سەردێڕ:

کلاسیکۆکان و زەرورەتی بوونی ئۆپۆزسیۆنی نوێ

8/19/2019 12:31:18 PM
3018 جار خوێندراوەتەوە
د.کازم فاروق
+ -

زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە تا پێویست بە وەبیرھێنانەوە بکات کە چۆن لەدوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ چاککردنەوەی پردەکەی سماقوڵی (کە زیاتر لە دوو ساڵ بوو حکومەت چاکی نەدەکرد) راستەوخۆ دەسەڵات کەوتە پیلانگێڕی دژی ئەم گەنجە و دەستگیریکرد. ئەوکات ھەندێک پێیان وابوو کە بەھۆی قسە و لێدوانەکانی ''شاسوار عەبدولواحید'' ەوە دەسەڵات قەڵس بووە و تۆمەتی بۆ دروستدەکات و دەستگیری دەکات. بەڵام ئەوانەی وردتر سەیری بابەتەکەیان دەکرد دەیانزانی کە دەسەڵات چیتر بە قسە تەڕنابێت، بەڵکو ئەم شێوازە نوێیەی ئۆپۆزسیۆن بوون کە حکومەت ناچاردەکات خزمەتی خەڵک بکات نامۆیە و دەسەڵات تەحەمولی ناکات.

دوایین دەستپێشخەری ئەم گەنجە چاککردنەوەی تونێلە سامناکەکەی دەربەندیخان بوو. خۆم چەند جارێک ھاتوچۆم بەو تونێلەدا کردووە و بەراستی جورئەتی ئەوێت پێیدا برۆیت. حکومەت و دەسەڵاتێکی لاموبالاتی وەکو ئەمەی خۆمان نەبێت، ھیچ حکومەتێکی دنیا رێگەنادات ژیانی ھاوڵاتییەکانی بەو شێیوەیە بخاتە مەترسیەوە.

ھەرچەندە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ساڵی جارێکیش ئیشی بەو تونێلە نیە، بەڵام ھەستی خزمەتکردنی خەڵک وایلێکردووە کە ئامادەبێت لەسەر ئەرکی دارایی و بە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێ چاکیبکاتەوە.

بەھەرحاڵ ئەوەی لێرەدا ڕوونە ئەوەیە کە ئەم کلاسیکۆیەش بە قازانجی خەڵک تەواوبوو و دڵنیام ھەر کلاسیکۆیەکی دیکەش لەنێوان سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و دەسەڵاتدا ئەنجامبدرێت دواجار خەڵک لێی سودمەند دەبێت و ''شاسوار عەبدولواحید'' یش لەسەر دەستپێشخەریەکە دەستگیر دەکرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە گەنجێک کە لەھیچی کەم نیە و ئەوەی خۆشی دنیابێت ھەیەتی، چی داوە لەم سەرئێشەیە؟ دوای ئەو ھەموو کێشە و دەستگیرکردنە ھەرکەسێکیتر بووایە ئێستا وازی دەھێنا و تەسلیم دەبوو، بەڵام ئەم گەنجە و ھاوڕێکانی بەردەوامن و شێوازێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن بوونیان داھێناوە کە بەردەوام خەڵک لێی سوودمەندە.

زۆربەی وڵاتان بە پشتگیریکردنی ئەم جۆرە گەنجانە پێشکەوتوون و گەیشتوون بەم خۆشگوزەرانیەی ئەمڕۆیان، بەپێچەوانەشەوە سەرکوتکردنی ئەم جۆرە گەنجانە ولات ھێندەی تر وێران دەکات. ئیتر ئاشکرایە کە ئەگەر خەڵک پشتگیری زیاتری ئەم گەنجە بکەن ئەوا دەتوانێت دەستپێشخەری گەورەتر و خزمەتی زیاتر بە خەڵک و وڵات بکات.