سەردێڕ:

جیاوازیی فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەت و مافیاوە

8/4/2020 3:50:18 PM
9456 جار خوێندراوەتەوە
د.کازم فاروق
+ -

عێراق خۆی شەریکەی بەدواداگەڕان و دۆزینەوە و ھەڵکەندن و بەرھەمھێنان و نقڵ و پاڵاوتن و بەبازارکردنی نەوتی ھەیە، بۆیە خاوەندارێتی و موڵکداری بیرە نەوتەکانی عێراق ھی دەوڵەتی عێراق و خەڵکەکەیەتی.

بەڵام ھەرێم ھەموو ئەوانەی داوە بە کۆمپانیا ئەھلیەکان (کۆمپانیا ناوخۆییەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی، یان ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەی کە ژێربەژێر شیرینی چاکیان دەدەنێ)، بۆیە خاوەندارێتی کەرتی نەوت لە ھەرێم ھی خەڵک و حکومەت نیە، بە کوردییەکەی ئەم دوو حیزبە نەوتەکەیان بە بیرەکانەوە تاڵانفرۆش کردووە.

بۆیە لە عێراق ئەگەر بەرمیلێک نەوت بە ٤٥ دۆلار بفرۆشرێت ئەوا زیاتر لە ٤٠ دۆلاری سافی دەمێنێتەوە و دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و دەدرێت بە موچەی خەڵک و ھەندێک پرۆژە.

بەڵام ھەمان بەرمیل نەوت کە ھەرێم دەیفرۆشێت نزیکەی ٢٠ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە، ئەویش بەشێکی بەناوی قەرزی کۆمپانیای نەوت و دۆڕاندنی محکەمە و سپیکردنەوەی پارەوە دەدزرێت و چەند دۆلارێکی کەمی دەنێرن بۆ وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی ٦٠ رۆژ جارێک نیو موچە بدەن بە خەڵک.

ھەمیشە حکومەتەکان لە ھەوڵی ئەوەدان چۆن زۆرترین قازانج بە میللەت بگەیەنن، بەڵام مافیا لە ھەوڵی ئەوەدایە چۆن زۆرترین قازانج بە خۆی بگەیەنێت، بەبێ گوێدانە وەزعی خەڵک. ئەمەش ئەو ھۆکارەیە کە ئەم دەسەڵاتە رووی نایەت حەقیقەتی عەقدە نەوتییەکان بخاتە بەردەستی پەرلەمان و خەڵک، چونکە رووە رەشەکەی خۆیان و نەوت فرۆشتن و ئابووری سەربەخۆیان دەردەکەوێت.

چارەسەر

بەڕاستی ئێمە باوەڕمان بە چاکسازیی و شتی ئەمانە نیە، چارەسەر کۆتاییھێنانە بەم تاڵانیەی کە سەرانی ئەم دوو حیزبە دەیکەن و مەلەفی نەوت لە ژێر دەستی ئەمانە نەمێنێت و نەوت نەفرۆشن، بەڵکو لە بەغداوە وەکو ساڵانی پێش ٢٠١٤ موچە و بژێوی خەڵک زەمان بکرێت و دابین بکرێت، ھەر وەکو چۆن لەو دەستورەشدا ھاتوە کە زۆرینەی خەڵک دەنگی پێداوە.