سەردێڕ:

ئاسۆی ڕوانین و سێبەری گۆڕانکارییەکان

11/19/2019 12:35:40 PM
3118 جار خوێندراوەتەوە
کەمال محەمەد
+ -

لە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیھانیدا تا دێت جیھان بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوین بەتایبەت گۆڕانکاری گەورە بە خۆیەوە ئەبینێت، خودی سیستەمی سەرمایەداری ھەمیشە ناوەندی شۆڕش و دژە شۆڕشەکانی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێھێناوە، ئەمەو جگە لە شەڕە ئایینی و مەزھەبییەکان کە بەردەوام کۆمەڵگای دوچاری شەڕ و پێکدادان کردوە لەنێوان خۆیانداو سەرەنجام دەسەڵات سیستەمی سیاسی سەرمایەداری ھێزی زیاتری خۆیان بەدەست ھێناوە لە ئەنجامی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمە توندەڕەوەوە.

زۆرینەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستی ئەمڕۆ بوە بەو کێکەی ڕۆژئاوا و ھەردو جەمسەری جیھانی شەڕی لەسەر بکەن، ”نیال فێرگستۆن ”خاوەنی کتێبی شارستانییەت و ھەژمونی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژھەڵاتدا بۆ یەکێک لە فاکتەرەکانی ڕکابەرایەتی شۆڕشی زانستی ئەگەڕێنێتەوە.

ئێستای گەلانی ناوچەکە گەشتونەتە ئەو بڕوایەی چیدیکە ئیسلامی سیاسی و خاوەن مەزھەبییەکانی ناتوانن دەستەبەری ژیانێکی ھاوچەرخ و یەکسانیان بۆ فەراھەم بکەن، بۆیە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ئێران و عێراق ھەوڵێکی زۆر و بەھێز بۆ دەربازکردنی ئەو  لاوازییانە ھاتۆتە گۆڕێ کە ئەمڕۆی گەلانی تێدا داناوەو ھەردەم لە جیاتی ئەوەی دیسپلینی رێکخستن و عەقڵییەتی وەک پێویستییەکی ژیانی ئازاد ببینین ھەمو کات لەلایەن دەسەڵاتدارنییەوە کۆنتڕۆڵ کراون.

گرنگی و جیاوازی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی گەلانی ناوچەکە تا دوا ڕادە لەو پێناوەدا گونجاو لەبارە کە داواکارییەکانیان ئەو ئامانجە بەدی بێنێت کە گەلێکی ئازاد ھەوڵی بۆ ئەدات و ھەر جۆرە تواناو دەرفەتێکیان بۆ گۆڕینی ژیان و گەڕانەوە بۆ عەقڵانییەت و گۆڕانی کردار گەرایی و بەدەستھێنانی مافەکانی تاک و کۆمەڵگایەکی ئازاد و دەنگی دلێر و ڕاپەڕیویان لە بەرژەوەندی گەل بشکێتەوە.

سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ڕاستینەیی کۆمەڵگای لە ساتی ئێستادا خنکاندوەو بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ لەرێگەی چەواشەکردن و پەردەپۆشکردنەوە لەھەوڵدایە پەیوەندییەکانی کۆمەڵگا بە مێژوو و ڕابردوەوە داببڕێت و ھێندەی دەستی پێ بگات لەسەرجەم راستییەکانی حەقیقەتی کۆمەڵگا دوری دەخاتەوە، دەمەوێت بڵێم دورنییە بەرژەوەندی سەرمایەداری ببێتە ھۆکار بۆ ڕێککەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و وڵاتان و سەرەنجامیش  خوێنی ھەمو ئەوانەی لە ھەوڵی خۆ ڕزگارکردنیان بون لە سیستەمە سەرمایەدارییەکە بە فیڕۆ بچن و دواجار ڕزگاری ژیانی گەلانیش بکرێتە قوربانی.

ئاسۆی ڕوانینی گەلان بۆ دەسەڵات وچۆنێتی دەستەبەرکردنی مافەکانیان بۆ جێگیرکردنی ژیانێکی کۆمیۆناڵە لەسەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵگادا, بەتایبەت کۆمۆنە ئابورییەکان چونکە نەریتی ئابوری کۆمیۆناڵ ڕۆڵی سەرەکی لە کۆمەڵگایەکی سەردەم و یەکساندا دەبینێت و ھەروەھا ڕێگای ڕزگاری لە ھەژمونی سەرمایەداری جیھانی دەکاتەوەو لە ھەمو جۆرە قۆرغکاری و چەوسانەوەیەک دەربازی ئەبێت، بۆیە ئەو خاک و کۆمەڵگایانەی کە ئەیانەوێت لە ھەژمونی سەرمایەداری وسیاسەتەکەی ڕزگارییان بێت پێویستە گەورەترین شۆڕش لە بەرامبەر مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەنجام بدەن.

بێگومان نەخشەو ستراتیژی زلھێزەکان لەمیانەی سیاسەتیان لە مێژە ئەو ئاستەیان دەرباز کردوە کە مرۆڤایەتی و ژینگەکەی قوت بدەن، بۆیە بەردەوام کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست دوچاری ھەمان ئەو وێرانکارییانە ھاتون کە دنیای سەرمایەداری بە سەریدا سەپاندون و ھەمیشە لە ھەوڵدا بون کێشەی بێ چارەسەری لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناویندا ھەبێت، بۆیە لەو بڕوایە داین کە پێویستە گەلانی ناوچەکە لە ئەگەری گۆڕانکارییەکان ئاگاداری ئەوە بن گۆڕینی قیبلەکانی نوخبەیەکی سیاسی دەسەڵاتداران لەسەر ھەمان ھێز و بیرکردنەوەیان دوبارە ئاواکردنەوەی پاوان و قۆرغکارییە بە گوێرەی زھنییەت و بەرژەوەندییەکانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری زلھێزەکان و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و سەرلەنوێ نەبێتەوە ھەژمونی سە رمایەدارییە لەسەر ھەرێمی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست ، چونکە ھەر بێ ئاگایی و نەبونی ڕێکخستنێک لە رودانی ھەر گۆڕانکارییەک و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستدا بەشی گەلان دوبارە ڕەگ داکوتانەوەی ناچارەسەری و قوڵکردنەوەی زیاتری کێشەکان ئەبێت.