆی سەرھەڵدانی ترسە ئاکارییە.